سلێمانی بووە بە شاری تەنەکە و تاڵانی
بێکەس منم، کەسێک لە زمانم بگا نیە
هەمدەم خودا نەناسن و دەم پڕ لە خودا.
مەحوی
بەم هۆنراوەیەی مەحوی دەڵێم: روناکبیران هەمیشە خۆیان گێل دەکەن لە راستیی و کەچی دەمیان پڕە لە باسی. کەسێک لەم چیزەیە نەبێت تەنها و بێکەس دەمێنێتەوە. ئەوەی سەرڕاستە پشتی تێ دەکەن و خۆیانی لێ نابەڵەد دەکەن.
هەورێک لە درۆ باڵی کێشاوە بە سەر وڵاتدا. کارخانەی ئەم هەورە چڵکنە دەستەڵاتە. هەموو راستییەک بە درۆیەک دا پۆشراوە. لە ئێستادا یادی ٢٤٢ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانیە. نامەیەکم بۆ هات نوسرابوو:
“پیرۆزە رۆژی ٢٤٢ ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی. شاری کولتور و هونەر و ئازادیی.” ئەم نامەیە بڕیاری داوە منیش هەڵگری ئەم هەوری درۆیە بم، وەکو ئەوە سلێمانی ببینم کە بۆم نوسراوە. بەڵام لە راستییدا کام سلێمانی، کام هونەر و کولتور و کام ئازادیی؟
سلێمانی دور لە دەستی چەپەڵی دوژمن، بە بڕیار و هیمەتی جوامێرەکانی بابان دا مەزرا. مرۆڤە زاناکانی وەکو شێخ مارفی نودێ، کاک ئەحمەدی شێخ و چەندەها مەلا و سۆفی بناغەی کولتوریی و موراڵیان بۆ دا رشت. سلێمانی ئەو کات بێ غەلوغەش بوو. هەموو شتێک راست وەکو خۆی دەبینرا. درۆ، تاڵانیی و خاکفرۆشیی نەفرەتلێکراو بوون. ئاوەکەی دەخورایەوە، پیس نە بوبوو.
کاک ئەحمەدی شێخ هەوڵی دەدا نابیناکان لە شارەکانی تریشەوە کۆ بکاتەوە و فێری قورئان خوێندنیان دەکردن بۆ ئەوەی لە جیاتی ئەوەی لە تارکییدا بڕزێن، بێن ببن بە مەلا و فەقێ. بەم پێیە تواناکانی بوژاندوونەتەوە و سەربەست و رێزدار ژیاون بە هۆی قورئان خوێندندنەوە.
ئەم دیاردەیەش یەکێکە لە خەسڵەتەکانی شارستانیی. چونکە لە شارستانیی و دیموکراتییدا کۆمەڵگا دەست دەگرێت بە لێقەوماو و بێدەسەڵاتەکانیەوە.
قوتابییەکانی قوتابخانەی کاک ئەحمەد بەو شێوەیە پەروەرد کراون کە مرۆڤ خۆی بە گەورەتر نەزانێت لە کەس، خۆی هەڵ نەنێت. کاک ئەحمەد فەرموویەتی کە چویتە شوێنێک خۆت هەڵ مەکوتە بۆ لای سەروو. هەروەها کاک ئەحمەد خۆی کەنار گرتووە لە دەستەڵات و دەبوو مرۆڤ بە سەر ئارەزووە خراپەکانیدا زاڵ ببێت.
میهرەبانیی کاک ئەحمەد وای کرد کە خەڵکی کورد سوێندی راست بە کاک ئەحمەدی شێخ بخۆن. لە هەمان کاتدا کاک ئەحمەد هێندەی ئایدیاڵ تۆخ نە کردۆتەوە کە مرۆڤ دنیای بۆ ببێت بە گرفت. بەڵكو هاوسەنگیی کردووە لە نێوانی خوداناسیی و ژیانی دنیاییدا. نە خوداناسیی ژیان قورس بکات نە تەماعی دنیا لە سنوری موراڵ بچێتە دەرەوە.
ئەمە کولتوری شاری سلێمانیە بووە. ئەم کولتورە لای مەلیک مەحمود دەر دەکەوێت کاتێک لە ی دامەزراندنی وەزارەتدا ساڵی ١٩٢٢ دەڵێت ئێمە هەموو خێزانێکین. ئەز هەموو جارێک کە بە لای مزگەوتی گەورەدا تێ دەپەڕم و شێتێک، چڵمنێک، حەماڵێک یان ناتەواوێک دەبینم، خێرا قسەکە مەلیک مەحمود دێنمەوە یادی خۆم و لە دڵی خۆمدا دەڵێم: “لە خۆت خوارتری مەبینە. تۆ و ئەو لە یەک خێزانن.” بە منداڵیی کاتێک لە قوتابخانە رۆژی پاکوتەمیزیی بوو، هەر جارێک لە ماڵەوە جلی تازەیان لە بەر دەکردم، من لە رێگا خۆم لە دیوارە گڵەکان هەڵ دەسو بۆ ئەوەی بە یەکەم هەڵ نەبژێردرێم. لە بەر ئەوەی لە ناو قوتابییەکاندا دەر نەکەوم و قوتابییەکی هەژار غەمبار نەبێت.
