«گەورەترین دەستکەوتی پیشەسازیی نەوتی هەرێم

«گەورەترین دەستکەوتی پیشەسازیی نەوتی هەرێم

جار بینراوە: (40)

مةروان عبدالباقي أحمد

لە لاپەڕەکانی مێژووی حوکمڕانیی هاوچەرخدا، ڕەنگە هیچ ڕژێم و سیستمێک نەبووبێت توانیبێتی وەک کابینەکەی مەسرور بارزانی و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، «سامانی سروشتی» لە نێعمەتێکەوە بگوێزێتەوە بۆ ئامرازێکی سەرسوڕهێنەری کۆنترۆڵکردن و بێڕێزیکردن بە کەرامەتی هاوڵاتییان. کاتێک بە شانازییەوە بڵندگۆکانی دەسەڵات باسی «پیشەسازیی سۆپەر-مۆدێرنی نەوت»، «کۆنترۆڵکردنی بۆرییەکان» و «سەربەخۆیی ئابووری»یان بۆ ڕای گشتی دەچڕی، خەڵکی سادە و گۆشەگیر باوەڕیان وابوو کە ڕۆژێک دادێت ئەم نەوتە بڕبڕەی پشتی خۆشگوزەرانی و گەشەی نیشتمانی بێت. بەڵام دوای دەیان ساڵ لە بەتاڵکردنەوەی ژێرخانی وڵات و فرۆشتنی ملیۆنان بەرمیل، گەورەترین دەستکەوتی مەیدانیی ئەم پیشەسازییە، نەک دروستکردنی ژێرخانی بەهێز، بەڵکو هەژارکردنی ئەنقەست و ڕێکخراوی کۆمەڵگە بوو تا ئەو ئاستەی هاوڵاتییان تەواوی مافە سیاسی، ئازادی و نیشتمانییەکانی خۆیان لەبیر بچێتەوە و ببنە جەنگاوەری ڕۆژانە لەسەر چەند لیترێک بەنزین و قۆپچەیەکی نەوتی زستان!

ئەمە ستراتیژێکی خنکێنەر و زۆر بەئەنقەستە: کاتێک خەڵک لە ئاستی ئابووریدا ئەوەندە دەستکورت و ڕووت دەکرێنەوە کە نیوەی تەقەلای ڕۆژانەیان تەنها بۆ دابینکردنی گەرمیی ژوورەکەیان یان پڕکردنی تانکیی ئۆتۆمبێلەکانیان تەرخان بکرێت، ئیدی کات و وزەیان بۆ ئەوە نامێنێتەوە پرسیار لە چارەنووسی ملیارەها دۆلاری ونبوو، تاڵانیی ناوخۆیی و داڕمانی یاسا بپڕسێن. لە جیاتی ئەوەی نەوت بێتە مایەی سەربەخۆیی فکری و دارایی، بووەتە زنجیرێک بە گەردنی هاوڵاتییەوە تا هەمیشە دەستەمۆ بێت و چاوی لە دەستی بەخشندەیی دەستەڵاتداران بێت بۆ کوپۆنێک یان داشکاندنێکی ڕووکەشانە. ئەم کەمکردنەوەیەی خەونی نەتەوەیەک لە «سەربەخۆیی و گەشە»وە بۆ «دابینکردنی بەنزینی کوالیتی نزم»، شەرمەزارییەکی سیاسیی هێندە گەورەیە کە بە هیچ نووسراوێک و بە هیچ گێکی دیپلۆماسی پاک نابێتەوە.

کۆتایی ئەم گەمە دراماوییەی پیشەسازیی نەوت، ڕاستییەکی زۆر تاڵمان بەڕوودا تەقێنێتەوە: سیستمێک کە بەرهەمی دەیان ساڵە لە سەرمایەی سروشتیی خاکەکەی، تەنها دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی برسی و دەستکورت بێت کە لەسەر خەزێنەی نەوت شەڕی سووتەمەنی بکات، نەک هەر لێهاتوویی سیاسی نییە، بەڵکو گەورەترین تاوانکاریی ئەخلاقییە لە مێژووی ئەم نەتەوەیەدا.

بابەتى تر

👤
Live: 69 Today: 2,003 📊 Click Here