تەنها كلیلی چارەسەر بۆ كورد لە نێو ئەم داڕمان و ڕوخانە

تەنها كلیلی چارەسەر بۆ كورد لە نێو ئەم داڕمان و ڕوخانە

جار بینراوە: (25)

چارەسەر نەكردنی ئەو كچە پێشمەرگەیەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە خەستەخانەكانی سلێمانی، گەیشتنە بە ژێرەوەی داڕمان و ڕوخانی ڕۆحیی و ئەخلاقیی نەتەوەیی و مرۆڤبوون. چونكە لە كاتی جەنگ و شەڕدا، تەنانەت هەموو سوپا و گەلان و وڵاتانی جیهان، مەبدەئێكی نەگۆڕ لە نێویاندا هەیە، ئەویش چارەسەركردنی دیل و بریندارانی دوژمنە لە كاتی هانا هێنان، خۆ بەدەستەوە دان، یان لە كاتی دەست بەسەرداگرتن. غەزال مەولان، لە كاتێكدا كەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرشی ڕژێمی ئێران، كە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە و لایەنەكان چیتر بۆمبارانی یەكتر ناكەن. لەم ئاگربەستەدا، تەنانەت حسێبی مرۆڤ بۆ كورد نەكراوە، دەستدرێژی ئێران و كلكەكانی بەردەوام بووە بۆ سەر كوردستان. جارێ با باسی ئەوە نەكەین، چۆن ئێران توانیویەتی شوێنی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستنیشان بكات لە ناو جەرگەی سلێمانی، چون ئەمە بۆ خۆی كارەساتێكی هەرە گەورەیە، خەڵكانێك ببن بە سیخوڕ و چاوساغی دوژمنی ناحەز، دژ بە گەل و وڵاتی خۆیان.

كورد تا ئێستا، بە هیچ شێواز، نە هێزی جوڵاندووە دژ بە ڕژێمی ئێران، نە تەقەیەكی كردووە، كەچی ئەم ڕژێمە زیاتر لە 700 موشەك و درۆنی داوە لە باشوری كوردستان. ئەم دەستدرێژیەی ڕژێمی ئێران و ڕژێمی توركیاش بۆ سەر كورد، خەتای هەرە گەورە لە ئەستۆی كورد خۆیەتی. كورد وەك نەتەوە هەڵسوكەوت ناكات و پەرتەواز و ناكۆك و دژەبەری یەكترە. نەتەوە و وڵاتانی دەوروبەرمان خاوەنی یەك سەركردایەتیی، یەك بڕیار، یەك هەڵوێستن. هەمیشە بەرامبەر بە كورد دژ و چاو سوورو دڕن، بۆ كەمترین دەرفەت و هەنجەت دەست لە كورد دەوەشێنن. وەك نێر، لە ناو ماڵی كورد، خۆیان بە سەر كورد زاڵ كردووە و بە كوردەكە دەڵێن چۆن لە ناو ماڵی خۆی هەڵسان و دانیشتن بكات و چۆن بجوڵێت، بەردەوامیش، دەستدرێژی دەكەنە سەر شەرەف و ناموس و سەروەت و سامانی كورد. كوردیشمان هەیە هاوكار و تەبایە لە گەڵ ئەم جۆرە دوژمنانە، دژی كوردەكانی تر سەنگەر دەگرێ و یەك زەڕرە سازش ناكات. بەرامبەر بە دوژمنیش نەك نقەی لێوە نایێت، بەڵكو سەرشۆڕێكی زەلیل و جاشێكی .

