وەزارەتی ناوخۆ: 33 گەنجی دیکە لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ناوخۆ: 33 گەنجی دیکە لە لیبیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان

جار بینراوە: (12)

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت، تەواوی ڕێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی ٣٣ گەنجی دیکە کە لە وڵاتی لیبیا دەستبەسەر بوون کۆتایی هاتووە و هەفتەی ئایندە دەگەنەوە باوەشی نیشتمان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2ـی ئەیلولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێك هاوڵاتی کوردستان لە وڵاتی لیبیا بەدەست گەیشت، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی یەکانی دەرەوە ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و ڕزگارکردنیان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئێستادا تەواوی مامەڵە یاساییەکانی ئەو 33 گەنجە تەواو بووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەیەنرێنەوە هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گەنجانە ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر سەخت بوونەتەوە، بەجۆرێک هەندێکیان بۆ ماوەی 8 مانگ لە بەندینخانەکاندا بوون و بەردەوام مەترسی مردنیان لەسەر بووە.

حکومەتی هەرێم جارێکی دیکە هۆشداری دەداتە گەنجان و خێزانەکانیان کە خۆیان لە کۆچی نایاسایی بپارێزن و دەڵێت: ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاری یاسایی و لێپرسینەوەی توندی وڵاتانی بەدوادا دێت.

بەپێی ئامارەکانی حکومەت، تاوەکو ئێستا توانراوە 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەکان و مەترسیدارەکاندا ڕزگار بکرێن و بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

👤
Live: 117 Today: 1,124 📊 Click Here