تەڵەی ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو، سەکۆی مانەوەی دەسەڵات

تەڵەی ئۆپۆزسیۆنی دروستکراو، سەکۆی مانەوەی دەسەڵات

جار بینراوە: (2.1K)

زانیار خەلیل – چالاکوان

لە هەرێمێکدا کە هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لەژێر پەردەی دیموکراسیەکی ڕووکەشدا بەڕێوەی دەبەن، دروستکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کارتۆنیەکان بووەتە یەکێک لە پیلانە دووبارەبووەوەکان بۆ لەناوبردنی ورەی جەماوەری ناڕازی. هەرکاتێک شەقام لە ئەنجامی گەندەڵی، قۆرغکاری ئابووری، نادادپەروەری دەگاتە لوتکەی تووڕەبوون و بێئومێدی، دەسەڵاتی حوکمڕان لە ترسی تەقینەوەی جەماوەری، پەنا بۆ دروستکردن قەوارەیەک دەبات کە ڕووکەشەکەی دژایەتی دەسەڵات بێت، بەڵام ناوەرۆکەکەی پارێزەری مانەوەی هەمان دەسەڵاتە.

ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە دروستکراوانە، بە درووشمی توند و گی بریقەدار دێنە مەیدانەوە بۆ ئەوەی سەرنجی شەقامی ناڕازی بۆخۆی ڕابکێشن و وزەی شەقام لە خۆپیشاندان و گۆڕانکاری ڕیشەییەوە بگوازنەوە بۆ ناو پەرلەمان و کورسی و ئیمتیازاتە حیزبییەکان، بە جۆرێک کە لە کۆتاییدا دەردەکەوێت ئەوان تەنها لقی دووەمی هەمان حیزبی دەسەڵاتدارن و ئەرکی یان نەهێشتنی هەر دەنگێکی ڕاستەقینەی ئازادە. دروستکردنی ئەم جۆرە قەوارانە لەپاڵ فریودانی خەڵک، دەبێتە هۆی پچڕاندنی پەتی متمانە لە نێوان هاووڵاتی و هەر هەوڵێکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاریدا، تاکو لە ئەنجامدا تاکی کورد هەست بە بێهیوایی بکات و واز لە داواکردنی مافەکانی بهێنێت.

لە ئێستادا، ماسکی ئەم لایەنە ئۆپۆزسیۆنانە بە تەواوی کەوتووە و بۆ کۆمەڵگە ڕوون بووەتەوە تەواوی ئەو پارتانەی بە ناوی گۆڕانکاری و بەرگری لە مافەوە دێنە پێشەوە، لە کاتی دابەشکردنی دەستکەوت و پۆستەکاندا بێشەرمانە دەبنە بەشێک لە سیستمی حوکمڕانی بنەماڵەیی و درووشمە زەقەکانیان دەبنە نوسینی سەر بەفر.

 ئەم دووڕووییە سیاسییە وایکردووە هاووڵاتییان لە هەموو

پرۆسەیەکی سیاسی سارد ببنەوە، چونکە دەبینن چۆن ئەو کەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان خۆیان بە هەڵگری ئاڵای دژایەتی ستەم دەناساند، ئێستا بوونەتە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمی بنەماڵەیی و هاوکار بۆ دريژەدان بەو ستەم و گەندەڵییەی کە خەڵک قوربانی دەستیەتی.

سەڕەڕای هەموو ئەم تاریکییە، لە دیدی مندا هێشتا کۆمەڵێک دەموچاو و کەسایەتی پاک و خەمخۆر لەناو کۆمەڵگەی کوردستاندا هەن کە تا ئێستا لەناو خەڵکدا خۆشەویستن و لەبەرەی خەڵک دانەبڕاون، ئەوانەی کە سەرباری فشار و چەواشەکارییەکان، دەنگ و هەڵویستیان نەگۆڕاوە و دەستکاری ویژدانیان نەکراوە. هیوادارم  ئەم دەموچاوە ڕاستەقینانە لە ئاییندەیەکی نزیکدا هەنگاوی بوێر بنێن بۆ ئەوەی پێکەوە دەست لە ناو دەست بەرەیەکی موعارەزەی ڕاستەقینە و نیشتمانی دروست بکەن، بەرەیەک کە دوور بێت لە پاشکۆیەتی حیزبی و بازرگانیکردن بە ئازاری خەڵکەوە. ئەمە ئەو هیوایەیە کە دەتوانێت متمانە بۆ شەقامی ناڕازی بگێڕێتەوە.

بابەتى تر


👤
Live: 127 Today: 1,893 📊 Click Here