نەبوونی یەك سەركردە، نەبوونی یەك سەركردایەتیی، یەك بڕیار و یەك سوپای كورد، كوردی لە نەتەوە دابەزاندووەتە چەند گروپێكی چەتەی بێ ڕێز و بێ نرخ. هەنوكەی كورد، بریتیە لە فرە سەركردە و فرە هێز و فرە ناوچە. لەم واقیعەشدا، گەندەڵیی بووەتە گیا و دڕكی هەمیشە حازری هەر چوار وەرز. لەو هەموو سەركردانەی ئێستا هەن، تەنها یەكێكیان نەبێت، كەسیان لەو ئاستە نین ببنە سەركردەی نەتەوە یان پێشەوا. زۆر ڕاشكاوانە دەڵێم، ئەم قسەیەش بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو دەیكەم (تا مێژوو ماوە)، ئەو تاقە سەركردەیەی ئێستا هەمانە كە بتوانێت سەركردایەتیی نەتەوەی كورد بكات و ببێت بە پێشەوا مەسعود بارزانیە. ئەویش ئێستا تەمەنی چووەتە پێش و لەم تاقانەییەیدا جێگرەوەی نیە. بارزانی، شایەنی ئەم پێگەیە، نەك بە هۆی ئەوەی بارزانییە یان پارتی، بەڵكو لە بەر ئەوەی پەروەردەی دەستی سەركردە و زانا و تەكیەی نزیك هەشتا ساڵ لەموبەرە، كە بریتیە لە هەموو چەمكەكانی مەردایەتیی و مێرخاسیی و وەفا و قوربانیی و خەبات. بارزانی میراتگری مەلا مستەفا، قازی محەممەد، شێخ مەحمودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران و شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و شێخی نەهریە. هەمان ئەخلاق و هەمان بۆن و هەمان ڕەوت و هەمان كاكڵەیە. داخی گرانم، كورد بە گشتیی وێڕای ئەوەی زۆر بێ ویژدانانە بە تەور كەوتوونەتە سەر سەركردایەتیی و پێشەوایەتیی ئەم مرۆڤە مەردە، لە لایەكی ترەوە زۆر كەمتر پێزانیان هەیە بۆ ئەو جەوهەر و كاكڵەیەی ئەم سەركردەیە، كە دەكرێت ببێتە دینەمۆی سەربەخۆیی كوردستان و بەدیهێنانی خەونی كورد و دروستكردنەوەی سام و هەیبەتی كورد لەم ناوچەیە و لە جیهاندا. لەو تەورانەی كە بەردەوام دژ بە بارزانی دەوەشێندرێن، ناخۆشترین و قوڕسترینیان تەورەكانی پارتی و بنەماڵەی بارزانیە، بە هۆی گەندەڵیی بەردەوام و نەبوونی حوكمڕانیەكی دادگەرانە، ئەو ڕۆڵ و مەكانەتەی بارزانی لە نێو كورد لێیدراوە. ئنجا لەدوای ئەوانیشەوە، تەورە نامەردەكانی حزب و گروپەكانی ترە، كە كلكەكانیان لە ناو داری كرمۆڵ دروستكراوە. میللەتی كوردی ماندوو و شەكەت و برسیكراو و بێ ڕێزكراویش، بە هۆی حزبەكان (لە پێشی هەمووشیانەوە پارتی)، بێ تاقەت و بێ هیوا بووە، هۆشیاریش تەواو بۆ پلەی سستی دابەزیووە و دادوبێداد بە دەست زەبری ژیان و ژاندا، كورد دەناڵێنی.

چی بكەین و چار چیە؟

پێش ئەوەی كاك مەسعودمان لە دەست بچێت، كە سەركردەی تاقانەی میراتی مێرخاسیی و كوردخاسیی مێژووی دێرینمانە، پێویستە كۆنگرەیەكی نیشتمانی هەر چوار پارچەی كوردستان ڕێك بخرێت، بۆ دەستنیشانكردنی ئەم بەڕێزە وەك سەركردە و پێشەوا بۆ كورد، بڕیاری بڕیار بێت و فەرمانڕەوایی فەرمان ڕەوایی بێت، وەك ئەوەی نەتەوەكانی دەوروبەرمان خاوەنی یەك سەركردایەتیی و یەك پێشەوان: تورك و فارس، عەڕەبیش تا ڕاددەیەكی زۆر (شیعە سەر بە خامەنەئی و ئێران، سوننەش خاوەنی سەركردایەتیی و هێز و ڕەوتی خۆیانن، بە لایەنی كەمەوە هەموویان كۆكن دژ بە كورد). ئەمڕۆ بە هۆی ئەوەی كاك مەسعود تاقە كەسە بتوانێت ئەم ڕۆڵە ببینێت، كورد دەتوانێت شەرعیەتی ئەم سەركردەیە بەكار بێنێت بۆ یەكێتی نەتەوەیی كورد. كاتێكیش ئەم شەرعیەتە دروست بوو، بارزانی دەتوانێت ئەم شەرعیەتە بدات بەو كەسەی لە دوای خۆی دەستنیشانی دەكات بۆ بەردەوامدان بە شەرعیەتی یەك سەركردە و یەك سەركردایەتیی. بەڵام هەتا كۆ-دەنگی كورد دروست نەبێت لە ڕێگەی كۆنگرەیەكی نیشتمانی بەرفراوان، لە هەر چوار پارچەی كوردستان، ئەم شەرعیەتە دروست نابێت. ئەگەر ئەم شەرعیەتەش دروست نەبوو، لە دوای بارزانی بۆ كەسێكی تر دروست نابێت. ئەم شەرعیەتە بۆ كاك مەسعود دەكرێت، ئێستا ڕەوش لە بارە و پێویستییەكی هەرە گەورەی نەتەوەی كوردە بهێتە دی.

