ڕۆڵی ژنان لە بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی

ڕۆڵی ژنان لە بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی

جار بینراوە: (21)

هەستی نەتەوایەتی بریتییە لە خۆشەویستی خاک و نیشتمان، پاراستنی زمان و کولتوور، و گرنگیدان بە مێژوو و مافەکانی نەتەوە، ئەم هەستە، هەستێکی قوولە کە مرۆڤ بە نەتەوەکەی دەبەستێت و وای لێدەکات هەوڵ بدات بۆ پاراستنی ناسنامە و بوونی نەتەوەیی.

ژنان وەک بەشێکی لە کۆمەڵگەدا، هەستێکی بەهێزیان بۆ نەتەوە هەیە، ئەم هەستە زۆرجار بە شێوەیەکی تایبەتی و جیاواز دەردەکەوێت، یەکێک لە گرنگترین ڕۆڵەکانیان پاراستنی زمان و کولتوورە لە ناو خێزاندا، کە بە شێوەیەکی سرووشتی بۆ نەوەی داهاتوو دەگوازرێتەوە، هەروەها ژنان بە گواستنەوەی نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان بنەمای ناسنامەی نەتەوایەتی بەهێز دەکەن.

بەشداری ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەیە، کاتێک ژنان بەهەستی نەتەوایەتییەوە دەچنە ناو ئەم بوارانە، دەتوانن گۆڕانکارییەکی گرنگ لە کۆمەڵگەدا درووست بکەن، کە ئەمەش بەهێزکردنی دیموکراسی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە بەدوادا دەهێنێت، لە هەمانکاتدا ئەم هەستە ژنان هان دەدات بۆ داواکاری مافەکانیان و پاراستنی ناسنامەی کەلتووریان، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەڕەشە لەسەر ناسنامەکەی هەیە.

کاریگەری هەستی نەتەوایەتی ژنان لەسەر کۆمەڵگە لە چەند ڕوویەکی جیاوازدا دەردەکەوێت، یەکەم، ژنان بەهاکانی زمان و کەلتووری نەتەوەیی بە شێوەیەکی سرووشتی بۆ نەوەی داهاتوو دەگوازنەوە، کە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ناسنامەی نەتەوایەتی، دووەم، بە درووستکردنی هەستی بەرپرسیاریەتی لە منداڵاندا، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە درووست دەکەن، سێیەم، بە بەشداری لە بوارە سیاسییەکاندا، دەنگی ژنان بەهێزتر دەبێت و کاریگەرییان لەسەر دانانی یاسا و بڕیارەکان دەبێت، بە تایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە، کەلتوور و مافەکانی مرۆڤ.

لەگەڵ ئەم هەموو گرنگییە، دەبێت ئاگاداربین کە هەستی نەتەوایەتی ئەگەر بە شێوەیەکی توند و نادرووست بەکاربهێندرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوون و کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بۆیە پێویستە ئەم هەستە بە شێوەیەکی هاوسەنگ و هوشیارانە بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی ببێتە هۆی یەکگرتوویی نەک جیاوازی.

لە کۆتاییدا، ڕۆڵی ژنانی کورد لە مێژوودا زۆر گرنگ و کاریگەربووە بۆ یەکێتی نەتەوەیی، ئەوان تەنها پشتگیری نەبوون، بەڵکو هاوبەشی بوون لە پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامەی کوردی، لە خەباتی چەکداری و سیاسییەکاندا بەشدار بوون و هەروەها ڕۆڵێکی بنەڕەتیان لە پاراستنی زمان، کولتوور و فەرهەنگدا بینیووە، بە تایبەتی لە کاتی سەرکوت و قەدەغەکردنی ناسنامەی کوردی، لە سەردەمی ئێستاشدا، ژنان لە ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری نەتەوەیی و مافەکانی کورددا ڕۆڵی کارا و بەردەوامیان هەیە.

لە کاتی قەیران و شەڕدا، ژنان نەک تەنها پشتگیری دەکەن، بەڵکو زۆرجار بە شێوەی ڕاستەوخۆ وەک هێزی پاراستن و ڕێکخەر بەشدار دەبن. ئەم بەشدارییە ڕاستەوخۆیە وای لە داگیرکەران دەکات کە تێبگەن نەتەوەیەک بە ئاسانی ناچێتە ژێر دەسەڵاتیان، کاتێک ژنان بە ئیرادەیەکی بەرز لە پێشەنگایەتی پاراستنی خاک و نیشتمانەکەیان دەبن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ژنان تەنها خەباتکار نین، بەڵکو دروستکەری نەوەی داهاتوون، ئەوان کەلتوور، زمان و ناسنامە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە، و ئەمەش هەوڵەکانی داگیرکەر بۆ گۆڕینی کەلتوور یان زمان کەم دەکاتەوە.

بەم هۆیەوە، داگیرکەران لە ژنانی کورد دەترسن، چونکە دەزانن هێزی ڕاستەقینەی نەتەوەیەک تەنها لە چەکدا نییە، بەڵکو لە یەکگرتوویی، هوشیاری و ئیرادەی خەڵکەکەیدایە، کە ژنان لە ناویدا ڕۆڵی دەگێڕن.

بە گشتی، ژنان یەکێکن لە ستوونە یەکانی پاراستن و بەهێزکردنی نەتەوە و ناسنامەی نەتەوایەتی، و بێ بەشدارییان درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو و پێشکەوتوو کارێکی ئەستەم دەبێت.

هەر وەک ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە لە فەلسەفە و نووسینەکانیدا گرنگییەکی زۆر بە ڕۆڵی ژنان دەدات، بە تایبەتی لە پرسی یەکێتی نەتەوەیی و درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.

بەپێی بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجالان، ژنان بنەمای کۆمەڵگەن، و ئازادی کۆمەڵگە بەستراوە بە ئازادی ژن، واتە ئەگەر ژنان ئازاد نەبن، نەتەوەش ناتوانێت بە ڕاستی ئازاد بێت، بەم هۆیە، پێشەنگایەتی ژنان بە پێویست دەزانێت بۆ گەیشتن بە یەکێتی نەتەوەیی.

عەبدوڵا ئۆجالان پێوایە یەکەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای ژن درووست بووە، بۆیە ژنان ڕۆڵێکی بنەڕەتیان لە پاراستنی کەلتوور و ناسنامەی نەتەوە هەیە، ژنان دەبێت تەنها بەشدار نەبن، بەڵکو پێشەنگ و ڕێبەر بن لە خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، چونکە دەتوانن شێوازێکی نوێی دیموکراتی و هاوبەشی درووست بکەن.

بەپێی فکری ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، یەکێتی ڕاستەقینە تەنها کاتێک درووست دەبێت کە ژنان ڕۆڵی ان هەبێت، چونکە ژنان زۆرجار نزیکترن لە بەهاکانی هاوبەشی، دادپەروەری و ئاشتی، هەروەها سیستەمی پیاوسالاری بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابەشبوونی کۆمەڵگە دەزانێت، و پێیوایە بەهێزکردنی ژنان دەتوانێت ئەم سیستەمە تێکبشکێنێت و یەکگرتوویی بەهێز بکات.

بابەتى تر

👤
Live: 160 Today: 1,687 📊 Click Here