دەوڵەتی بێ دەرمان

دەوڵەتی بێ دەرمان

جار بینراوە: (6.7K)

شالاو محمد ممند

 لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتداران باسی سەربەخۆیی ئابووری و “کوردستانێکی بەهێز” دەکەن، کارەسات نییە ئەگەر شەقامێک قیرتاو نەکرێت، بەڵام کاتێک هاوڵاتییەک بۆ دەرمانی شێرپەنجە یان سادەترین ئازارشکێن ناچارە پەنا بباتە بەر دەرمانخانەی حیزبی و پارەی ماڵەکەی قەرز بکات، ئەوە ئیتر تەنها “کەمتەرخەمیی کارگێڕی” نییە. ئەوە ڕاگەیاندنی فەرمیی هەرەسهێنانی ئەخلاقی و سیاسیی سیستەمێکە کە نەیتوانیوە یەکەمین و سادەترین ئەرکی دەوڵەتداری — کە پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانە — جێبەجێ بکات.

ئەم وێرانبوونەی کەرتی تەندروستی، قەدەرێکی کوێر نییە کە لە ئاسمانەوە هاتبێت؛ ئەمە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو بازرگانی بە مرۆڤەوەیە کە کۆمپانیاکانی سەر بە دەسەڵات پەیڕەوی دەکەن. کاتێک نەخۆشخانە گشتییەکان بێ دەرمان و بێ ئامێر دەکرێن، ئامانجەکە ئەوەیە کە نەخۆشەکان ناچار بکرێن ڕوو بکەنە ئەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە لەلایەن هەمان ئەو بەرپرسانەوە دروستکراون کە بودجەی کەرتی گشتییان بڕیوە. لەم سیستەمەدا، بازاڕ بکردنی دەسەڵات گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ئازار و نەخۆشیی هاوڵاتییانیش کراوەتە کاڵایەک بۆ پڕکردنی گیرفانی مافیا و کارتێلە سیاسییەکان. ئەوان نەخۆشی دروست دەکەن بەهۆی ژینگەی پیس و خواردنی خراپەوە، پاشانیش چارەسەرەکە بە گرانترین نرخ دەفرۆشنەوە بە قوربانییەکان.

(وەک چۆن ئەلبرت کامۆ دەڵێت: “هەمیشە بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانیی گەل، پاساو و بەهانەی ی ستەمکاران بووە بۆ مانەوەیان.”) — ئەمەش هەمان ئەو تراژیدیایەیە کە لە زیمبابۆی ژێر دەسەڵاتی مۆگابێدا ڕوویدا، کاتێک کە حوکمڕانەکان بانگەشەی نیشتمانپەروەرییان دەکرد، بەڵام نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەیان هێندە وێران بووبوون کە تەنانەت دەستکێشی پزیشکیشیان تێدا نەدەما، لە کاتێکدا بەرپرسەکان بۆ بچووکترین پشکنین دەچوونە ئەوروپا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەمانیش دووڕووترن؛ ئەوان لەبەردەم کامێراکاندا نەخۆشخانە دەکەنەوە و قردێلە دەبڕن، بەڵام لەناو ژوورەکانی ئەو نەخۆشخانانەدا، پزیشکەکان بێ مووچەن و نەخۆشەکانیش لەسەر زەوی گیان دەسپێرن. ئەمە حوکمڕانی نییە، ئەمە بەڕێوەبردنی گۆڕستانێکە بە ناوی حکومەتەوە.

لەم زەلکاوەدا، مەرگی نەخۆشێک بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، مەرگێکی ئاسایی نییە؛ ئەوە تاوانێکی سیاسییە کە بکوژەکانی لەناو ڤێلا و کۆشکەکانیاندان. کاتێک بودجەی وڵات دەڕوات بۆ کڕینی چەک و دروستکردنی سوپای ئەلکترۆنی بۆ پاراستنی کوڕی بەرپرسەکان، و لە بەرامبەردا دەرمانی پێویست بۆ منداڵێکی تووشبوو بە تالاسیمیا دابین ناکرێت، دەوڵەت شەرعیەتی بوونی خۆی لەدەست دەدات. حکومەتێک کە توانای کڕینی حەبێکی نەبێت بۆ هاوڵاتییەکەی، چۆن دەتوانێت بانگەشەی پاراستنی نیشتمان بکات؟

بابەتى تر

👤
Live: 51 Today: 387 📊 Click Here