بێگومان، قسە دەكرێت و هەڵلانان دێتە كایەوە، گەندەڵیی و حوكمڕانی چەوتی پارتی باسی لێوە دەكرێت بەرامبەر بەم بۆچوونە. ئەمە ڕاستە، گەندەڵیی لە نێو كورد تەواو قووڵە و بووەتە شێرپەنجە. بەڵام لە نێو ئەم گەندەڵیی و واقیعە تاڵە، تەنها چارەسەر ئەوەیە كە پێشتر باسم لێیەوە كرد. دەتوانین كلیلی چارەسەر بێنین، هەر بەم چارەسەرەش دەتوانین زەمینەخۆشیی بكەین بۆ چارەسەری حوكمڕانیی و گەندەڵیی، كە كوردی تەنیووە. چون ئەگەر دەستەڵات گەورە و فراوان بوو، بەرپرسیارەتیی و هەستی لێپرسینەوەش گەورەتر دەبێت. بە بەشدار بوونی هەموو لایەنەكانیش لە دەستەڵات، ماوەی گەندەلیی بەرتەسك دەبێتەوە و بەرەو نەمان دەڕوا. ئەوكات تاكی كورد وەك تاكی نەتەوە هەڵسوكەوت دەكات، نەتەوەی كورد وەك نەتەوەیەكی تەندروست هەڵوێستی دەبێت و ئەم زەلیلیی و سەرشۆڕیە نامێنێت. فرەهێزیی و فرەسەركردەیی، هەوێنی هەمیشەیی گەندەڵیی و خیانەت و جاشایەتییە. ئەگەر ئێمە عاقڵانە و ژیرانە مامەڵەمان كرد، بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی، ئەم خەونە دێرینەی زانایان و دانایانی كورد لە مێژووە وە هاتە دی، ئەوكات گەندەڵیی بەرەو نەمان پوچ دەبێتەوە، جاشایەتیی مەحاڵ دەبێت، خیانەت و سەرشۆڕیی دەبێتە ئەستەم.

مردن بۆ هەر تاكێكی كورد زۆر خۆشترە لەوەی بە بەر چاومان كچی كورد بریندار بكرێت، خەستەخانەی كوردیش لە ترسی دوژمن نەتوانن چارەسەری بكەن! مردن سەد جار لەم واقیعە خۆشترە. ئنجا بۆ ئەوەی لەمەش خراپتر لە منداڵەكانمان و نەوەكانمان ڕوو نەدات، پێویستە ئەم كۆنگرە نیشتمانییە بە زووترین كات ئامادە بكرێت، بە بەشداربوونی هەموو لایەنەكان و كەسایەتییە گرنگەكانی كوردستان، بۆ دەستنیشانكردنی مەسعود بارزانی بە سەركردەی شەرعیی و بڕیار بە دەستی كوردستان. ئەم هەنگاوە مێژووییە گرنگترین پێویستیی هەنوكەیی نەتەوەی كوردە، بۆ ئەوەی شەرعیەتیی ئەم یەكێتییە نەتەوەییە لە دوای ئەو بەردەوام بێت، ماڵی كورد بە پەرژینی پۆڵایین بپارێزرێت و ئەم خیانەت و نزمیی و گەندەڵییە بنبڕ بكرێت. دیسانەوەش دەیڵێمەوە، ئەم هەنگاوە نەنرێت، كورد فرمێسكی خوێن و حەسرەت دەبارێنێت لە داهاتوو. ئەم قسەیە بۆ ئێستا و ئایندەش دەیكەم، تا مردن بە ڕووی مندا بیدەنەوە!

بابەتى تر

👤
Live: 168 Today: 1,541 📊 Click Here