لەبارەی سڵاوکردنەوە

لەبارەی سڵاوکردنەوە

جار بینراوە: (924)

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی لە سلێمانیدام، زۆرترین ئیشێک کردبێتم بریتی بووە لە سڵاوکردن. مادامەکی سڵاوکردن لەنێوان دوو کەسدا دەکرێت، ئەوا خەسڵەتێکی دیالێکتیکی هەیە. هەر کەسێک سڵاو بکات و بکاتەوە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەخوازێت دان بنێت بە بوونی کەسەکەی تردا. سڵاوکردن جۆرێکە لەخەمخواردنی ئەویتر، پەرۆشییەکی بوونگەرانەیە بۆ ئەویتر، ئەگەرچی عادەتێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام من وای دەبینم زۆرتر پەرۆشێکی وجودییانەیە بۆ جەغد کردنەوە لە بوونی ئەویتر. بۆیە سڵاوی بوونگەرانە ئەکتێکی بێ بەرژەوەندییە و هیچی لەویتر ناوێت جگە لە داننان بە هەبوونی ئەویتر. بۆیە هاوڕێیەتی لەڕۆحی سڵاوکردنەوە دروست دەبێت. هەموو سڵاوێک هاوڕێیەک دەچەسپێنێت و ناهاوڕێیەکیش دەکات بە هاوڕێ. بۆیە سڵاوکردن لە ڕاومێکی دیالێکتی دا ڕوودەدات. هەردوو لایەنەکە ڕاومی هاوڕێیەتی دروست دەکەن. سڵاو هەم خۆدەربڕینی نیاز و خەمەکانی خودە بۆ ئەویتر و هەمیش دانپێدانانە بە ئەویتردا. هایدێگەریش هەروای دەبینی کەوا، سڵاوکردن دەست لێدانی ئەویترە، بەڵام گرتنی نییە. چونکە لەخۆرئاوا سڵاوکردن لەدوورەوەیە، لەدوورەوە دەست لەویتر دەدرێت بەبێ گرتنی. ئەمەش لەڕێی تەماشاکردنی و نیگاتێبڕینی ئەویترەوەیە. ئێستا لەنێو گەنجاندا باوەش پیاکردنێک دروست بووە کە مەبەست لێی گرتنی ئەویتر نییە بەڵکو دەستلێدانێتی.

بەڵام لەخۆرهەڵاتی دووردا ( چین، یاپان، کۆریا) سلاو کردن لەڕێی خۆچەماندنەوەوە دەبێت، خۆچەماندنەوەش واتە تەماشای ئەویتر نەکەین.

بەڵام لەخۆرهەڵاتی ئێمەدا سلاو کردن دەست لێدان و گرتن و ماچکردنیشە. لە خۆرهەلاتی دوور تەماشاکردنی ئەویتر جۆرێکە لە بێڕێزی، لەکاتێکدا لای ئێمە تەوقە نەکردن و دەست نەگرتن و ماچ نەکردن بێڕێزییە. لە خۆرهەڵاتی دووردا هەموو خودێک خۆی بۆ ئەویتر نەرێ دەکاتەوە بۆیە لەوێ سڵاوکردن دیالێکتیکانە نییە. بەڵام لێرە و لە ئەورووپا سلاو کردن شتێکی دیالێکتیکانەیە.

نیتچە دەیگوت (تۆ) کۆنترە لە (من). ئەمە جەوهەری ترین ڕستەی داننانە بەویتردا کە ڕیشەیەکی بوودیزمانە و زەردەشتانەشی هەیە.

هەموو پێشتر دانانێکی ئەویتر واتە کوشتنی ئیگۆی خۆمان. هاوڕێیەتیش بەپلەی یەکەم بریتییە لە وەلانانی ئیگۆ، ئەو کردەیە یە کە ناسنامە لەمن دەسەنێتەوە و من دەکاتە تۆ..

لەکاتێکدا ڤیتگەنشتاین دەیگووت مرۆڤەکان دەبێت سڵاو لەیەکتری بکەن، کەچی مرۆڤی مۆدێرنە لەبێپەرۆشییەوە دەڵێت، تەماشام مەکە، تەماشات ناکەم.

هەموومان ڕۆژانە ئەکەوینە ئەو هەڵوێستەوەی کە تەماشای هەندێک کەس نەکەین کە سەنگی هاوڕێیەتییان نییە، بۆیە وێڵیان دەکەین، تا ئەوانیش وێڵمان بکەن.

بابەتى تر


👤
Live: 108 Today: 1,893 📊 Click Here