پرنسیپی دیموکراسی کاری ڕێکخراوی مەدەنی و سەرنجێک؟
کە باس لە کۆمەلگای مەدەنی دەکەین؛ واتا کۆمەلگایەکی ھۆشیارو ھاوچەرخ و گۆرانکاری لە نۆرمە جیاوازییەکانی کۆمەلگاوو ھاوئامانج و گشتگیر بەیەکەوە، کارکردنی پێکەوەی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگاو بەرژەوەندیەکانی کۆمەلگا بە کاری ھەروەزی، ئەمە دیدگایەکی سەرەتاییە بۆ کاری مەدەنی و پرنسیپە باڵاوو لەبەرچاوگیراوەکان لەم بواره. ئەگەر بەپێچەوانەوە ئەمە لەکاری ڕێکخراوەی مەدەنی بهێنیتە دەرەوە هیچ مانایەک بۆ کایەکەو جوڵاوەکەی نامێنێەوە!
لەیەکێک لەجومگە هەستیارەکانیشدا کە باس لە دیموکراسی دەکەین واتا دەستاو دەست کردنی دەسەلات، لێرەدا نالێین بریاری خەڵک و سەرچاوەی دیموکراسی بەمانا کلاسیکیەکەی ناگەڕێنینەوە بۆ تەنیا خەڵک، چونکە باس لە کاری رێکخراوەی مەدەنی و دیموکرسی دەکەین و ئەمەش بە ئامادەبوونی دیموکراسی لەزهنیەتی بەڕێوەبردنی کاری ڕێکخراوەیی دەبەستینەوە.
بێگومان ئەم بابەتە گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام دەتوانین ئاوا لێکدانەوەی بۆ بکەین و چڕی بکەینەوە” بریاری ئازادو دور لە قۆرخ کاری و بەرێوبردن و کارگێری”؛ کە دەتوانم بڵێم بوەتە مۆتەکەی سەردڵی زۆربەی ئەو ڕێکخراوانەی لەباشووری کوردستان ئامادەبوونیان هەیەو بەڕێژەی جیاجیا لەکارو چالاکیدان یان دەجوڵێنەوە. دیاردەکە نوێ نیە بەڵکو لەو دوو تا سێ دەیەیی کاری ڕێکخراوەیی مەدەنی لەکوردستان بوونی هەیە؛ لەگەڵ دایک بوونی هەر ڕێکخراوێکدا شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو پەیکەری ڕێکخراوەکەو دەبێتە یەکەم بەربەست لەبەردەم بەرجەستەکردنی دیموکراسی لەجوڵەکانیدا.
کاری رێکخراوەی مەدەنی لە سەر هەردوو ئاستی “چەمکی کۆمەلگای مەدەنی و دیموکراسی” خۆی بەخاوەنی نیمچەیی هەردوو چەمکەکەو بەرجەستەکردنی لەتەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵگا دەزانێ و پرسیارە جەوهەری و جدییەکە ئەوەیە دەمانەوێ و دەتوانین تاچەند بیسەلمێنینن کە کاری جدی و دیسپلینی لەم دوو پرۆسەیەدا کردوەتە پرەنسیپی کاری رئکخراوەیی و سیستم و ئالانگاری کۆمەلگاو ھێنانەدی مافەکانی مرۆڤ و کەمکردنەوەی توندتیژیەکان؟ یان خزمەت کردنی کۆمەلگا دور لە ھیچ جۆرە جیاوازییەک لە ڕووی یاسایی و کۆمەلایەتی و سیاسیی و. بەدیھێنانی مافەکانی مرۆڤ؟
