تەندروستی دەروونیی سەرکردەکان و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵگەکان: عێراق و هەرێمی کوردستان وەک نموونە

تەندروستی دەروونیی سەرکردەکان و کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی کۆمەڵگەکان: عێراق و هەرێمی کوردستان وەک نموونە

جار بینراوە: (929)

لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی، تا ئێستاش تەندروستی دەروونیی سەرکردە سیاسییەکان بابەتێکی غائیب و دوورە لە گفتوگۆی جددی، سەرەڕای ئەوەی سەرکردە یەکێکە لەو کەسانەی کە زۆرترین کات روبەرووی گوشاری دەروونیی درێژخایەن و گۆڕانکاریی وێرەکی و ھۆشمەندی (Cognitive changes) دەبێتەوە کە لە ئەنجامی باڵادەستی بەردەوامەوە دروست دەبن. هەرچەندە پێگەی مرۆڤ لە هەرەمی دەسەڵاتدا بەرزتر ببێتەوە، بڕواو تێروانینی کۆمەڵایەتی وای بۆدەچێت کە ئەو کەسە بووەتە خاوەن ئیرادەیەکی رەقتر و کەمتر لەژێر کاریگەریی هۆکارە دەروونییەکاندایە، لە کاتێکدا توێژینەوەکانی درونزانی سیاسی و زانستی دەمارە-رەفتاری (Behavioral Neuroscience) جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتی درێژخایەن دەکرێت گۆڕانکاریی پلەبەندی لە شێوازی بیرکردنەوە، هەڵچوون و بڕیارداندا دروست بکات.

مانەوەی سەرکردە بۆ چەندین دەیەی درێژخایەن لە دەسەڵاتدا، بەتایبەت لە نێو ژینگەیەکی سیاسیی لەرزۆک یان پڕ لە تەنگەژەو ململانێدا، تەنها ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای سیاسی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ سەر کیمیای مێشک و میکانیزمەکانی درکپێکردنی کۆمەڵایەتی (Social cognition) درێژ دەبێتەوە. ئەدەبیاتە نوێیەکانی پەیوەست بەوەی کە بە “کۆنیشانەی لەخۆباییبوونی دەسەڵات” یان (Hubris Syndrome) دەناسرێت، ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە سەرکردەکان بە تێپەڕبوونی کات پەرە بە جۆرە شێوازێکی بیرکردنەوە دەدەن کە سیفەتی زیادەڕەویکردن لە متمانەبەخۆبوون، لاوازی لە قبوڵکردنی رەخنە، و هەستێکی گەشەسەندوو بە “ئیستیسنابوون” و باڵادەستیی تێدایە، ئەمانەش شێوازگەلێکن کە زۆربەی کات بەستراونەتەوە بە نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و لێپرسینەوەدا.

لەڕووی دەمارەزانییەوە (Neurologically)، دەسەڵاتی درێژخایەن پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی بەردەوام لە چالاکیی “سیستەمەکانی پاداشت” لە نێو مێشکدا، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە دۆپامین، کە گواستەرەوەیەکی دەماریی بەرپرسە لە هەستکردن بە پاداشت، دەستکەوت و شکۆمەندی. کاتێک ئەم هەستە رۆژانە و بۆ چەندین ساڵی درێژخایەن دووبارە دەبێتەوە، مێشک وردە وردە دەست دەکات بە راهاتن لەسەر دەسەڵات وەک بەشێک لە شوناسی خودی (Self-identity)، ئەمەش ئەگەری هەڵاوسانی “ئەنا – Ego” و دابڕانی پلەبەندی لە واقیعی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات. ھەندێک لەتوێژینەوەکانی درونزانی دەسەڵات ئاماژە بەوە دەکەن کە هەژموون و باڵادەستی بەردەوام دەکرێت توانای رەچاوکردن و بینین و بەھەندزانینی دیدگای کەسانی دیکە لاواز بکات “خۆبەھوشتێک زانین” خودسەنتەری (Egocentrism) و بڕیاردانی پڕ لە مەترسی زیاد بکات.

لە بەرانبەردا، ترسی بەردەوام لە لەدەستدانی هەژموون و باڵادەستی یان پێگەی سیاسی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی درێژخایەنی ئاستی سترێس و هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵ، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر بابەتی نەرمینواندن و نەرمینواندنی ئیدراکی (Cognitive flexibility) و توانای دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بڕیارەکانی پێشوو. لەگەڵ کاتدا، رەنگە سەرکردە زێتر پەنا بباتە بەر ھەڵەشەیی و بەرگری (Defensiveness) و کەمتر ئامادەگی هەبێت بۆ داننان بە هەڵەکاندا، چونکە مێشک دەکەوێتە دۆخی “ئامادەباشی بەردەوام” بۆ پاراستنی دەسەڵات. هەروەها ژیان لە ژینگەیەکی سیاسیی داخراو و پڕ لە ململانێدا دەکرێت “کۆئەندامی لیمبیک” چالاک بکات، بەتایبەت (ئەمێگدالا – Amygdala) کە بەرپرسە لە هەستکردن بە هەڕەشە، ئەمەش وا لە هەندێک سەرکردە دەکات کە ئۆپۆزسیۆن یان ناڕەزایەتییەکان وەک هەڕەشەیەکی کەسی ببینن لەبری ئەوەی وەک دەربڕینێکی سروشتیی داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان سەیری بکەن.

لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، ئەم پرسە رەهەندێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت بەهۆی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە. زۆرێک لە سەرکردەکانی ئێستا پێشتر بە ئەزموونی جەنگ، خەباتی چەکداری، دوورخستنەوە، پەراوێزخستن و نەبوونی ئاسایش بۆ ماوەیەکی درێژ تێپەڕیون، پاشان بە شێوەیەکی لەناکاو گوازراونەتەوە بۆ پێگەی دەسەڵاتێکی فراوان کە پارە و دەسەڵات و ئیمتیازاتی زۆری لەگەڵدا بووە. ئەم گۆڕانکارییە زەق و توندە رەنگە لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی ئەوەی لە دەرونزانیدا پێی دەگوترێت “قەرەبووکردنەوەی دەروونیی زیادەڕەو” (Psychological Overcompensation)، کە تێیدا دەسەڵات دەبێتە ئامرازێکی نائاگایانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ساڵانی ترس، بێبەشی، یان وەدەرنان و پەراوێزخستن.

لە سایەی نەبوونی دامەزراوەی چاودێریی بەهێز و لاوازیی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، گۆشەگیریی وێرەکی-ھوشمەندی (Cognitive isolation) سەرکردە وردە وردە قووڵتر دەبێتەوە، و لەلایەن کەسانێکەوە دەورە دەدرێت لەژێر ناونیشانی جیاجیا وەک راوێژکار، یاریدەدری تایبەت، خاوەن ئەزموون و پسپۆر و تادوایی…. زۆرجاو لە کورداواریشدا بەشێوەیەکی تەنزئامێز پێیان دەڵێن (کاسەلێس، ماستاوچی، مەسینەھەڵگر و ھەلپەرست تاد…) کە وێنەیەکی نمونەیی و هەڵبژێردراو و جوانکراوی واقیعی بۆ دەگوازنەوە. لێرەوە (Gap) بۆشایی و دووریی دەروونیی نێوان فەرمانڕەوا و کۆمەڵگە دەست بە فراوانبوون دەکات، و بڕیارگەلێک دەردەچن کە لە پێویستییە راستەقینەکانی هاوڵاتیان دورو دابڕاون، یان هەر ناڕەزایەتییەکی سیاسی وەک پیلانگێڕیی دەرەکی یان هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی کەسی لێکدەدرێتەوە.

لەو سۆنگەیەوە، پێویستیی و گرنی راوێژ و پاڵپشتیی دەروونی بۆ سەرکردەکان بە هەبوونی “نەخۆشیی عەقڵی” بە واتایەکی تەقلیدی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پاراستنی هاوسەنگیی درکپێکردن و ھوشەمندی و هەڵچوونیی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە و بڕیارەکانیان پەیوەستن بە ژیانی ملیۆنان کەس. هەروەک چۆن وانێکی پیشەگەر پشکنینی جەستەیی خولیی بۆ دەکرێت بۆ پاراستنی ئەداکەی، پۆستە باڵاکانیش پێویستییان بە پێداچوونەوەی دەروونی و ھۆشمەندی ڕێکوپێک و رێکخراو هەیە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆشەگیریی دەسەڵات، سترێسی درێژخایەن و هەڵاوسانی “ئەنا- Ego”.

کۆمەڵگە مۆدێرنەکان وردە وردە خەریکە درک بەوە دەکەن کە تەندروستی دەروونیی بڕیاردەران و بەرپرس و باڵادەستەکان، یەکی راستەوخۆی بە سەقامگیریی دەوڵەت و کوالێتیی بڕیارە سیاسییەکانەوە هەیە. بۆیە، پەرەپێدانی بەرنامەی سەربەخۆ بۆ پاڵپشتیی دەروونی و ھۆشمەندی و ھزری بەرپرسە باڵاکان، کە دانیشتنی هەڵسەنگاندنی خولی و مەشقکردن لەسەر بەڕێوەبردنی سترێس و قبوڵکردنی رەخنە و دووبارە بەستنەوە بە واقیعی کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت، دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ بێت لەو کۆمەڵگانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی ململانێ، دابەشبوون و گرژییە سیاسییەکاندا ژیاون.

لە کۆتاییدا، سەرکردە هەر مرۆڤە هەرچەندە دەسەڵاتی زۆر بێت، و مرۆڤ کاتێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو بازنەی دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە ڕەنگە وردە وردە توانای بینینی خۆی و کەسانی دیکە بە شێوەیەکی هاوسەنگ لەدەست بدات. لێرەوە، چەسپاندنی چەمکی چاودێریی دەروونی بۆ سەرکردەکان لە ناو کلتووری سیاسی و دامەزراوەییدا، دەکرێت یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە لە داهاتوودا یارمەتیدەر بێت بۆ بنیاتنانی بڕیاری عەقڵانیتر، سیستەمێکی هاوسەنگتر، و کۆمەڵگەیەک کە کەمتر دوچاری هەڵەکانی دەسەڵاتی درێژخایەن ببێتەوە.

👤
Live: 15 Today: 41 📊 Click Here