دەروازەی باشماخ لەبارەی هەواڵی دەستگیرکردنی سۆران عومەر روونکردنەوە دەدات

-
بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە دەستگیرکردنی پەرلەمانتارێکی پێشوو و کوڕەکەی بڵاوکراونەتەوە، بە ناڕاست و بێ بنەما وەسف کرد.
لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی دەستگیرکردنی سۆران عومەر، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و کوڕەکەی دەستاودەست دەکرێن، دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە.
ئاماژە بەوەش کراوە کە ناوبراو دواین سەردان و گەشتی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگەی مەرزی باشماخەوە لە بەرواری 21ی 11ی 2025دا بووە، و لەو کاتەشدا بە تەواوی رێزەوە بەڕێکراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ هۆشداری داوە کە رێکاری یاسایی لە دادگا دەگرنەبەر بەرانبەر هەر کەناڵ، پەیج و بڵاوکەرەوەیەک کە هەواڵی نادروست لەسەر کۆمەڵگەکە، بەڕێوەبەرایەتی و یاریدەدەرێتیی ئاسایشی دەروازەکە بڵاوبکاتەوە.
دەروازەی باشماخ جەختیشی کردووەتەوە کە خزمەتکردن و رێزگرتن لە هاوڵاتیان، گەشتیاران، شۆفێران و بازرگانان هەمیشە لە پێشینەی کارەکانیاندایە.














Post Comment