(نوسەران و ڕۆشنبیران) چاوێکتان نوقاو.. دەمتان داخراو..!
تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی
مێژودا، هەر پێشکەوتن و بەرەوپێشچونێکی بە خۆیەوە دیبێت، گومانی تیادا نیە پشکی شێری
بەر توێژە ڕۆشبیر و نوسەر و دەستەبژێرە ڕوناکبیر و خاوەن هزرەکانی کەوتوە. سەرئەنجام
ئاراستەی کۆمەڵگاکان و ڕێڕەوی مرۆڤایەتیان گۆڕیوە بەرەو شارستانیەکی دروست و هاوچەرخ،
بەمەش ناویان چۆتە ناو دوتوێی پەرتوک ولاپەڕەی ڕۆژنامەکان و بەدرەوشایی ماونەتەوە
و بونەتە ئەستێرەیەکی پرشگندار لە جیهاندا.
ئاساییە کاتێک ئەم توێژانە بەهۆی بەرگری و هەڵوێستەیان لە
هەژاران و ستەملێکراوان و مافخوراوان ڕوبەری سەرکوتکردن و بێدەنگکردن ببنەوە، لێ ئەوە
نائاساییە کە بێدەنگیان تاکە بژاردە بێت لەترس و لەرزی ژیان و بژێوی تاکەکەسیان، لەم
پێناوەشدا چاکەی گشتی و بەرژەوەندی باڵای کۆمەڵگا وەلا بنێن و سەرکز و واقوڕماوبن…
لەوەش کارەساتبارتر و نەنگتر ئەوەیە لە نێوان دوو ستەمکاردا بکەونە بەرەی یەکێکیان
و هێرش بکەنە ئەویتریان تا بەرژەوەندی خودی خۆیان بهێننە دی و هەرچی خواست و
داواکاری باڵای کۆمەڵگاکەیشیان هەیە، بکەنە قوربانی خۆشکوزەرانی و خواست و حەزە
تاکەکەسیەکانیان.
هەڵبەت ئەم چەند دێڕەم بۆ ئەوانەیە کە دەکەونە ژێر چەتری
ئەم پێناسەیە و دەیانگرێتەوە و وەکو ئەوەی کەهەن، نەک ئەوانەی بەدەرن لەم خەسڵەتانە
و هیچ هێز و دەسەڵاتێک ناتوانێت ئاراستەی ڕاستیان پێ بگۆڕن یان بشێوێنن، بەمەش بونەتە
جێگای متمانەی کۆمەڵگا و هاوشانی خەم و ئازارەکان ڕێچکە دەگرن.
نوسەران و ڕۆشنبیران و هەستیاران و هۆزانڤان و هونەرمەندان
و ڕاگەیاندکاران و خاوەن بڕوانامەکان و… تەواوی توێژەکانی تر کاریگەری لەسەر
ئاراستەی ئەرێنی کۆمەڵگا دادەنێن، سەرئەنجام کۆمەڵگایەکی دروست و بەرهەمدار دێنێتە
کایەوە، بەو مەرجەی ئەم توێژانە چاکەی گشتی و بەرژەوەندی باڵای تەواوی کۆمەڵگا لە
پلەی یەکەمدا ببینن.
سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەمە، هەر کاتێک ئەم توێژانە
بونە پاشکۆ و خۆ بەکۆیلەکردنی دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوا بۆ پارتێکی ڕامیاری و خەمی
کۆمەڵگایان وەلانا و بەتەنها دەستکەوت و بەدەستهێنانی پێگە و پایە و پارەیان پێش هەموو
ئامانجە گشتیەکان خست، ئەوا بێ گومان تەواوی کایە و تەونەکانی کۆمەڵگا بەرەو وێرانکردن
و داڕمان و هەلاهەلا کردن دەبات، دەرئەنجامەکەشی دەبێتە مایەی قەیران و ئاریشە و
گرفتی هەمەلایەنەی زیاتر.
ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت لە باشوری کوردستاندا، ئەو ڕەوشە
ناسروشتیەیە کە لە ناو ئەم توێژانەدا هەیە بەوەی لە بەرامبەر سەدەها تاوان و پێشێلکاری
دژ بە مرۆڤی کورد و کارەساتی جەرگبڕ و بێدەنگن یاخود هەر کە قسەشیان کرد..! ڕاستەوخۆ
دەکەونە بەرەیەک لە نێوان دوو بەرە لە تاوانکاری و تاڵانکردن و داگیرکاری سامانی
گشتی و قۆرخکاری .. لێرەدا بە پێویستی دەبینم چەند نمونەیە بخەمە ڕوو:
کاتێک ئەم توێژە بە ناو دانسقانەی ناو کۆمەڵگا دێن لە ڕاگەیاندن
قسە دەکەن لە سەکۆی ناوچەی زەرد هێرش دەکەنە سەر ناوچەی سەوز بەوەی لە سلێمانی چایچیەک
کوژراوە، بەڵام هیچ گێکیان نیە لەسەر ئەوەی لەناوجەرگەی پایتەختی هەرێمدا کەسێک
لەسەر (فول لایت) لەلایەن خزمی بەرپرسێکی پارتیەوە دەکوژرێت. بە هەمان شێوە کاکی بە
ناو نوسەر و خۆ بەڕۆشنبیرزان دێت لە ناوچەی سەوزەوە بە وشەسازی و ڕێکخستنی دەستەواژەکانی
گدەدات لەدژی هێرشکردنە سەر لاناز و گوندی هەرکیان لە لایەن پارتیەوە، کەچی کڕ
و بێدەنگ لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر لالەزار بە تانک و درۆن لە ناوجەرگەی شاری سلێمانیدا.
بە هەمان نەریت کاکی ڕاگەیاندنکار و بە ناو نوسەر لە دەسەڵاتداری
سەوزەوە باس لە داگیرکاری سامانی گشتی و زەوی و زاری ناوچەی زەرد دەکات لە سەری ڕەش
و هەولێر بۆ بەرپرسانی پارتی و کۆمپانیاکانی حیزب، لێ خۆی سەرکز و بێدەنگ دەکات بە
