بۆ چارەسەری دۆخی پەروەردە، ڕیفۆرم یان گۆڕینی سیستەم

بۆ چارەسەری دۆخی پەروەردە، ڕیفۆرم یان گۆڕینی سیستەم

جار بینراوە: (12)

یەکێک لە دروشمەکانی بزاڤی خوێندکارانی فەرەنسا لە (مایۆی ١٩٦٨)دا، ئەمە بوو: (بونیادێک خۆی فەشەل و داڕماو بێت، پینەوپەڕۆکردنی، کەڵکی نییە!). کێشەکانی پەروەردەی ئێمە، بونیادی و ڕیشەیین. بۆیە پێویستە لە هەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەرییاندا، ڕیشەیی و ڕادیكالانە بیر بکەینەوە و هەنگاو بهاوێژین. یەعنی گەر لە هیچ شتێکدا ڕادیكاڵ نەبین، پێویستە لە مەسەلەی گۆڕین و داڕشتنی فۆرمێکی نوێی پەروەردەدا، ڕادیكاڵ بین. زۆر جار باس لە ڕیفۆرمی پەروەردەیی دەکرێت، بەڵام ڕیفۆرمیش چارەسەر نییە. ئاخر ڕیفۆڕم لە چیدا بکەین، کە بونیادەکە خۆی داڕماو بێت؟ هێنانی ئەم وەزیر و لادانی ئەو وەزیر، خۆ خافڵاندنە. دەستکاریکردنی چەند بابەتێکی خوێندن، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت و خۆدزینەوەیە لە چارەسەری ڕاستەقینە. چارەسەری ڕاستەقینە، گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردەیە. گۆڕینی سەرلەبەری ئەم سیستمەیە، هەر لە باخچەی ساوایانەوە، تا خوێندنی باڵا. هەر لە بینای قوتابخانەکانەوە، تا مامۆستا و پەرتووک و بابەتەکانی خوێندن و سیستمە کارگێڕییە کارەساتبارەکەیەوە، هەر هەمووی پێویستی بە گۆڕینی ڕادیكالانە هەیە! چارەسەر، تەنها گۆڕانی ڕیشەیی و لە بناغەوە هەڵتەکاندنی بنەماکانی ئەم سیستمەیە. کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، هەنگاوێک چییە، نەیبردینە پێشەوە!

مێژووی دامەزراندنی یەکەمین قوتابخانەی مۆدێرن لە کۆمەڵگەی کوردیدا، زیاترە لە سەدەیەک. دەکرێت ئەم سەدەیە، بە سەدەی شکستی پەروەردە ناوزەد بکەین. ئەوەی کە مرۆڤی کورد دژ بە نیشتمان، جوانی، ئازادی، و ژینگەیە، و بەگشتی دژ بە ژیانە، ئەوەی کە لە سەردەمی کرانەوە بە ڕووی دونیادا، جیهانبینیی نەوەی نوێمان تەسک و ئاسۆی بیر و ڕوانینیان تاریکە، لێکەوتەی سیستمی خراپی پەروەردەن. قەیرانی ئێمە، بە پلەی یەکەم قەیرانی پەروەردەیە. شکستە سیاسییەکانمان، لێکترازانی خێزان، و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیمان، زادەی شکستی پەروەردە و سیستمی پەروەردەی نادروستن. ئەم لەشکرە لە مرۆڤی غەمگین و نەزان، جنێودەر و توندوتیژ، داماڵراو لە مۆڕاڵ و بەها مرۆڤایەتی و کوردەوارییەکان، کە لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر مەترسیدارن، بەڵگەن لەسەر شکستی پەروەردە. ئەم نادادپەروەری و ئەم جیاکارییە ڕەگەزییەی، لەنێو خێزان و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێمەدا پەیڕەو دەکرێت، ئەو گەندەڵییەی سەرتاپای ژیانمانی گرتووەتەوە، ڕادەی ئەو فەشەلە نیشان دەدەن. دنیابینیی تاکی کورد و نەزانییە خەستەکەی، شێوازی ژیانی و ڕەفتارەکانی، بە ڕادەیەک مەترسیدارن، ناتوانین وێنای بکەین. ڕەنگە خۆمان زۆر هەستی پێ نەکەین، وەلێ هەر بێگانەیەک گەر بۆ ماوەی هەفتەیەک لەگەڵمان بێت، دەزانێت ئێمە لە غیابی پەروەردەدا ژیاوین و دەژین. تۆخبوونەوەی شارچییەتی، بەکولتووربوونی گەندەڵی، دەمەزەردکردنەوەی خێڵایەتی، و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان، هەموو ئەمانە بەڵگەی بێچەندوچوونن، لەسەر ئەوەی پەروەردەی ئێمە داڕماوە. ئەگەر وا نییە، ئەو هەموو مرۆڤە ملکەچ، ئەو لەشکرە لە جنێوفرۆش، ئەو هەموو جاشەی بە ئاشکرا جاشە، و ئەو هەموو سیاسەتکارە هەزیل، و ئەو هەموو پەرلەمانتار و وەزیرە بێسەوادە، لە کوێوە دێن؟

