فاروقی مەلا مستەفاو سەیرانگای دوكان
لە كوردستان زۆر شوێن و ناوچە هەیە شایانی ئەوەیە بكرێتە سەیرانگای زۆر شایستەو شیاو لەم ڕۆژنەی پێشوو چوینە بناری قەندیل و گوندی سورە دێ ئەو سروشتە جوان و دڵڕفێنە سەرسامی كردبووین ، ئاخر ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەیرانگاو شوێنی گەشتیاری تەنها جادەی باش و كەمێك ڕێكخستنی پێویستە ، كاتی خۆی ئێمە وتمان نەوت نامانباتە دیرۆكەوە ئەگەر دەمانەوێت بچینە سەر نەخشەی جیهان وەرن ئەنفال و جینۆساید بە دنیا بناسێنن، لەم ڕۆژانە بە واژوی بەرپرسێك پارەیەكی خەیاڵی بۆ دوو كۆمپانیای ئەو بوارە لە دەرەوە تەرخانكرا بوو نەكۆمپانیا دیارەو نەپارە ، جگە لە ئەنفال و جینۆساید ، ئێمە كشت و كاڵ و گەشت و گوزاریشمان هەیە ، بەڵام نەك بایەخی پێنادرێت بگرە تەفرو تونا كراوە.
دەساڵیشە خەیاڵی ئەوە دەكەم لە بەری ڕۆژهەڵاتی دەربەنی بازیان بۆ سەر شاخەكە، پشتی تەكێی كاكە مەند ئەگەر پارەو ئاوەز هەبێت سەر شاخەكە زۆر لە بارە بۆ سەیرانگاو دوكانی گەشتیاری و شوێنی مانەوەو خوارەوەشی بۆ بەنداوو گلدانەوەی ئاوو دروستكردنی دەریاچە زۆر لە بارە ، ئەمەش تەنها ڕێگەی باش و خەرجكردنی پارەوكەمێك ماندوو بون و هەندێك بوێری و سەرمایەداری ئازای دەوێت ، لە گەرمیانەوە تا كوێستان سەدان بگرە هەزاران شوێن و ناوچەمان هەیە دەكرێت حكومەت بیكات بە سەیرانگاو شوێنی گەشت و گوزار ، لێ حكومەتێكی خاوەن ئاوەزو بە بەرنامە .
چەند ساڵێكە فاروقی مەلا مستەفا دەیەوێت كەرتی گەشتیاری و جوانكاری گەورە لە سروشتی دواكاندا بكات ، فاروقی مەلا مستەفا كە ماوەی بەرێ لە گرتەیەكدا گوتی ” كفن گیرفانی نیە ” دەیەوێت خزمەتێ بە ناوچەكە بكات ، پێدەچێت پەڵپ و بیانوی پشك و بەش بەشێنەپەكی كارەكەیان خستبێت ، وەك چۆن كاتی خۆی هەر ئەو بڕو بیانوە پەكی ئەوەی خست كە پاڵاوگەیەكی گەورەی نەوت لە كەركوك دروست بكات ، ئەو شوێنەی ئەو دەیەوێت بیكات بە ناوچەیەكی گەشت و گوزاری زۆر لە مێژە فەرامۆش كراوەو وێرانەیەكە بۆ خۆی ، كابرا دەیەوێت ئاوەدانی دروست بكات ، كەچی لەمپەرو بەربەستی بۆ دروست دەكەن ، من نازانم هۆكاری وەستانی پڕۆژەكە چیە ، بەڵام دەزانم یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت كە كوڕی مام جەلالە بەرپرسی یەكەمە لەوەی بە دواداچوون بۆ ئەو كارەو ئاڕیشەو كێشەكانی بكات .
كوردستان وا نزیك دەبێتەوە لە چوار دەیە بە دەستی خۆمانەوەیە ، كەچی تا ئێستا لە زۆر شوێن هەر جادەو بانەكەی سەردەمی بەعسەو بەرپرسە كوردەكانیش بێ هیچ شەرم و شورەییەك بە سەریدا دەڕۆن ، بیرمە كۆچكردوو مەسعود محەمەد بەر لە مردنی گوتی هەقە كورد بۆ ماوەی بیست ساڵ هەرێمی كوردستان بدەنە دەست نەرویج و دەنیماركەوەو دواتر بە هەموو گۆڕانێكەوە لێیان وەر بگرنەوە ، ئەوە نەكرا كە باوەڕم وایە ئەگەر كرابا ئێستا بیست ساڵەكە تەواو بووبوو، بەڵام خۆ دەكرێت ئێستا هەندێك ناوچە بدەنە دەست كۆمەڵێك سەرمایەداری نیشتمانیەوە ، ” نیشتمانی نەك نانیشتمانی و مشە خۆر” دواتر هەموو ئەو شوێنانە دەبنەوە موڵكی گشتی و هیچ سەرمایەدارێك لە گەڵ خۆیدا نایباتە قەبرەوەو فاروقی مەلا مستەفا وتەنی ” كفن گیرفانی نیە ” ، یەكێتی سەردەمی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا كراوەتر بایەخی بەم بوارە دەدا.















Post Comment