بەغدا و هەولێر: ڕێزگرتن بەو جۆرە لە ئەنفال ناگیرێت

بەغدا و هەولێر: ڕێزگرتن بەو جۆرە لە ئەنفال ناگیرێت

جار بینراوە: (537)

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ ڕوفاتی (153) ئەنفالکراوی ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرد، ئەو ڕوفاتانە لە کۆتایی ساڵی (2024)، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی تەلشێخیە لە پارێزگای سەماوە دەرهێنراون و هەموویان ژن و منداڵن.

لە ماددەی شەشی هەمواری یەکەمی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان کە لە (8/حوزەیران/2015) لە پارلەمانی عێراق پەسەندکراوە، هاتووە: ڕادەستکردنی ڕوفاتەکان بە کەسوکاری قوربانیان بەگوێرەی مەراسیمێکی شایستە لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤەوە دەبێت.

بەڵام ئایا ئەو بۆنەیەی ئەمڕۆ سازکرا شایستە بوو؟ بێگومان نەخێر. چونکە دەبوو ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی هەر چوار سەرۆکایەتیەکەی عێراق (کۆمار، حکومەت، پارلەمان، دادوەری)، هەروەها بە ئامادەبوونی پارلەمانتاران، وەزیرەکان، سەرکردەی لایەنە سیاسیەکان، باڵێوز و نوێنەری وڵاتان، مەراسیمەکە سازبکرایە، لەبەرئەوەی هەموو قوربانیەکان ژن و منداڵ بوون کە هیچ یاسا و ئاینێک ڕێگە بە کوشتنیان نادات.

لەلایەکی دیکەوە دەبوو پارلەمانتار و بەرپرسانی کورد لە بەغدا، مکوڕ بونایە لەسەر ئەوەی تەواوی ڕوفاتەکان بە ئۆتۆمبێل لە بەغداوە بەرەو کەرکوک بهێنرایە، بەجۆرێک هەموو ئەو ناوچانەی دەکەوتنە سەر ئەو رێگایە، بەرپرسانیان ئاگادار بکرانایە تاوەکو خۆیان و هاوڵاتیانیان بەگوڵ پێشوازییان لە ڕوفاتەکان بکردایە، ئەوەش دەبووە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی ئەنفال بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە، هەروەها لە میدیاکاندا دەنگدانەوەیەکی باشی دەبوو. چونکە هەر لە یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا هاتووە: حکومەتی فیدراڵی دەبێت پارەی پێویست تەرخان بکات بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەخاک سپاردنی روفاتی شەهیدان.

گەیشتنی ڕوفاتەکان بە ئاڵای کوردستانەوە بۆ کەرکوک، چەندین پەیامی دەگەیاند، چونکە قوربانیەکان هەموویان کوردن و خەڵکی سنوری پارێزگای کەرکوکن، جگەلەوەی لەدوای ڕووداوەکانی (16/ئۆکتۆبەر/2017)ەوە ڕێگە بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک نادرێت. بۆیە مەراسیمێکی لەو جۆرە دەیتوانی ئەو تابوکردنە بشکێنێت.

دەبوو ڕوفاتەکان لە کەرکوکەوە ببرایە بۆ هەولێر، لە هەولێریش دەبوو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت مەراسیمێکی شایستە و شیاویان بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانیانە ئەنجام بدایە، چونکە تەنها تاوانی ئەو قوربانیانە ئەوە بوو کە کوردن و خەڵکی کوردستانن. پاشان لە هەولێرەوە بەرەو سلێمانی بەڕێ بکرانایە.

ئێستا کە ڕوفاتەکان بە فڕۆکە لە بەغداوە بۆ سلێمانی هێنراوەتەوە، کێشەی شوێنی ناشتنیان هەیە، چونکە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لە هەر یەکە لە چەمچەماڵ، کەلار و کۆیە داوادەکەن لە ناوچەکەی ئەوان بنێژرێت. لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، پەیمانگای پزیشکی دادوەری لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرپرسە لە توێکاری ڕوفاتەکان و وەرگرتنی سامپڵ و پشکینی (DNA) بۆ ڕوفاتەکان و کەسوکاری قوربانیان و بەراوردکردنیان، تاوەکو بەشێوەیەکی فەرمی تەرمەکان بناسرێنەوە و ڕادەستی کەسوکاریان بکرێتەوە. دەبوو لە ماوەی بیست مانگی ڕابردودا ئەو پەیمانگایە پشکنیەکانی ئەنجام بدایە، کە نەیکردوە دەبێت نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەو کەمتەرخەمیە بپێچنەوە و بەدوایدا بچن.

لێرەوە جێگەی خۆیەتی بە دەنگی بەرز و بەڕوون و ڕاشکاوی بە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێم بڵێین: بەڕاستی ڕێزگرتن لە قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال بەو جۆرە نابێت!

بابەتى تر


👤
Live: 97 Today: 2,046 📊 Click Here