برادەرانی باکور و رۆژاڤا قسەیەک بکەن دڵم تەقی

برادەرانی باکور و رۆژاڤا قسەیەک بکەن دڵم تەقی

جار بینراوە: (1.1K)

زۆرینەی یەکان بە گومان و نیگەرانی و هەستیارییەوە چاودێری ئاڵوگۆڕە ئازاربەخش و ناخهەژێنەکانی رۆژاڤا و قوماری سازانی تەڤگەری باکور لەگەڵ گورگەبۆرە فاشیەکانی تورکیا دەکەن.

چی لەباکور و رۆژاڤا دەگوزەرێت ئاڵۆزە. بۆچی ئەوە دەگوزەرێت دەیانجار ئاڵۆزترە، دوو مەتەڵن و جگە لەدرۆزن هیچ کەس وەڵامەکەیان نازانێت.

١٣ ساڵی رەبەقە، لە تەمووزی ٢٠١٣ تا ئێستا، ئەوندەی دەرفەتم هەبووبێت کاتی خۆم بۆ چاودێری و بەدواداچوونی ئاڵوگۆڕەکانی رۆژاڤا تەرخان کردووە و هەوڵمداوە لەسەر ورد و درشتی رۆژاڤا، تا رادەیەکی کەمتریش باکور، بنووسم.

سەرەڕای ئەم پاشخانەم، ئێستا ئوستڕالییەک یان هەر چاودێرێک لێم بپرسێت چی لەرۆژاڤا و باکور روودەدات و بۆ روودەدات وەڵامێکی درووستم پێنییە.

تەڤگەری باکور و رایەدارانی رۆژاڤا تاکە لایەنن کە بتوانن بەرچاو روونی بدەن، بەڵام ئەوانیش زەکەریا ئاسا، وەک ئەوەی زمانیان بەسترابێت تا نهێنییەکە نەدرکێنن، مات و کڕ و خامۆشن.

لە میپۆلۆژیای کریستیانەتیدا و لە ئینجیلی لۆقادا جوبرائیل زمانی زەکەریا بۆ نۆ مانگ دەبەستێت بۆ ئەوەی نهێنی لەدایکبوونی یۆحەنای کوڕی ئاشکرا نەکات.

دۆخی کڕی و بێدەنگی بڕیاربەدەستەکانی تەڤگەری باکور و رایەدارانی دوێنێی رۆژاڤا رێک لەم دۆخەی حەزرەتی زەکەریا دەچێت.

لەکڕ و بێدەنگی ئەواندا، سەرچاوەی زۆرینەی زانیاری و شرۆڤە و هەواڵەکانی چی روودەدات و بۆ روودەدات لە نەیارانی تڤگەر و ئەزموونی رۆژاڤاوەیە، بەدیاریکراویش سێکوچکەی میت و ئیخوان و پارتی.

ئێستا فەوزایەکی هەواڵ و زانیاری دەرهەق بەباکوور و رۆژاڤا هەیە، فەوزایەک تا ئاستی کەمپین و پاوانکردنی شرۆڤە و زانیاری و حەکایەتەکان لەلایەن نەیارانی یەڤگەری باکور و ئەزموونی رۆژاڤاوە.

ئەم فەوزایە وێنایەکی چەواشەکارانە و تڵخی رووداو و ئاڵوگۆڕەکانی باکور و رۆژاڤای خستۆتە روو و دۆخێکی دەروونی نەخوازراوی تا ئاستی تێکشکان و بێئومێدی و دارووخان درووست کردووو.

ئەم بێدەنگییەی بەرپرسانی باکور و رۆژاڤا هەڵەیەکی ستراتیژی گەورەیە و لەهەمان کاتیشدا ئەوپەڕی نابەرپرسیارێتییە هەم بەرامبەر یار و نەیارەکانی خۆیان و هەم تەواوی کۆمەڵگای کوردەواری.

لەزانستە سیاسیەکاندا ئەم جۆرە و ئاستە لە بێدەنگی حیزبێک یان جوڵانەوەیەکی سیاسی دەچێتە خانەی بۆشاییی و شکستی ستراتیژی لە بەرنامە و یەکانی ئەو حیزب و جوڵانەوەیەدا.

ئەم بۆشایی و شکستە ستراتیژییەی باکور و رۆژاڤا لە دۆخێکی سادە و ئاساییدا نییە، بەڵکو لە دۆخێکدایە کە باکور ملی ناوەتە چارەنوسازترین پرۆسە و رۆژاڤاش لە ئاوزینگی جوانەمەرگبوونی ئەزموونێکی ١٤ ساڵەی خۆسەری دایە.

بۆشایی و شکستی ستراتیژی برایانی باکور و رۆژاڤا ڕێگا بۆ نەیارەکانییان خۆش کردووە کە نەک هەر کۆنترۆڵی تەواوی هەواڵ و شرۆڤە و زانیارییەکان بکەن، بەڵکو دەستیشیان ئاوەڵا بێت بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی چەواشەکاری.

ئەگەر باکور و رۆژاڤا دەسبەجێ ئەم دیواری بێدەنگییە نەروخێنن، نەیارانی تەڤگەر و لەسەرووی هەمووانیشەوە، تورکە داگیرکەرکەرەکان، هەموو دیوار و بەربەستە مادی و مەعنەوییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردەواری، لەهەموو پارچەکانی نیشتیمان، دەرووخێنن.

کاتی ئەوە هاتووە بەرپرسانی تەڤگەری باکور و رۆژاڤا بێنە گۆ، رۆژانە و بۆ هەر رووداو و ئاڵوگۆڕ و هەواڵێک زانیاری فەرمی پێویست و بە شەفافانە بگەیەننە رای گشتی کوردستان.

ئەمان نەئاخفن و بەردەوام بن لەسەر فەراهەمکردنی ئەم بۆشاییە ستراتیژییە، سەرکەوتنەکانیشیان دەبن بەشکست و کاریگەری قوولی نەرێنی و رووخێنەری لەسەر کۆمەڵگای کوردەواری دەبێت.

بابەتى تر


👤
Live: 108 Today: 1,893 📊 Click Here