داگیرکردنی بەرپرسانی یەکێتی و بڕینی قەدپاڵەکانی گۆیژە و زەویەکانی بەکرەجۆ و
ناوچەکانی دی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب
و شێواندنی سروشتی شاری سلێمانی. بە شێوەیەکی تر لە ناو شاری هەولێرەوە بە ناوی
دادپەروەری و ڕاستیخوازیەوە باس لە بێ دادی و پێشلکاری دادوەران و دەزگاکانی ئاسایش
دەکات لە کێشە و دۆسیەی (لاهوری شێخ جەنگی و هاوەڵانی) ولە پیاوەتی خستنی بەندکراو
و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوانی هۆتێل (لالەزار) لە ژێر سایە و سێبەری دەسەڵاتی یەکێتی،
بەڵام زۆر بێ شەرمانە خۆی کەڕ و کاس و نابینا
کردوە لەبارەی دۆسیەی بە ناهەقگیراوان و تۆمەت هۆنینەوە بۆ(شێروان شێروانی و هاوڕێکانی)
تەنانەت ڕێکارەکان لە دادگا و ئاسایش و فەرمانکردن بەسەر دادوەران و داواکاری گشتی
لەلایەن بەرپرسانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و بە دادپەروەرانە ناوزەندیان دەکات.
هەر لە ناوچەی زەردەوە قسە لەسەر پاشکۆ بونی یەکێتی دەکات
بەوەی سەر بە ئێرانە و قەرارگای ڕەمەزان فەرمانی بەسەردا دەکات، کەچی ئەوەی باسی
ناکات ٢٨ بنکەی سەربازی و میتی تورکیە لەکانی ماسی و شیلادزی و بامەڕنی و … شوێنەکانی
دی، هەروەها بەنیوە شەو ڕۆشنکردنەوەی قەڵای هەولێر بە ئاڵای سوری تورکیا. هەر بە هەمان
ڕێسا لە ناوچەی سەوزەوە کاکی نوسەر و ڕۆشنبیر باس لە تیرۆرکردنی زەردەشت عوسمان و
ویداد حسێن و سۆرانی مامە حەمە و دکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف و … هتد دەکات، بەڵام
بە ئاستەم باسی تیرۆرکردنی جوانەمەرگ کاوە گەرمیانی ناکات.
ئینجا لە ناوچەی سەوزەوە کەسانێک دێن لەبەرژەوەندی یەکێتی
بە شانازیەوە ئازادی ڕادەربڕین بە کۆمەڵگا دەفرۆشننەوە و بێ ئەوەی باسی پاشەکشەی
ئازادی بکات. بەهەمان شێواز لە ناوچەی زەردەوە شانازی بە ڕێگاوبان و بەرزە پرد و
باڵەخانە بەرزەکانی ژێر دەسەڵاتداران و بەرپرسانی پارتی دەکات و بێ ئەوەی ئاماژە
بکات بۆ گەڕەکە هەژار نشینەکان و لافاوە وەرزیەکان بکات چۆن دەچێتە ناو ماڵانەوە.
لە شوێنێکی تر بەناو نوسەر و ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنکاران لە ناوچەی زەردەوە بەرنامەسازی
دەکەن لەسەر ناپاکی ١٦ ئۆکتۆبەر و ڕادەستکردنەوەی کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان بە
حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی ، کەچی کڕ و دەم بەستراوە لە ڕوداوی کارەساتی ٣١ی
ئاب و هێنانی سوپای عێراق بۆ سەر شاری هەولێر و بیانو هێنانەوە بۆ ڕوداوەکە و تەنانەت
بە سەرکەوتن دەیناسێنن.
ئەمانە و سەدەها نمونەی
تر هەن کە ناکرێت لەم گەدا درێژەی پێ بدەین …
لێرەوە بەکورتی دەڵێم:
_ کوردستان چی دی پێویستی بەنوسەر و ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە
نیە لەپاڵ پارتێکدا شوێنەکەیان بەکاربهێنن بۆ هێرش کردنە سەر پارتێکی دی تابەرژەوەندی
خۆیان بهێنێتە دی و خواستی تاکەکەسی خۆیان دەستەبەر بکەن.
_ کوردستان پێویستی بەو هەزارەها هۆزانڤان وهەستیار(شاعیر)
و ڕۆمان نوسانە نیە، کاتێک تەواوی پیشە و ئەرکیان لەپێناو هۆنینەوەی هۆنراوە و دەقی
وێژەیی بێت هەموو نوسینەکانیان بۆ ئەوین و دڵداری و خۆشەویستی و هەندێ بەرهەمی تر
بێت، کەچی خەمی گشتی و ئازاری کۆمەڵگاکەیان فەرامۆش بکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە بەرەی
ستەملێکراوان و مافخوراوان و زەوتکراوان و هەژاران، نەبنە پێشەنگی خەڵکی و بەگژی دەسەڵاتێکی
بەدفەڕدا نەچنەوە.
_ خەڵکی کوردستان خوازیارنین و پێداویستیان نیە بەو سوپاگەلە
لەو بەناو ڕاگەیانکار و بێژەرانەی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لەوانەی لە پەخشەکاندا
باسی بابەتی لاوەکی و بێ هودە بکەن یاخود لەبەرژەوەندی لایەنێک بۆ بەرژەدەوەندی
تاکەکەسی خۆیان و سیخناخکردنی گیرفانیان هێرش بکەنە سەر لایەنێکی تر.
بۆیە دەڵێم: (ئەگەر دوو چاوتان هەیە..؟ با کراوە
بن، نەک بەچاوی کراوەوە، دەمتان داخراو بێت).
29/09/2026
ەکانی تری نوسەر
-

