مزگەوت و کوردەواری لەبەردەم هەڕەشەی ئیسلامی سیاسیدا

مزگەوت و کوردەواری لەبەردەم هەڕەشەی ئیسلامی سیاسیدا

جار بینراوە: (5)

ساڵی ١٨٧٩ لە باشووری کوردستان گرانیی و برسییەتی بڵاو دەبێتەوە. ئەو ساڵە بە ساڵی “گرانییە گەورەکە” ناسراوە.

ئەو دەمە کاک ئەحمەدی سلێمانی (کاک ئەحمەدی شێخ) داوای هاوکاری لە بازرگانەکانی شار دەکات، لە ناو مزگەوتی گەورەی سلێمانی (بە فەرمانی ئیبراهیم پاشای بابان درووستکراوە)، چێشتخانەیەک درووست دەکات. لەو چێشتخانەیە خواردن درووست دەکات و بێ بەرامبەر بەسەر خەڵکی برسیدا دابەشی دەکات.

ئەم نەریتە تا ئێستاش لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی پەیڕەو دەکرێت. بە درێژایی ساڵ هەژاران دەتوانن لە ژەمی نیوەڕۆدا، بچنە ناو مزگەتی گەورە و ژەمێک خواردنی بێ بەرامبەر وەربگرن.

کاربەدەستانی مزگەوتی گەورە، بە هەمان نەریتی سەردەمی کاک ئەحمەدی سلێمانی، هەرگیز لە ڕەگەز و ئاین و نەتەوەی کەسانی هەژار ناپرسن، بێ جیاوازی خواردنی بێبەرامبەر بەسەر کەسانی برسی و بێنەوادا دابەش دەکەن.

مزگەوتی گەورە و کەسایەتی کاک ئەحمەدی شێخ، نموونەیەکی جوانی ئاینداری و ویژدانزیندوویی موسوڵمانی کوردە.

بە درێژایی مێژوو، مزگەوتەکانی کوردستان تەنها دامەزراوەی ئاینی نەبوون، بەڵکو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگیش بوون.

لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو، مزەگەوتەکانی کوردستان، بەتایبەت لە گوندەکان، هەمیشە پەنا و ماڵی دووەمی پێشمەرگە و ڕێبواران بوون.

بە تەنیشت ئەم نموونە جوانەوە، هەر لە شاری سلێمانی، کەسایەتییەکی جوان و دەست و دڵ پاک و بەخشندە کەریمی ئەلەکە هەیە.

کەریمی ئەلەکە موسوڵمان نەبووە و لە سەر ئاینی کرسیتیان بووە، لەبەر زیرەکی و دەستودڵپاکی، شێخ مەحموودی حەفید، پۆستی وەزیری ماڵی مەملەکەتی پێ سپاردووە.

لە چوار دەیەی ڕابردوودا، جمهوریی ئیسلامی ئێران و دواتر سعودیە و بە دوای ئەوانیشدا تورکیا، کاریان لەسەر گۆڕین و تێکدانی ئەم جۆرە ئایندارییە جوانەی کوردەواری کردووە.

سعودییەکان تورکەکان لە رێگەی ڕابیتەی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیییەوە، ئێرانییەکانیش لە رێگەی بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەرییەوە، خەریکن بە ئیسلامی سیاسی، باشووری کورستان بە گشتی و سلێمانی بە تایبەتی دەخنکێنن.

ئەمە بێجگە لە پەیدابوونی کتوپڕی چەند ڕەوتی سەلەفی، کە بەشێکیان لە لایەن پارتی و یەکێتییەوە پشتیوانی دەکرێن، بەو مەرجەی بە موسوڵمانان بڵێن مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی وەلی ئەمرن و تاعەتیان واجبە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوو ڕووداو کۆمەڵگەی باشووری هەژاند.

ڕووداوی یەکەم: شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەی کۆمەڵە غەزەل مەولان.

ڕووداوی دووەم: مەرگی لەناکاوی توێژەری فەلسەفە دکتۆر فاروق ڕەفیق.

لەم دوو ڕووداوەدا ئیسلامییەکان هەوڵیان دا مافی خاوەنماڵیی مزگەوت، لە خودا وەربگرنەوە و خۆیان وەک خاوەن ماڵ و مزگەوت پێشان بدەن!

ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بڵێت: مزگەوت موڵکی ئێمەیە و ئەوەی ئێمە بە موسوڵمانی نەزانین، ڕێگەی چوونەناو مزگەوتی نابێت، بە شەهید و مردووەکانیشەوە.

بەکارهێنانی مزگەوت وەک چەکێک لەلایەن ئیسلامی سیاسییەوە دەمانخاتە بەردەم قۆناغێکی نوێ و ترسناک!

سەیر ئەوەیە لە هەموو دنیادا ڕێکخراوە ئیخوانیەکان، یان قەدەغە کراون، یان لەبەردەم هەڕەشەی قەدەغەکردندان، تەنها لە هەرێمی کوردستان نەبێت، ئیخوانەکان جار دوای جار، هێرش دەکەنە سەر کۆمەڵگای کوردی!

حکومەتی هەرێمیش، لە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەیەوە، تا وەزیری ئەوقاف، مێش میوانیان نییە!

فۆتۆ: مزگەوتی گەورەی سلێمانی

بابەتى تر

👤
Live: 203 Today: 1,407 📊 Click Here