دراوی بێبەها، ژیانی بێبەها

دراوی بێبەها، ژیانی بێبەها

جار بینراوە: (11.2K)

هەڵۆ ئیسماعیل

عێراق و کوردستان وەکو ئامێرێکی گەورە کە بزوێنەرەکەی لەکار کەوتووە، بەڵام شۆفێرەکەی لەبری چاککردنەوەی، تەنیا بەردەوام بەنزینی زیاتر دەڕێژێتە ناوی تا دووکەڵێکی ڕەش و خنکێنەر هەموو دەوروبەرەکەی داپۆشێت و وا نیشان بدات کە هێشتا کار دەکات. ئەمە ڕێک وێنەی ئابووریی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانە؛ سیستەمێک کە لەبری دروستکردنی کارگە، بەرهەمهێنان و ژێرخانی ڕاستەقینە، تەنیا پشتی بە خەرجکردنی پارەی بێ پشتبەست لە ڕێگەی بازاڕی بەکاربردنەوە بەستووە. دەسەڵاتداران وا نیشان دەدەن کە جوڵەی پارە لە بازاڕدا نیشانەی “گەشەی ئابووری”یە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم فراوانبوونە داراییە تەنیا دووکەڵێکە بۆ داپۆشینی شکستی حوکمڕانی، و لە کۆتاییدا خەڵک قوربانیی ئەو دووکەڵەن کە هێزی کڕینیان دەخنکێنێت و نرخەکان هەڵدەکێشێت.

فراوانکردنی قەبارەی پارە بەبێ گەشەی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان، خەڵک دەوڵەمەند ناکات، بەڵکو ژیان گرانتر دەکات. کاتێک خەرجییەکان خێراتر لە توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەڵدەکشێن، بارگرانییەکە ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ ناو پسوڵەی کارەبا، نرخی خۆراک، و کرێی خانوو. ئەو پارەیەی دەخرێتە بازاڕەوە ناچێتە خزمەتی دروستکردنی هەلی کارەوە، بەڵکو دەچێتە خزمەتی قۆرخکاری بازاڕ و قەڵەوکردنی کۆمپانیا حزبییەکان. لە ئەنجامدا، مامۆستایەک یان موچەخۆرێکی ئاسایی کە مانگانە هەمان بڕە پارە وەردەگرێت، دەبینێت سەبەتەی کڕینەکەی نیوەی جارانە؛ ئەمە باجی ناڕەوایە، باجێک کە بەبێ یاسا و بەبێ ئاگاداری، ڕۆژانە لە گیرفانی هاووڵاتی دەدزرێت لە ڕێگەی دابەزینی بەهای ڕاستەقینەی پارەکانیانەوە.

(وەک چۆن ئابووریناسی گەورە جۆن مەینارد کەینز دەڵێت: “باشترین ڕێگا بۆ تێکشکاندنی سیستەمی سەرمایەداری، گەندەڵکردنی دراوە”) — ئەمەش ڕێک هەمان ئەو سیاسەتە وێرانکەرەیە کە لە ڤەنزوێلا ڕووی دا، کاتێک حکومەت بۆ داپۆشینی کورتهێنانی خۆی، پەنای بردە بەر بڵاوکردنەوەی خەرجیی بێ پشتبەست و لە ماوەیەکی کورتدا دراوەکەی بووە کاغەزێکی بێ نرخ و میللەتێک لە برسا کەوتە سەر شەقام. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە ڕێگەی دروستکردنی ئابووری سێبەر و کۆنتڕۆڵکردنی کاڵا یەکانەوە، نرخی شتومەک هێندە بەرز دەکەنەوە کە تەنیا سەرمایەداری دڕندەی سەر بە خۆیان بتوانێت تێیدا بژی. ئەوان ئابوورییەکەیان دەوڵەمەند نەکرد، تەنیا تێچووی مانەوەیان لەسەر خاکی خۆمان گرانتر کرد.

بابەتى تر

👤
Live: 10 Today: 21 📊 Click Here