ڕەنجی بێدەنگ؛ لە نێوان پیرۆزیی کار و تاڵیی ژیاندا

ڕەنجی بێدەنگ؛ لە نێوان پیرۆزیی کار و تاڵیی ژیاندا

جار بینراوە: (15)

جەژنی کرێکاران تەنیا ڕێکەوتێکی ساڵنامە نییە بۆ ئەوەی لەو بەروارەدا ئاهەنگ بگێڕن یان بەرپرسان پەیامێک بڵاو بکەنەوە و سەرمایەدارێک ژەمێک نانیان پێ بدادات، بەڵکو وەستانێکی پڕ لە ئازارە لەبەردەم ڕەنجی ئەو مرۆڤانەی کە شارستانییەت لەسەر شانی ئەوان بونیاد نراوە، کەچی خۆیان کەمترین پشکیان لەو شکۆیە بەردەکەوێت.

جەژن بۆ ئەو کەسەیە کە جەستەی پشوویەک بدات، نەک بۆ کرێکارێک کە دەستەقڵیشاوەکانی هێشتا بۆنی ئارەقە و ململانێی نانیان لێ دێت؛ کرێکار ئەو قارەمانە بێدەنگەیە کە شارەکان بونیاد دەنێت و خۆی لە پەراوێزی ژیاندا دەمێنێتەوە، جەژنی ڕاستەقینە ئەو ڕۆژەیە کە ماندووبوونی ئەو پێش وشکبوونەوەی ئارەقەی نێوچەوانی، بە دادپەروەری نرخێنرێت.

کاتێک باس لە کرێکار دەکەین، باس لە دەستەقڵیشاوەکان و دەکەین، باس لە دەستی تەزیوی چلەی زستان دەکەین ، باس لە گەروشکبوونی گەرمای تاقەتپروکێنی هاوین دەکەین لە باڵەخانەیەکی بەرزدا ، باس لەو باوکانە دەکەین کە لە ژێر باری قورسی چیمەنتۆ و ئاسندا پشتیان چەماوەتەوە تا پشتبەستووی کەس نەبن.

نەهامەتی کرێکار لەوەدایە کە ئەو دەستی هەیە لە دروستکردنی جوانترین کۆشکەکاندا، کەچی خۆی لە ژوورێکی سارد و بچووکدا شەو دەکاتەوە. ئەو دەسووڕێنەری ی چەرخی ئابوورییە، بەڵام لە کاتی دابەشکردنی سەروەتدا، تەنیا ماندووبوون و مەترسییەکانی سەر کار دەبنە بەشی ئەو. ئەمڕۆ ڕۆژی هاوارکردنە بە ڕووی ئەو نادادییەی کە ڕەنجی مرۆڤ وەک کاڵایەک دەبینێت و کەرامەتی ماندووبوونی لەبیر کردووە.

با ئەم ڕۆژە تەنیا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک و دروشم تێنەپەڕێت؛ چونکە کرێکار پێویستی بە بەزەیی نییە، بەڵکو پێویستی بە دادپەروەری، مافی یاسایی، و ژیانێکی شایستە هەیە.

سڵاو بۆ ئەو قارەمانە بێدەنگانەی کە نانیان بە خوێنی دڵ و ئارەقەی نێوچەوان دەست دەکەوێت. هەروەها دەکرێت بڵێین لەم ڕۆژەدا، سڵاو لەو دەستانەی کە چەرخی ژیان دەسووڕێنن، بەڵام خۆیان لەژێر باری گرانی ژیاندا دەچەمێنەوە؛ جەژنی کرێکار تەنیا یادکردنەوە نییە، بەڵکوو هاوارێکە بۆ کەرامەت و مافە خوراوەکان لە جیهانێکدا کە ڕەنجی هەژاران دەکاتە هەوێنی خۆشگوزەرانی دەوڵەمەندان.

هیوادارم توانیبیتم لەم گەدا نارەحەتی و ماندوبوونتان بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە ئاراستەی لایەنی داری بکەم و بە قەڵەمەکەی دەستم دەنگم بخەمە پاڵ ئازارەکانتان .

بابەتى تر

👤
Live: 146 Today: 1,442 📊 Click Here