لە شەڕی ئێران ئەمریکا چی فێربوو
سەرەتا با ساتێک بگەڕێینەوە دواوە. لە جەنگی دووەم، ئەوەی شکستی بە سوپای ئەڵمانیا هێنا، لە سەری هەمویەوە، نەمانی گاز و بەنزین بوو، کە دەبابە کاریگەرەکانی ئەڵمانیا کاتێک سوتەمەنییان نەبوو، بێکەڵک بوون.
ئەمە وانەیەک بوو بۆ ئەمریکا کە چۆن توشی دۆخێکی وەها نەبێت، بۆیە ڕێکەوتنی ئەمریکا و سعودیە هەرزوو پاش جەنگی دووەم لە ڕۆژی ڤەلەنتاینی لە ساڵی ١٩٤٥ لە نێوان ڕۆزفیلت و ئیبن سعوددا واژۆ کرا.
ئەم ڕێکەوتنە وەک نەوت بەرامبەر ئاسایش دەناسرێت، لە ڕاستیدا ئاسایش بەرامبەر ئاسایشە، چونکە کاتێک ئەمریکا ئاسایشی سعودیەی دابین دەکرد، سعودییەش ئاسایشی وزەی ئەمریکای دابین دەکرد.
ئێستا جارێکی تر ئەمریکا بە ئاگاهاتەوە، کە ناتوانێت بە ئاسانی ناوچەی کەنداو و بەردەوامبونی ڕۆشتنی وزە فەرامۆش بکات، هەرچەندە خۆشی برێکی زۆری وزەی خۆی بەرهەم بهێنێت. نوخبەی ئەمریکی بەهەڵەدا چووبون، کاتێک وەهایان دەبینی کە قەیرانی وزە لە کەنداو کاریگەری نیە لە سەریان.
ئەگەر سەیری دواین ستراتیژی نیشتمانی ئەمریکا بکەیت دەبینیت کە بە ڕاشکاوانە دەڵێت: بایەخی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆکاری وزە و ململانێی زلهێزەکان و زۆری قەیرانەوەبوو. بەڵام لە دیدی ئەم ئیدارەیەوە وزە و ململانێی زلهێز کاریگەری لە سەر ئەمریکا نەماوە.
لە ڕاستیدا مەترسی وزە بۆ ئەمریکا تەنها لە خودی وزەدا نیە، بەڵکو لە هۆکاری تردایە. چونکە نەوت بە دۆلارە، کاتێک نەوت لە دونیادا گران دەبێت، لە ئەمریکاش گران دەبێت. لە ڕاستیدا کۆمپانیان نەوتییە ئەمریکیییەکان ئەمەیان پێباشە، بەڵام خەڵک دژیەتی. دوەم، ئەگەر ئەمریکا واز لە کەنداو بهێنێت، ئەگەری زۆرە پێکەوەبەستنی نەوت و دۆلار کۆتایی بێت، کە لە ئەنجامدا دەبێته هۆکاری ئەوەی کە دۆلار بەو ڕێژەیە لە دونیادا پێویست نەبێت و لە ئەنجامدا ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بگاتە ٢٠%. بەڵام نەمانی دۆلار بە دراوی توانای ئابلۆقەدانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی تر، وەک چەکێک، تەواو لاواز دەکات.
کەواتە ئەم ئیدارەیە لەوە بەئاگابوەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەیگواستوەتەوە بۆ قۆناغێکی تر. هەرچەندە لە ستراتیژەکەدا باس لە تەنگەی هورمز دەکات، بەڵام چاوەروانی داخستن و لێدانی کەنداونەبوو، چونکە ئێران وەک لاوازێک وێناکراوە.
لە وێنە گەورەکەدا، ئەمریکا دەبێت ئەو وانەیە فێربێت، ناتوانێت لە دونیا بکشێتەوە و بە وڵاتێکی گەورە بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر جاران شەڕەکان ئەمریکایان بەهێز دەکرد، ئێستا شەڕەکان ئەمریکا نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوە بەهێز ناکەن، بە تایبەتی کاتێک ئەمریکا خاوەنی هیچ چیرۆکێک نیە، ئەوا ئەمریکا لە دایلەمایەکی قوڵدایە: چۆن شەڕ بکەین کە پێویستمانە، بەڵام نامانەوێت؟















Post Comment