ترەمپ و کات

ترەمپ و کات

جار بینراوە: (173)

ترەمپ یەکی جیاوازی هەیە بە کاتەوە. دیارە کات وەک بوارێک بە هیچ شێوەیەک مایەی بیرکردنەوە نیە لە دونیای ئێمەدا. بەڵام کات کایەیەکی زۆر چڕی ئاڵۆزە، کە تێگەیشتن لێی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هەموو دیاردەیەک.

بیرمەندی سیاسی هەنگاری ئیڤان کراستیڤ، ئاماژە بەم دیدەی ترەمپ دەدات لە بواری کاتدا، وەک دیدێکی شۆڕشگێڕانە. دیارە مەبەست لە شۆڕش ئەوە نیە باشە یان خراپ بەڵکو مەبەست لێی تەواو جیاوازە لە ئەوانیتر.

بە دیدی ئیڤان لای ترمپ ڕابوردوو و داهاتوو هەموو لە ئێستادا کۆدەبنەوە. ترەمپ بە هیچ شێوەیەک پەیوەست نیە بە ڕابوردوو، هەرچەندە ماگا وەک جوڵانەوەیەک بانگەشە بۆ ڕابوردوویەکی لە دەست چوو دەکات کە دەبێت بگەڕێندرێتەوە، بەڵام بۆ ترەمپ دونیا لە ئەوەوە دەست پێدەکات و لە ئەودا کۆتایی دێت.

ترەمپ وەک ئیڤان دەڵێت خاوەن بیرکردنەوەی درێژخایەن نیە، بەڵکو هەمیشە جەخت لە سەر کاتی دیاریکراو یان سنوردار یان deadline دەکاتەوە. وەک لەم جەنگەدا دەیبینین، بەردەوام کات لە دوای کات دیاری دەکات. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە هەمیشە کاتەکانی زۆر کورتن، لای ترەمپ کاتەکان بە کاتژمێر و ڕۆژ و هەفتە دەپێورێن. ئەو هەرگیز ناتوانێت باسی ساڵ و دەیە و سەدە بکات. بە دیدی من یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم بەپەلەبونە، دروستکردنی چوارچێوەیەکی ترە جیاواز لە چوارچێوەی دیموکرات و ئەوانیتر، نەک تەنها لە شەڕدا بەڵکو لە هەموو بوارێکدا. یەکێک لە ڕەخنە گەورەکان لە دیموکراتەکان دەگیرێت ئەوەیە کە بۆ هەموو شتێک کاتی زۆری دەوێت و کار بە خێرایی ناڕوات.

ترەمپ دەیەوێت بڵێت ئەو پیاوی جێبەجێکردنی کاری خێرایە. دیارە لە هەمانکاتدا ڕەهەندی میدیاییشی هەیە. دەکرێت بڵێین کە ترەمپ کوری تەلەفزیونە. مرۆڤی تەلەفزیونی و میدیایی بە گشتی ئالودەیە لە بەپەلە و هەنوکە و نها و ئەم شتانە. لە کاتێکدا تینوی خێرا هاتنە لە هەمانکاتدا تینوی خێرا کۆتایی هاتنە. شتەکان دەبێت زوو بێن و زوو بڕۆن. هەموو دیاردەیەک پاش ساتێکی کەم مایەی بێزارییە.

بۆ نمونە لەم شەڕی ئێرانەدا ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنێک بەدەست بهێنێت بە خێرایی. بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەوەی دەیکات لە دوور مەودادا چ کاریگەری هەیە لە سەر ئەمریکا و ناوچەکە. کات لە ئەودا چڕ بوەتەوە، کات لە دوای ئەو بونی نیە.

لەم ڕوەوە بە زۆری لە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێت. دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتێکدا دەیانەوێت داهاتوو داگیر بکەن بەوەی ببن بە ناو و نیشانەی هەموو شتێک، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ساتێکدا بونیان هەبێت. بەڵام لە هەمانکاتدا دەزانن کە پاش خۆیان تەواو پێچەوانە ڕودەدات. ئەگەر لە سەردەمی خۆیاندا لە هەموو ساتێک و لە هەموو شوێنێکن، ئەوا لە پاش خۆیان لە هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک نین.

ترەمپ لەم مامەڵەیەی لە گەڵ کاتدا دەیەوێت خۆی لە سەنتەردا بێت، نایەوێت بزانین ساتێکی تر چی دەکات، بەڵکو دەبێت چاوەڕێی ئەوبین بزانین چی دەکات، بەم شێوەیە ئێمە ناچار دەبین بزانین چیمان پێدەڵێت، چونکە ناتوانین پێشبینی بکەین کە کەی شتێک دەڵێت و چی دەڵێت. لەمەدا لۆجیکی هەموو شتێک دادەڕمێت. بۆ نمونە لە شەڕی تردا دەکرێت بزانین قۆناغەکان بونیان هەیە، ئامانجەکان بونیان هەیە. بەڵام لەم جەنگەدا هیچ کام لەمانە بە ڕونی نازانرێت. سەمەرەی مامەڵەی ترەمپ بۆ کات ئەوەیە کە خۆشی نازانێت کە دەبێت ساتێکی تر چی بکات، چونکە ساتێکی تر تەواو جیاوازە.

ئەم جۆرە مامەڵەیە لە گەڵ کاتدا بۆ دیموکراسی زۆر ترسناکە. کرۆکی دیموکراسی نوێنەرایەتی بریتیە لە پەیماندان. پەیماندان لە هەناو کاتدایە. بەڵام لای ترەمپ کات تێدەپەڕێت و دەمرێت، بۆیە هیچ بنەمایەک نیە بۆ پەیمان بردنە سەر.

بابەتى تر

👤
Live: 129 Today: 705 📊 Click Here