گەمژانە تێگەیشتن لە ئۆپۆزسیۆن

گەمژانە تێگەیشتن لە ئۆپۆزسیۆن

جار بینراوە: (1.2K)

زۆرێك لەوانەی دەست و پێوەندی ستەمكاری و نادادین و ڕێگرن لەوەی گۆڕانی ئەرێنی لە كۆمەڵگەو حوكمڕانیدا دروست بێت هەمیشە خەریكی دوو كارن، دوو كاری قێزەون و ناشرین، یەكەم هەمیشە بە دەسەڵات دەڵێن ئەم بەڕێوەبردنەی تۆ زۆر جوامێرانەیەو ئەمە جوانترین و ناوازە ترین حوكمڕانیە لە دنیاداو بەردەوام دەسەڵات بەو جۆرە دەگەوجێنن كە كەم و كوڕی و كێماسی خۆی نەبینێت، خاڵی دوەمیش هەمیشە ئەوانەی ڕەخنە دەگرن و داوای دنیای باشتر دەكەن لای دەسەڵات وەك دوژمن و نەیار وێنا دەكەن و دەیانەوێت بەردەوام ئەو كەسانە ناشرین بكەن كە پێێیان وایە دەكرێت بەڕێوەبردنی نیشتمان باشترو باشتر بكرێت نەك خەراپ و خەراپتر .

بەلای ئەو گروپ و تاقم و دەستەیەوە كە ئەركیان فوكردنە دەسەڵات و ناشرین كردنی ڕەخنەگرانەئۆپۆزسیۆن لە حزب و میدیا كورت دەكرێتەوە و گشتە خەڵك و ناڕەزایی گشتە خەڵك نابینن و هەمیشە ناڕەزایەتی بێبایەخ دەكەن و دەڵێن ئەوانەی ناڕەزان یان نەیای خۆ بەڕێوەبەرین یان پیاوی ئەم و ئەون، جا خۆش ئەوەیە كاتێك پیاوانی دەسەڵات سەردانی دەرو دراوسێ دەكەن ئەم تایپە دەكەونە بە شان و باڵ هەڵدان و سەردان و تەنانەت دانانی ئاڵاش جا بچوك بێت یان گەورە بە كوردایەتی و جوامێری بە خەڵك دەفرۆشن، كەچی ئەگەر ڕەخنەگرێك دوو قسە لەبارەی ئەوانەوە بكات بە پیاوی ئێرانی و سەفەوی و شتی لەو جۆرە ناوی دەبەن، یانی ئەگەر خۆیان بچنە جانقایەو كۆشكی سوڵتان ئەردۆغان و مەزاری ئیمام كوردایەتیەو ئەگەر ڕەخنەگرێكیش یڵێت پشتی چاوتان برۆیە بە پیاوی ئەوان لە قەڵەم دەدرێت.

ئەوان ئۆپۆزسیۆنی هەقیقی وەك خۆی نابینن، هەروەها ئەركی ئەوەشیان پێ سپێرداروە بەردەوام پەلاماری هەموو ئەو حزب و دەستەو ڕەخنەگرو بەرهەڵستكارە ئەرێنیانە بدەن كە داوای سبەینێیەكی باشتر دەكەن ،ئەمەبۆ خۆی تێگەیشتنێكی زۆر گەوجانەیە لە ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئەمە بە دوژمن كردنی ئۆپۆزسیۆنە، بە داخەوە حزبگەلی دەسەڵات لە بری گوێ لەوانە بگرن كە عەیب و عارەكانیان دەبینن، گوێ لە ماستاو چی و لەبلەبان و كەوی كراوە گیرفاندارەكان دەگرن، ئەوانەی لە كوێ بۆنی دۆلارو نەوت و چەوری بێت لەوێن و هەرگیز لە گەڵ دەسەڵات نین بۆ گیرفان و گەدە و گەڵ نەبێت، هەر وەك چۆن عەلی ئەشرەفی دەروێشیان لە ئاگر لە كتێبخانەی مناڵاندا وێنەی یەكێك لەوانەمان بۆ دەكێشێ كە لە گەڵ دۆخەكەدا خۆی دەگۆڕێت، لە مەجلیسی شای ئێران سەمادەكات و لە دوای ڕوخانی شاش، لە بەر چاوی خومەینی لە شینی حوسێنا قژ دەڕنێت.

نەبینینی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستینەو تێنەگەیشتن لە ژمارەو قەبارەی ئۆپۆزسیۆنیێك كە داوای ئەوە دەكات سبەینێ ژیان بە هەمان شێوەی ئەوڕۆ نەبێت جۆرێكە لەو دەبەنگیەی كە سەدام و عەلی عەبدوڵا ساڵح و حوسنی موبارەك و بەشار ئەسەد و قەزافی و ئەوانی تر تێیدا دەژیان و لایان وابوو هەموو خەڵك وەك ئەوانەی ناو كۆشك و بەردەستیان خزمەتكارو خۆ بادەری ئەون .

بابەتى تر


👤
Live: 108 Today: 1,893 📊 Click Here