(نوسەران و ڕۆشنبیران) چاوێکتان نوقاو.. دەمتان داخراو..! -

یاسا و دادوەر و دادگەری … بە تامی عەمبەر وەرید -

لە باشورماندا کەوتن … لە ڕۆژئاوا سەرکەوتن -

تەخت کردنی گۆیژە .. ئیفلیجکردنی مەلا بەختیار .. کێی تر لۆ مارێ؟ -

لە ڕۆژی (ڕۆژنامەگەری کوردی ) دەبێت چی بڵێین ..؟ -

نەوشیروان مستەفا لە بەردەم سەرەنێزەی هێرشدا .. بۆچی؟ -

بانگەواز بۆ گەڕانەوە..پاش هەرەسو پوکانەوە
-

لە یادی (١٧)ی شوبات:
(ڕوخاندن و بونیادنانەوە)
-

(لاهور جەنگی) لە شایکردنەوە بۆ شینگێڕان -

(بەرهەم ساڵەح) جارێ تر(٢٨) بۆ(٨٤) ئەبینێتەوە..؟ -

ئیسماعیل خەیات: دەستێک بۆ تکا و یەکێ بۆ نزا -

ژینا لە ئامێز ئەودیو ڕۆژهەڵاتباشوور دەمێکە کرا بە خەڵات
-

بەرزانی و تاڵەبانیشاسوار و داواکانی
-

(گەوهەرێ)کەی زیرەک..(ناپرسی)ەکەی شارۆخی..
-

ئامینەی کاکە باوە.. دەنگی پەتی لغاوە
















Post Comment