با نموونەیەک بێنینەوە؛ ژمارەی گشتی ئەو ڕێکخراوانەی لەبواری کۆمەڵگای مەدەنی کاردەکەن وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن ” ٢٠٠٠—٢٥٠٠” ڕێکخراوی كۆمەلگای مەدەنی ھەیەو “١٥٠-٢٥٠”رئکخراومان ھەیە کار لە سەر مافەکانی مرۆڤ و مافهكانی ژنان دەکەن! زۆر گرنگە ئەوە جێگای سەرنج و تێبینیمان بێت ئەم ڕێکخراوانە تا چەند کار بۆکەمکردنەوە ی پێشێلکارییەکان و توندوتیژیەکان دەکەن کە زۆرترین ئاماری پێشێلکاری و بەتایبەت توندتێژییمان ھەیە بەرامبەر بەژنان دەکرێت؟ یان تاچەند پێشێلکاریەکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ لایەنی کەم کۆکراوەتەوەو کاری جدی لەسەر کراوە؟ ئەوە لەولاوە بوەستێ کەتاچەند رۆڵی ژنان کاری جدی لەسەر کراوە کە بگاتە دەسەڵات و پێگەی بریاردان لە دام و دەزگا تەشریعی و تەنفیزییەکاندا، ئایا بەشداری پێکردنەکان بۆ پێدانی ڕووخساربوە یان بەشداری ڕایتەقینەی جێندەری؟ یان هەقە بپرسین ئەداو کاری رئکخراوەکان تاچەند رۆڵیان ڕاست و رەوان بوە لە کۆمەلگای کوردیدا بۆ پێشخستنی مافەکانی ژن؟
کاری ڕێکخراوەیی دەبێت لە پرەنسیپی دیموکراسی بۆ کۆمەلگای مەدەنی دا جێگای بێتەوەو لەهەمان کاتدا ڕێکخراوەی مەدەنی دەبێت داینەمۆی دیموکراسی بێت لەکۆمەڵگادا. پرسیاری جدیتر ئەوەیە ئایا خودی ڕێکخراوەکان توانیویانە خۆیان و پەیکەری ڕێکخڕاوەییان دیموکراتیزە بکەن؟ بەڕای من و بێگومان نەخێر؛ چونکە سەدان ڕێکخراومان هەیە لەڕۆژی دروستبونیانەوە تا ئێستا کەسێ دەیە زیاترە یەک سەرۆک یان بەڕێوەبەرو دەستە قورخیان کردوەو بەڕێوەی دەبەن، ئەمەش لەهیچ شوێنێکی دیموکراسیدا جێگای نابێتەوە بەڵکو بەتەواوی پێچەوانی بنەماکانی دیموکراسییە!
بۆیە بڕوام وایە کاتی ئەوە هاتوە دەبێت دەزگایەکی چاودێری بەدواداچون ھەبێت بۆکاری رئکخراوەکان ھەم لە ڕووی کارگێری کارکردنی ستاف و چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانێان؟ دەبێت ئەوە بەپێویست بزانین کە کاری رێکخراوەیی دوور لە قۆرخکاری بەڕێوەبردنی بەکۆمەڵ و هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی کارو پڕۆژەیە نەک ئەوەی لەکوردستان دەیبینین؛ رێکخراومان ھەیە ٢٠ بۆ ٣٠ سالە تەنیا کەسێکەو ھەر بەرێوبەرەو هەم جێبەجێکارەو هەم بڕیاردەرە؟ لەکوێی دنیاو لەکام یاسای کاری مەدەنی ڕێکخراوەییدا شتی وا بوونی هەیە؟
ئەمانەو دەیان سەرنجی تر؛ وامان لێدەخوازن پیداچوونەوەیەکی جددی بەکاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای بکرێ و لەچوارچێوەی هەمان چەمکی دیموکراسی کەبنەمای دامەزراندنیانە گفتوگۆی جددیان لەسەربکرێ، بۆ ئەوەی ئەو قاڵبە نادیموکراسی و چەق بەستوەیان تێک بشکێنرێ و ڕێڕەوە نادیموکراسییەکەیان ڕاست بکرێتەوە.















Post Comment