سەرچاوەی هەڕەشەكان لێرەن یان لەوێ‌؟

سەرچاوەی هەڕەشەكان لێرەن یان لەوێ‌؟

جار بینراوە: (24)

قەوارەی هەرێمی كوردستان بەری ڕەنج، خەبات و قوربانیدانی گرانبەهای خەڵكی كوردستانە. تاوەكو ئەم قەوارەیە دروست بوو، كەم جۆری توندوتیژی هەیە بەرامبەر میللەتەكەمان ئەنجام نەدرابێت؛ هەر لە ئەنفال و كیمیاباران و ڕاگواستن، تا تاوانەكانی جەنگ و كاولكردنی هەزاران گوند و چەندین شار و شارۆچكە. كەچی لە سایەی ململانێی ناڕەوا، پۆست، بەشبەشێنەی حزبی و كورسیی دەسەڵات، كۆی قەوارەكەیان خستووەتە مەترسییەوە و خۆیان باسی پارچەپارچەكردنی دەكەن.

ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان جەمسەرەكانی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، تەنیا كێبڕكێیەكی حیزبیی ئاسایی نین، بەڵكو گەیشتوونەتە قۆناغێكی قەیراناوی مەترسیدار كە ڕاستەوخۆ دامەزراوە شەرعی و فەرمییەكانی پەكخستووە؛ ژیان، بژێوی و سەقامگیریی دەروونی و كۆمەڵایەتیی هاووڵاتیانی ڕووبەڕووی شڵەژان و مەترسی كردووەتەوە. بەتایبەت كاتێك سەركردەیەك ڕاستییەكان دەدركێنێ و دەیسەلمێنێ كە هەرێمی كوردستان لە چ دۆخێكدایە؛ وەك ئەوەی كە بەڕێز قوباد تاڵەبانی بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت كە ئێستا واقیعی تاڵی “دوو ئیدارەیی” لە ئارادایە و سنوور و گومرك لە نێوان زۆنی سەوز و زۆنی زەرددا هەیە.

ئەم ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە، هاوتایە بەو حەقیقەتەی كە بەڕێز مەسعود بارزانی لە پرسی پێشمەرگەدا داكۆكی لێدەكات و وەك هێمایەكی پیرۆزی خەبات و قوربانیی نیشتمانیی نەتەوەیی وەسفی دەكات و چەكدانانی ڕەت دەكاتەوە. ئەم دوو دەربڕینە كە گوزارشت لە ڕاستییەكی مێژوویی قووڵ دەكات، هاوئاهەنگی ئەو دۆخە مەترسیدارەیە كە سەراپای دۆخی سیاسیی ئێمەی داپۆشیوە. بەڵێ، هەردوو سەركردە لەم دەستنیشانكردن و تێگەیشتنەیاندا تەواو ڕاست دەكەن، بەڵام ئەم دەربڕینانە تەنیا نیوەی حەقیقەتەكەن؛ چونكە نیوەكەی تری حەقیقەتەكە و بەرپرسیارێتییە مێژووییەكە، ڕاستەوخۆ لای خودی ئەوان و حیزبەكانیانە.

بۆیە گەر كەمێك بە دیقەتەوە لە پرسی دوو ئیدارەیی بڕوانین و كەمێك لە بابەتەكە وردبینەوە، ئەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ڕاستە ئێستا هەرێمی كوردستان لە لێواری دابەشبوونێكی قووڵی كارگێڕی و ئابووریدایە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكە لێرەدا ئەوەیە: كێ ئەم سنوورە دەستكردانەی نێوان شارەكانی دروست كردووە؟ دوو ئیدارەیی لە دەرەوەی سنوورەكانەوە نەهاتووە، بەڵكو بەرهەمی ڕاستەوخۆی پۆلێنكردنی داهات، قۆرخكاریی زۆنەكان و ململانێی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی خۆیانە لەسەر دەسەڵات. ناكرێت لە لایەكەوە لە لووتكەی دەسەڵاتی حكومەتدا بیت و هەموو جومگەكانی بڕیارت بەدەست بێت، و لە لایەكی تریشەوە وەك لایەنێكی بێگوناه خۆت نمایش كەیت و پێتوابێت ئەوی تر تۆمەتباری پلە یەكە لە بەرجەستەكردنی ئەم دۆخەدا.

