پووچیی و ڕەغبەتی لە کۆمەڵگادا

پووچیی و ڕەغبەتی لە کۆمەڵگادا

جار بینراوە: (1.0K)

سەیر ئەوەنییە کە پووچیی بەربڵاوەو ڕێژەکەی زۆر زیاترە لەوەی کە هەیە، سەیر لەوەدایە! تامەزرۆیی بۆ گەیشتن بەو ئاستەو هەڕاجبوونی کەسایەتی و کەرامەت ڕوو لە هەڵکشانە.

بێئاگابوون بەرامبەر پووچیی، مەرگێکە ناڕاستەوخۆ یەخەی گرتووین، خوویەکی ناشرینەو داگیری کردووین، ئازارێکە بە کۆمەڵ کۆتوبەندی کردووین، هزرو هەست و عەقڵیشی خستووەتە ژێر پرسیارەوە،

ئەوەی هەیەو دەبینرێ، داماویی و دواکەوتوویی عەقڵ و عەوامە، ئاراستەکردنێکی خراپی بەلاڕێدابردنی هەست و ڕەوشتی مرۆڤایەتییە، سەرگەردانیی هەنگاونانی خەیاڵێکی پووچە بەرەو واقعێکی تاڵ، زاڵبوونی خوویەکی داماڵراو لە ئەخلاقییەتە بەسەر ئینسانییەتدا، پەککەوتوویی تەواوی دونیابینی و گەشبینییەکانە بۆ ژیان.

پووچگەرایی، چاوی تەواوی مرۆڤەکانی بە خاڵی نەزانیی تەنیوە، هۆشیانی بۆ ئاراستەکردن مەترسیدار کردووە، ئامانجەکانی هەڕاج و تاڵان کردووە،

ئێستا پووچیی هێندە باویەتیی، خەریکە دەبێتە مۆدێلێک و ئیفلاس بە هۆشیاریی دەکات، شیاویی خۆبەکەمزانین و بەناوبانگبوون لەڕێی ئامانج و ئاراستەیەکی خراپ، بەکارهێنانی خود تا ئەو ڕادەیەی کەسایەتیی پێ وەلابنرێ، مایەی نیگەرانییەکی قووڵی ئێستای مرۆڤە ژیرەکانە، بەرگرتن بەم تێکچوونە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگا، ئەرکی لەپێشینەی دەستەی ڕۆشنبیرانە، پێویستە خاوەن دەسەڵات و ئەرکدار بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگرییەکی دەستەجەمعیی بنوێنن و دەم لەو هەڕاجبوونانە وەردەن کە نرخی کەسایەتی و کەرامەتی مرۆڤایەتییەکان داماڵیوە.

ئەوانەی دەچنە قاڵبی پووچییەوە، ئیدی کرداریان خاڵییە لە مەنتق و پێوەریان لاسەنگە لە بەراوردکردن،

بیناکردنەوەی کەسێتییە تێکشاوەکان، دانایی و هۆشیاریی عەقڵی و هزریی دەوێت، پابەندبوون و ڕێکخستنەوەیەکی وردو بەرنامە بۆ داڕێژراوی دەوێت،

کاتێکی سەخت و بوارێکی فراوانی پڕ لە پلانی دەوێت، تا هێدی هێدی دێتەوە سەر خۆو دەبێتەوە بەوەی هەبووەو ڕەسەنایەتیی دێتەوە بوون.

مرۆڤ نابێت بە ناوی ئازادییەوە بەها مرۆییەکانی لە تەواوی جوانییەکانەوە داماڵێ و، شکۆ و ڕەسەنایەتیی نەهێڵێ، ڕێزگرتن لەو بەهایانە هەم بۆ خود و هەم کۆمەڵگاش لووتکەی جوانیی ئەخوڵقێنێ.

ــــــــــــــــــــــــ

ڕەنگین مەلا سەمەد

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابەتى تر

👤
Live: 60 Today: 139 📊 Click Here