حکومەتی دیمەشق هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە بەرەو حەسەکە جوڵاند

-
پاش ئەوەی ژمارەیەک
هاوڵاتی تابلۆ عەرەبییەکەی باڵاخانەی دادی حەسەکەیان لێکردەوە حکومەتی کاتیی دیمەشق
هێزێکی زۆری بە چەکی قورسەوە بەرەو حەسەکە جوڵاند. هاوکات پەیەدەش رایگەیاندوە
“لابردنی زمانی کوردی لەسەر باڵەخانەی دادی حەسەکە کارێکی نایاساییە”.
ئەنجومەنی گشتیی پارتی
یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی حەسەکە دوای لابردنی زمانی
کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگەی داد راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە ئەوانەی
دژی پێکەوەژیانی گەلانن وەک تاوانبار بناسێندرێن.
ئەنجومەنی گشتیی پەیەدە
رایگەیاند، “لابردنی زمانی کوردی لەسەر فەرمانگە فەرمییەکان، پێچەوانەی رێککەوتنەکان
و تەنانەت مەرسومی سەرۆک کۆمارە، لەبارەی بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردیی و جەژنی
نەورۆزەوە”.
پەیەدە دەشڵێت،
“پاساوهێنانەوە بۆلابردنی زمانی کوردی، جێگەی نیگەرانییە و پێویستی بە پێداچوونەوەیە،
چونکە بابەتەکە تەنها پەیوەست نییە بە کورد و درێژدەبێتەوە بۆ هەموو سووریا و پێکهاتە
جیاوازەکان”.
دۆخی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای
کوردستان روو لە ئاڵۆزییەکی مەترسیدار دەکات، شەوی رابردوو، جارێکی دیکە هاوڵاتیانی
کورد لە حەسەکە رژانەوە سەر شەقامەکان و لە کاردانەوەیەکدا لابردنی زمانی کوردی لەسەر
تابلۆی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، تابلۆ عەرەبییەکەی باڵەخانەی دادی شارەکەیان
لێکردەوە.
خۆپیشاندەران جەخت دەکەنەوە
کە ئەوان وەک کورد داوای تێکەڵبوونیان لەگەڵ دیمەشق کردووە نەک تەسلیمبوون، بۆیە بە
هیچ شێوەیەک لە مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی خۆیان خۆشنابن.
لەکاردانەوەی ئەم هەنگاوەی
کوردانی ناوچەکەدا، حکومەتی کاتی دیمەشق هێزێکی سەربازی گەورەی بە چەکی قورسەوە بەرەو
شارەکە جوڵە پێکردووە. هاوکات هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکەش هاتوونەتە سەر هێڵ و هەڕەشەی
هێرشکردنە سەر کوردانی حەسەکە و رۆژئاوای کوردستان دەکەن.
ئەم گرژییانە دوای ئەوە
دێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا دەستکرا بە لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی فەرمانگە
و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکە، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی توندی لێکەوتەوە.














Post Comment