وەهمی حوکمڕانی

وەهمی حوکمڕانی

جار بینراوە: (273)

سەربەست سەعید ساڵح

لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێمە لەبەردەم دەوڵەت و دامەزراوەی ڕاستەقینەدا نین، بەڵکو لەبەردەم “وەهمێکی گەورەی حوکمڕانی”داین. پارتی و یەکێتی، وەک دوو مافیای چەکدار، دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی ژیاندا گرتووە؛ لە نەوت و خاڵە سنوورییەکانەوە بگرە تا دەگاتە دادگاکان و بچووکترین دەزگای ئەمنی. بەڵام کارەساتەکە لێرەدایە: کاتێک وڵات تووشی قەیران دەبێت، کاتێک مووچە دەبڕدرێت یان ئاو و کارەبا نامێنێت، لەپڕ ئەم دەسەڵاتە زەبەلاحە ون دەبێت و هیچ کەسێک ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی یەک هەڵە هەڵبگرێت!. ئەوان دەسەڵاتی ڕەهایان دەوێت بۆ تاڵانکردن، بەڵام بەرپرسیارێتیی دەرەنجامەکان فڕێدەدەنە ئەستۆی بەغدا، وڵاتانی دراوسێ، یان تەنانەت خودی شەقام.

ئەم دەسەڵاتە فەنتەڵۆسە، ئابووریی وڵاتی بە جۆرێک وێران کردووە کە هاووڵاتی باوەڕی بە سبەینێی خۆی نەماوە. (ئابووریناس جۆن مەینارد کەینز دەڵێت: باشترین و سەلامەتترین ڕێگە بۆ وێرانکردنی بنەماکانی کۆمەڵگایەک، تێکدانی دراو و ئابوورییەکەیەتی.” ئەم حکومەتەش بە بڕین و دواخستنی مووچە، دروستکردنی لیستی ناوی وەهمی “بندیوار” بۆ دزینی پارەی گشتی، و گرێبەستە نەوتییە نادیارەکان، خەریکی هەمان وێرانکارییە تا خەڵک تەنها بیر لە سکی بکاتەوە نەک لە ئازادی ). لە کاتێکدا میللەت لە بێمووچەییدا دەناڵێنێت، سەرکردەکان و خێزانەکانیان (کە زیاتر لە سێ دەیەیە حوکم دەکەن) سەروەتی خەیاڵییان کۆکردووەتەوە. پێموایە کە “لەپشت هەر سەروەتێکی گەورەی کتوپڕەوە، تاوانێکی شاراوە هەیە.” ئەمڕۆش سەروەتی خەیاڵیی بەرپرسانی ئێمە بە زەبری تاڵانکردنی بودجە و دزینی قوتی خەڵک کۆکراوەتەوە، کەچی لە شاشەکانەوە بێشەرمانە خۆیان وەک قوربانی و فریادڕەس نیشان دەدەن!

دەسەڵاتی ئەوان تەنها کاتێک دەردەکەوێت کە بیانەوێت دەنگێکی ناڕازی سەرکوت بکەن. بۆ چارەسەری قەیرانەکان “حکومەت بوونی نییە” و دەڵێن بێدەسەڵاتین، بەڵام بۆ ڕفاندنی گەنجێک لەسەر کۆمێنتێک، لە چرکەیەکدا هەموو هێزە دەمامکدارەکان و دادگاکان دەخرێنە کار! (فەیلەسوفی یۆنانی، سۆلۆن زۆر جوان دەڵێت: یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن.” ئەمڕۆش بەرپرسە چەکدارەکانمان لە عێراق و کوردستان ڕۆژانە تەونی یاسا دەپسێنن، بە ئاشکرا قاچاغچێتی دەکەن و بودجە دەدزن ، بەڵام مامۆستایەکی ناڕازی کە داوای مافی خۆی دەکات، ڕاستەوخۆ بە زەبری یاسا دەخرێتە زیندانەوە). ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە میلیشیاگەرییە بەناوی دەوڵەتەوە.

بۆ شاردنەوەی ئەم هەڵاتنە لە بەرپرسیارێتی، هەموو چوار ساڵ جارێک شانۆگەریی هەڵبژاردنمان بۆ دەکەن تا شەرعییەت بە مانەوەی خۆیان بدەنەوە. (وەک چۆن جۆزێف ستالین دەیگوت: ئەوەی گرنگە ئەوە نییە کێ دەنگ دەدات، بەڵکو ئەوە گرنگە کێ دەنگەکان دەژمێرێت!” لێرەش دامەزراوەکان پێشوەختە کۆنترۆڵکراون بۆ ئەوەی منداڵە لوسکەکانی بەرپرسان شەرعییەت بە دزییەکانیان بدەنەوە و درێژە بەم وەهمە بدەن). بەڵام بەرپرسیارێتیی مانەوەی ئەم وەهمە، تەنها لە ئەستۆی دەسەڵاتدا نییە، بەڵکو بێدەنگیی ئێمەش ڕۆڵی هەیە. (مارتن لوتەر کینگ جونیۆر دەڵێت: گەورەترین کارەساتی ئەم سەردەمە، دەنگی بەرزی خراپەکاران نییە، بەڵکو بێدەنگیی ترسناکی مرۆڤە باشەکانە.” ئەم بێدەنگییەی ئەمڕۆی شەقامەکانی ئێمەش، گەورەترین چەکە بەدەست ئەو مافیایانەوە تا وڵاتەکەمان بفرۆشن و بەرپرسیارێتی هەڵنەگرن). کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵاتداران ناچار بکەین باجی کارەکانیان بدەن؛ دەسەڵاتێک کە ئامادە نییە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی نانی خەڵک هەڵبگرێت، شایەنی ئەوە نییە یەک چرکەی تر لەسەر کورسییەکانی بمێنێتەوە!

بابەتى تر

👤
Live: 160 Today: 1,546 📊 Click Here