18 توێژەری زانکۆی سلێمانی ناویان چووە لیستی زانایانی لوتکەی جیهان

18 توێژەری زانکۆی سلێمانی ناویان چووە لیستی زانایانی لوتکەی جیهان

جار بینراوە: (34)

-

بەهۆی ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستیی کاریگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، 18 مامۆستا و توێژەری کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆی سلێمانی توانییان ناوی خۆیان لە لیستی زانایانی لوتکەی جیهاندا تۆمار بکەن.

لە لێدوانێکدا سەبارەت بەم سەرکەوتنە، پ.ی.د. پشتیوان عوسمان، لە سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند: “وەک کۆمەڵێک توێژەر لە کۆلێژە جیاوازەکانی زانکۆی سلێمانی، بەهۆی ئاستی بەرز و کاریگەریی توێژینەوەکانمانەوە توانیمان بگەینە ئەم ئاستە یە؛ ساڵانە زانکۆی ستانفۆرد کاتێک ریزبەندیی توێژەرانی لوتکە (Top 2%) لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەکاتەوە، زانکۆی سلێمانی بەردەوام نوێنەری لەو ئاستەدا هەبووە، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی توێژەران بەراورد بە ساڵانی پێشوو گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 18 توێژەر، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری رانکینی زانکۆکەمان”.

ئەم دەستکەوتە زانستییەی توێژەران کە وەک سەروەرییەکی گەورە بۆ زانکۆی سلێمانی، هەرێمی کوردستان و عێراق هەژمار دەکرێت، پێشوازیی سەرۆکایەتیی زانکۆشی لێکەوتەوە؛ بە جۆرێک پ.د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە دیدارێکدا وێڕای دەستخۆشی لە کارە سەرکەوتووەکانیان، رێزلێنان و سوپاسی سەرۆکایەتیی پێبەخشین لە پای ئەو خزمەتە گەورەیەی بە کەرتی زانست و بەرزکردنەوەی ناوی زانکۆکەیان کردووە.

لای خۆشیەوە، پ.ی.د. پشتیوان عوسمان ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکایەتیی زانکۆ هەمیشە هاوکار و پاڵپشتی کارە زانستییەکانیان بووە و ئەم هەنگاوانەش فاکتەرێکی گرنگن بۆ هاندانی زیاتری توێژەران لە بەردەوامیدان بە پرۆژە زانستییەکانیان.

بابەتى تر


👤
Live: 114 Today: 1,268 📊 Click Here