خۆشەویستی وەک پێداویستی ژیان
هەندێ کەس لەدوورەوە و بەبێ ئەوەی بیناسین خۆشمان دەوێن، بیریا دەکەین و هەندێک جاریش عاشقیان دەبین.
هەندێ کەسیش هەر لە دوورەوە هیچ جوانیەکیان نابینین، هیچ شتێک پێکەوەمان گرێ نادا و، تەنانەت دەگاتە ئاستی ڕق هەڵگرتن لەکەسەکەش.
ئەمە بۆ وایە؟ بۆچی دەتوانین لە دوورەوە هەم خۆشەویستیمان بۆ کەسێک هەبێ و هەم ڕقیشمان لێی بێ، کە ڕەنگە ئەو کەسە هیچ زەرەرێکی تایبەتی پێنەگەیاندبین.
ئایا ئەوە چییە وا دەکات کە خەیاڵ هەندێجار جێگەی دنیای ڕاستی بگرێتەوە و خولیایەکت بداتێ کە ڕەنگە ببێتە مایەی “خۆشبەختی” ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتییش بێت؟
مرۆڤ و کۆمەڵگا پێکەوە بەستراون، مرۆڤ ڕەنگە بە تەنیا بتوانێ بژی، بەڵام ژیانێکی دەوڵەمەند نییە بە بەریەککەوتن و ئاڵوگۆڕی هەست و تەواوی لایەنەکانی ژیان.
مرۆڤ بە درێژایی ملیۆنان ساڵ، ژیانی پێکەوەیی و بەکۆمەڵی بەسەر بردووە بۆیە بەشێکە لە پێکهاتەی جەستەیی واتە(جینات). کۆمەڵگای ئێستا و بەتایبەتی ڕوژئاوا بەهۆی بوونی زۆربەی مافەکانی تاک، کۆمەڵگایەکە تا ڕادەیەکی زۆر بە ئیندیڤیدوالیست ناودەبرێت، واتە کۆمەڵگای تەنیایی، خوودی و یاخود تاکە کەسی. ئەگەرچی ئەم شێوازە لە ژیان زۆر لایەنی باشی هەیە و من خوودی خۆم پێم باشە و چێژی لێ دەبینم، چونکە تاک شوێن و جێگای خۆی ئەدۆزێتەوە لەکۆمەڵگادا و چاوەڕێ نابێت تا هەتایە لەگەڵ دایک و باوکی بژی وەک ئەوەی لەلای خۆمان گشتگیرە.
تاک ئەتوانێ کارو ماڵ و پێداویستی خۆی پەیدا بکات و لەهەمووی گرنگتر خۆی کەسێک دیاری ئەکات کە بێتە ژیانییەوە جا وەک هاوڕێ پێکەوە بژین یاخود هاوسەر یان بەجیا ژیان، واتە هەرکەس لەماڵی خۆیەتی بەڵام ڕۆحی و سێکس و خۆشەویستی پێکەوەیان ئەبەستێتەوە.
ئەمجۆرە لەژیانکردن چەندین لایەنی ئەرێنی هەیە، لەوانە نەبوونی فشاری خێزان و دیاریکردنی ئەوەی چۆن بژیت و چی بکەیت و چی بخۆیت تا دەگاتە دەستوەردان لەکاروبار و خێزانیی، ئەمانە ڕێگە خۆشکەرن بۆ هەوڵدانی حکومەت و دەسەڵات کە ماف ویاسای تاکەکان بپارێزێت و هاوکات هەموو چاودێریەکی تەندرووستی جەستەیی، دەروونی، خانووبەرە، کار، دابینکردنی دایەنگە و خوێندنگە بۆ هەموو تاکەکان بەبێ جیاوازی و زۆر شتی تر کە ئەچێتە خانەی خۆشگووزەرانی کۆمەڵایەتیەوە دەستەبەر بکات.
بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە کە چەند کۆمەڵگا ئەباتە پێشەوە و چەندە خزمەتگووزاری پێشکەشی تاکەکان دەکرێن، کەچی لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە بۆ نموونە خەڵکێکی زۆر کە بەتەنها دەژین ڕازی نین لە ژیانیان و هەست بە کەلێنێکی ڕۆحی گەورە دەکەن لەژیانی ڕۆژانەدا، ژمارەیەکی زۆر نائارامی و پشێویی دەروونیان هەیە کە هۆکارەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەستکردنە بە تەنیایی. لەم حاڵەتە و لێرەدا جەخت لە ساڵمەندان و کەسانی بەتەمەن دەکەین.
مرۆڤ ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر بە تەنیا بژی، واتە بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتییە و بە شێوەی “کۆلێکتیڤ” بەکۆمەڵ دەژی. دابڕانی لە خێزان و لە کۆمەڵگا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی دەروونی و هەستکردن بەتەنیایی تا ڕادەی مردنی پێشوەخت. زۆر جار دەبینین دوو هاوسەر ماوەی پەنجا بۆ شەست ساڵ پێکەوە ژیاون کاتێک یەکێکیان دەمرێت ئەوی تریشیان زۆری پێناچێ بەدوایدا دەمرێ!
ئەمە ڕەنگە زۆربەی کات وەک خۆشەویستی بۆ یەکتر ببینرێت کە ڕەنگە بەشێکیشی ڕاست بێت، بەڵام لەڕاستیا نەمانی فیزیکی و هەستکردن بەتەنیایی هۆکاری مردنی کەسی دووەمە. کەسانی بەتەمەن و بەساڵاچووان ئەوانەن کە عومرێک منداڵیان بەخێو کردووە، کاریان کردووە و بەشداربوون لەپێکهاتنی کۆمەڵگاداو ئێستا گەورە بوون و هەریەک لەماڵی خۆیەتی و خانەنشینە، وردە وردە هێزو تواناکانی بەرەو لاوازی دەڕوات و نەخۆشییەکانی تەمەن زەق دەبنەوە. ئالەم کاتەدایە کە زۆرترین هەستی تەنیایی و هەستکردن بەوەی ئیتر کۆمەڵگا ئیشی پێی نەماوە و وردە وردە لەچاوەڕوانی مردندایە.
ئەمە نیشانی دەدات کە ئێمە بوونی خۆمان بەتەنها بە خۆمانەوە نابەستینەوە بەڵکو بەوانەی دەورووبەرەوە، دایک، باوک مناڵ، هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستانەوە. نەمانی سۆزداری لە تەمەنێکی وەهادا و بەتەنیا ژیان ئازاری فیزیکی درووست دەکات، چونکە ئادەمیزاد لەسرووشتییەوە پێویستی بە خۆشەیستی و سۆزدارییە، پێویستی بە نیشاندانی هەستەکانیەتی چ بەوەی وەریگرێت یان بیدات بە بەرامبەرەکەی نەک هەرگرنگە، بەڵکو بابەتێکی ژیانەکیشە.
* پسپۆڕی کۆمەڵناسی
07/04/2026
ەکانی تری نوسەر
















Post Comment