باوکم قەدەغەی کردبوو گۆشت لە حەوشە ببرژێنرێت. دەیوت نەبا بۆنەکەی بچێت بۆ ماڵە دراوسێکە کە پڕبوو لە ماڵە هەژار. سلێمانی وەکو ساڵح دیلان دەڵێت پڕ بوو لە شەتڵی پیاوانە. چەندەها سۆفی، شاعیر و مەلا ئیشیان لە دروستکردنی مرۆڤی رەوشت بەرزدا دەکرد.
کولتوری سروشتیی کورد و هیمەتی کاک ئەحمەدی شێخ وای کردبوو کە لە جەنگی ی یەکەمدا زۆربەی خێڵە وڵاتپارێزەکان مەلیک مەحمود بکەن بە ناوکۆیی و سەرۆکی خۆیان. ئینگلیزە جرجەکە میس بیل هەستی بەمە کردبوو. وتبووی هەتا ئەو چڵە ئێسقانەی کاک ئەحمەدی شێخ لەو گۆڕەدا بێت، نفوزی شێخ مەحمود ناشکێت. یەکێک لە بەرنامەی ئینگلیزەکان ئەوە بووە کە کەسی خۆفرۆش و لەبلەبان لەو گەلانەی کە داگیریان دەکردن بکەن بە دەستەڵاتدار و داردەستی خۆیان. لە هەمان کاتدا خەڵکە پاکەکانی ئەو گەڵانە فێری پیسخۆریی بکەن. ڤایرۆسی ئینگلیزیی لەو رۆژەوە کە هاتە کوردستانەوە، کورد سەریەشە بەری نە داوە.
ئێستا ئاو لە بوتڵدا نەبێت ناخورێتەوە. رۆژانە دەبیستیت هاووڵاتان ئوتومبیل دەیانشێلێت. خاک و زەوی شار براوە بە تاڵان. بە عالەمی ئاشکرا گرد و موڵکی شار لە سەر خۆیان تاپۆ دەکەن و هێندەش روقایمن پەیام بۆ میللەت دەر دەکەن. شاخی رەنگاوڕەنگی گۆیژە ئەتک کراوە. کاسبکار دەبێت سەرانە بدات. جاهیلان بە ریزێک ئوتومبیلی گەورە و چەکدارەوە بە جادەدا پۆز بە سەر خەڵکدا لێ دەدەن. لە بۆنەکاندا ناجۆرەکان دەبێت لە پێشەوە دا بنیشن و خەڵکی دی لە دواوە بچوکیان بن. شەقام و کۆڵان سیخناخ بووە لە ئوتومبیلی تەنەکە. شار بەرەو “تەنەکە قەپات” دەچێت. خوێنەواران بوون بە دۆلاربیر. خەستەخانە و خوێندنگاکان بۆ روکردنە قازانجی بازرگانەکانی جەنگ، وێران کراون. پڕۆژەی خانوبەرە دیموگرافیی شارەکە تێک دەدات. لە ژێر درۆی ماددەی (١٤٠)دا نیوەی خاکی کوردستان فرۆشراو و وازلێهێنراوە. حکومەتی هەرێم بۆ ئەوەیە کورد نەبێت بە هیچ! پەیتا پەیتا کەسانی قەشمەر بە سەر میللەتدا قووت دەکەنەوە.
لە ناوی مۆڵ، پڕۆژە و دوکانەکان ورد دەبیتەوە، شەرم دات دەگرێت. پەیکەری حەپسەخان لە پارکی ئازادیی گەڕوگول را وەستاوە.
کۆمپانیای قەیوان کە جاران بۆ ریکلامی خۆی ئەو پەیکەرەی لەوێ را گرتبوو، ئێستا ناوەکەی قەیوان چۆتەوە، پەیکەر بە بێ ئیش هەر لەوێ وەستاوە. یەک شتی خراپم پێ بڵێن نەکرابێت و نەکرێت!
کام سلێمانی؟ کام شاری شاران؟ کام رۆشنبیریی؟
لە یادی دامەزراندنی ٢٤٢ ساڵەی سلێمانیدا نابینیت دڵێک را بچڵەکێت. لە جیاتی ئەوە قسەی بەتاڵ دەدەن بە سەر ئەم شارە ئەتککراوەدا و بە ناو گەلێکی کۆیلەدا تێی دەپەڕێنن. کام ئازادیی؟















Post Comment