دەسەڵاتی هەرێم و چارەسەر!

دەسەڵاتی هەرێم و چارەسەر!

جار بینراوە: (9)

ساڵ و نیوێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، کەچی هێشتا کابینەی دەسەڵات پێکنەهاتووە!

بەسەر چوونی ماوەی یاسایی و درەنگ کەوتنی پێکهێنانی کابینە جگە لە بێباکی دەسەڵاتداران بەرامبەر چارەنووس و ئایندەی گەل هیچی تر ناگەیەنێ.

پاساوی پێکنەهێنان و ئۆباڵ بەخشینەوە ئەستۆی ئەوانە پاك ناکاتەوە کە بەم شێوەیە لە پێناوی بەرژەوەندیی تایبەت یاری بە چارەنووسی ئەم گەلە چارە ڕەشە دەکەن. هۆکاری پێکنەهێنان تەنیا ئەوەیە کە نە ئەنجامی هەڵبژاردن و نە هەلومەرجە ناوخۆییەکان لەبەر چاو دەگیرێن!

باشە بۆچی ئەو دوو راستییە رەچاو ناکرێن؟

پارتی دەڵێ: من هێزی یەکەمم و ژمارەی کورسیەکانم زیاترن.

یەکێتی دەڵێ: ئەگەر بێی من دەتوانی کابینە پێکبێنی ئەوە ئەرز و ئەوەش گەز.

لە ڕاستیدا ئەو دوو رستانە هەردووکیان ڕاستن، بەڵام هیچیان لەبەرژەوەندیی گشتی نین، چونکە بەرژەوەندیی گشتی بە سازان و رێککەوتن دەستەبەر دەبێ، نەك عینادی و ململانێی بێ ئەنجام.

تو بلێی پارتی ئەوەندە بێئاگا بێ، نەزانێ کە لەم قۆناغەدا باسەکە بە ژماەری کورسیان نابڕێتەوە، تەنانەت ئەگەر گەیاندییە پەنجا و دووش؟

نا، بێگومان دەزانێ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لایەك لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بڕوای بە هاوبەشی نییە، لە لایکی دیکەش پێم وایە هیوای لەسەر هەندێ گۆڕانکاری و ئەگەری نەزۆک هەڵچنیوە بۆیە پەلە ناکات و چاوەڕوانی هەڵبژاردوە، بەڵام

دەبێ لە بیری نەکەین کە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ نییە، بۆیە بە فیڕۆدانی کات و دەرفەت لەدەستدان کاریگەری گەورەی لەسەر ئایندەی قەوارەکەی دەبێ.

لە هەمان کاتدا دوژمن و نەیارانی هەرێمی کوردستان نەک هەر چاوەروانی دەرفەتن، بگرە پلانی دروستکردنی دەرفەتی لە ناوبردنیشیان هەیە .

ئێستا هەرێمی کوردستان بە ناو قەیرانێکی گەورەدا تێدەپەڕێ، کەچی مخابن لایەنە سیاسیەکان لە جیاتی دۆزینەوەی رێگە چارە خەریکی پیلانگێڕان و قوڵکردنەوەی قەیرانەکەن!

تو بڵێی رێگە چارەیەک نەبێ؟

بێگومان چەندین رێگە هەن، بەڵام دیارە تا پارتی بەو میتۆدە سیاسیە بجولێتەوە نەک هەر یەکێتی، بەڵکو هیچ لایەنێکی تری سیاسیش ناتوانن لەگەڵیدا هەلبکەن و خۆشی بە تەنیا تۆز ناکات.

کەواتە ئێمە ئێستا پێویستمان بە دەستپێشخەری بێ مەرج هەیە، دەنا ئەگەر بەم شێوەیە بڕوا هەلوەشانەوە و دابەش بوون بە دوور نازانرێ.

بابەتى تر

👤
Live: 128 Today: 1,550 📊 Click Here