ئەم دۆخە چەقبەستووە تەنها ئاراستەیەك نییە بۆ دوو ئیدارەیی، بەڵكوو گەیشتووەتە ئاستێك دامەزراوە نیشتمانییەكانی ئیفلیج كردووە و متمانەی نێوان شەقام و دەسەڵاتی بە تەواوی سڕیوەتەوە؛ بووەتە هۆكار بۆ زیاتر ئاڵۆزی و تێكچوونی هەلومەرجە گشتییەكە. وایلێهاتووە كاتێك گی فەرمی حیزبەكان لە لووتكەی دەسەڵاتدا تەنیا دەبێتە گێڕانەوەی كێشەكان و لۆمەكردنی لایەنی بەرامبەر، قەیرانەكە قووڵتر دەبێتەوە و كەس متمانە ناكات؛ چونكە كۆمەڵگە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە ئێوە وەك هەردوو حزب، خۆتان ئەندازیار و نەخشەداڕێژەری ئەم دابەشبوونە ئابووری و دڵەڕاوكێیە كۆمەڵایەتییەن.

لە لایەكی ترەوە، بەرگریكردن لە هەیبەت و پیرۆزیی پێشمەرگە وەك هێزێكی پارێزەری نیشتمان، كارێكی شیاو و پێویستە؛ چونكە پێشمەرگە مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و قوربانیدانە. بەڵام ئەوەی لەم گە فەرمییەدا فەرامۆش كراوە، چارەنووسی نادیاری هەزاران پێشمەرگەی ڕاستەقینەی حیزبەكانە. كاتێك ی سیاسی باس لە قوربانییەكانی پێشمەرگە دەكات، لە واقیعدا دەبینین هەزاران تێكۆشەری دڵسۆز كە تەمەنی خۆیان لە پێشمەرگایەتیدا بەخشی -ئەی پێشمەرگەكانی حیزبی شیوعی و حیزبەكانی شاخ شۆڕەسواری خەباتی شاخ نەبوون و دونیایەك قوربانییان نەدا و خوێنیان نەبەخشی؟- كەچی هاوڕێكانیانتان بە بێدەنگی نێردراونەتە ماڵەوە لە ژێر ناو و پاساوی جیاجیادا كە خۆتان سەدا یەكی جێبەجێ ناكەن و هیچ موهیمەیەكیان نییە. لە بەرامبەریشدا، پلە و پۆست و ئیمتیازاتە گەورەكان بەخشراونەتە پێشمەرگە تایبەتەكانی خۆتان كە بەشێكی زۆریان كەمترین مێژوویان لە خەباتدا هەبووە و هەیە. هێزی پێشمەرگە كاتێك بە تەواوی پیرۆز دەبێت كە لە ژێر چەتری نیشتماندا یەكبخرێتەوە و ژیانی شایستەیان بۆ دابین بكرێت؛ پێشمەرگەی كوردستان بن نەك موڵكی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بن و وەك كارتێكی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و شەڕی ناوخۆیی بەكاربهێنرێن.

بەردەوامیی ئەم شەڕە ساردە و قووڵبوونەوەی زۆنبەندی، تەنها مەترسی نییە لەسەر هەردوو حزب، بەڵكوو گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئاییندەی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. لەو بارودۆخە هەرێمایەتی و ناوچەییە پڕ لە گۆڕانكارییەدا، ئێمە خاوەنی ناوخۆیەكی پەرتەوازە و هێزێكی چەكداری حزبی و دابەشكراوین؛ ئەمەش باشترین پاساوە بۆ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر تا قەوارەكە لەبارببەن و بمانگەڕێننەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، كە دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی هەرێمە لە بازنەیەكی حوكمڕانیی تەسكدا.

ئەمەش پێویستی بە گێڕانەوە و شیكردنەوەی كێشەكان نییە، بەڵكو پێویستی بە ئیرادەیەكی ڕاستەقینە و كردار هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە دوو ئیدارەیی، یەكخستنی هێزەكان و گێڕانەوەی كەرامەت بۆ پێشمەرگە و شەرعیەتی یاسایی حوكمڕانی كە قوربانییەكی یەكجار زۆری بۆ دراوە.

هەرێمی كوردستان بەبێ گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە، توانای بەردەوامیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر دەبێت. ئەوەی ئەمڕۆش هەڕەشەیە لەسەر ئەزموونەكەمان، پێش ئەوەی بەغدا و ئەنقەرە و تاران و دیمەشق بێت، سیاسەتی ناوخۆ و عەقڵیەتی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانیی فەرمانڕەوایە.

بابەتى تر

👤
Live: 123 Today: 1,495 📊 Click Here