تەرازووی شکاو و چەکوشی حیزبی

تەرازووی شکاو و چەکوشی حیزبی

جار بینراوە: (8.9K)

شەهرام خالید عەبدولڕەحمان

پیاوێکی کوێر تەرازوویەکی دادپەروەری بەدەستەوەیە، بەڵام لەبری کێشانی ڕاستی و تاوان، چاوەڕێیە گوێی لە فیکەی ئەو مافیایانە بێت کە لە پشتەوە وەستاون تا پێی بڵێن کام لایەی تەرازووەکە قورس بکات. لە کاتێکدا دزێکی بچووک لەسەر پارووە نانێک دەخرێتە کونجی زیندانەوە، ئەو کەسانەی خەزێنەی شارەکەیان خاڵی کردووە، بە ئۆتۆمبێلە ڕەشەکانیانەوە دێنە حەوشەی دادگا بۆ ئەوەی بڕیاری ئازادبوونی خۆیان و لەسێدارەدانی نەیارەکانیان واژۆ بکەن. ئەم هەرێمەی ئێمە خاوەنی دامەزراوەی دادوەری نییە؛ ئەوەی هەیە دادگای کارتۆنییە کە تێیدا پارتی و یەکێتی چەکوشی دادوەریان کردووەتە ئامرازێک بۆ شکاندنی کەرامەتی هاوڵاتی و پاراستنی ئابووری سێبەر و سامانی ونبوو.

کاتێک یاسا دەبێتە کاڵایەک و لە بازاڕی دەسەڵاتی بنەماڵەدا دەفرۆشرێتەوە، سەروەری یاسا تەنها دەبێتە قسەیەکی بێمانا بۆ ڕازاندنەوەی ی بەرپرسان. دادوەرە سێبەرەکان لە ژوورە داخراوەکانی حیزبدا پێشوەختە حوکمەکان دەردەکەن، پاشانیش دادوەرەکانی ناو هۆڵەکان تەنها وەک ئەکتەرێک ئەو دەقانە دەخوێننەوە کە بۆیان نووسراوە. بەم شێوەیە، پەڕاوی هەڵبەستراو بۆ زیندانیانی بیروڕا دروست دەکرێت، تاوەکو هەر کەسێک پرسیار لەسەر نەوتی دزراو و کۆمپانیا حزبییەکان بکات، بەناوی یاساوە تیرۆری دەروونی و جەستەیی بکرێت و سەرکوتکردنی مەدەنی جێگەی لێپرسینەوەی ڕاستەقینە بگرێتەوە.

“هیچ ستەمکارییەک لەوە دڕندانەتر نییە کە لە ژێر قەڵغانی یاسا و بە ناوی دادپەروەرییەوە ئەنجام دەدرێت” ئەمەش هەمان ئەو کارەساتەیە کە لە دادگاکانی چیلیدا لە سەردەمی پینۆشێت ڕووی دەدا، کاتێک دادوەرەکان چاویان لە ئاست ڕفاندنی سیاسی و کوشتنی خەڵک دەپۆشی و تەنها کاریان شەرعیەتدان بوو بە بڕیارەکانی سوپا و دەستەبژێرە گەندەڵەکە. بەڵام ئەم تاڵانچییانەی ئێمە، لە پینۆشێتیش فێڵبازترن؛ ئەوان دادگایان نەک هەر بۆ بێدەنگکردن بەکارهێناوە، بەڵکو کردوویانەتە مەیدانێک بۆ ئەوەی غەسلی پارەکانیان پێ یاسایی بکەن و خەڵکیش لە ترسی هێزی تاریکی نەوێرێت نزیکی بینای دادگاکان ببێتەوە.

👤
Live: 22 Today: 16 📊 Click Here