دەبێت دانی پێدا بنێین، کە خێزان و یە کۆمەڵایەتییەکانمان، زمان و فەرهەنگ، هونەر و کولتوورمان، هەر هەمووی لەژێر هەڕەشەی گەورەدان. ئەوەی کە نە متمانە بە یەکتر دەکەین، و نە ئینتیمای نیشتمانیمان ماوە. ئەوەی کە بە جەماعی جنێو بە یەکتر دەدەین، ئەوەی کە داماڵراوین لە هەموو بەهایەکی باڵا، ئەوەی کە سڵ لە هیچ تاوانێک ناکەینەوە، و ئەوەی کە هیچ تاوانێک ڕامانناچڵەکێنێت، نیشانەی کەوتن و داڕمانی پەروەردەن. شکستەکە ئەوەندە گەورەیە، چیتر نە دەشاردرێتەوە، نە پینە دەکرێت. نەزانیی مرۆڤی کورد، کە دەرهاویشتەی غیابی پەروەردەیەکی تۆکمەیە، شتێک نییە بیشارینەوە و ناتوانین پەردەپۆشی بکەین. ئاخر زۆر بە ڕوونی پێمانەوە دیارە. بە قسەکردن و نانخواردن و شێوازی ژیانمانەوە دیارە. لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتماندا، ڕەنگی داوەتەوە. تەنانەت کاریگەریی ئەم غیابە پەروەردەییە، بە ڕۆیشتنمانەوە دیارە ئەو کاتەی لە شەقام دەپەڕینەوە. ئەو کاتەی لە نۆرەی کڕینی سەموون، یان وەرگرتنی مووچەدا وەستاوین. بەو کۆمێنتانەشمانەوە دیارە، کە بۆ یەکتری دەنووسین.

ڕیشەی هەموو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، و کێشە فیکری و ئەخلاقییەکانی تاکی کورد لە باشوور، لە هەناوی سیستمە پەروەردەییەکەیدایە. کەچی لە جیاتی ئەوەی بێین کێشەکان دەستنیشان بکەین، پاساویان بۆ دەهێنینەوە. ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە زۆر خراپ و نەرێنییەکانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی، کە نە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت، نە توانای دەستنیشانکردنی کێشەکانی خۆی هەیە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کە خۆی دەخاتە دەرەوەی کێشەکانەوە، بەربەستە لەبەردەم دۆزینەوەی چارەسەر، بۆ زۆر پرس و مەسەلەی چارەنووسسازی تری نێو کۆمەڵگەش.

پەروەردە بنەمایە، و هیچ گۆڕانکارییەک لە هیچ بوارێکدا نایەتە دی، بەبێ گۆڕینی، یان ڕاستتر بڵێین، بەبێ تووڕدانی ئەم سیستمە پەروەردەییەی ئێستا. هەموو گۆڕانکارییە گەورەکانی دونیا، سەرەتا بە گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردە، لە هزر و دنیابینیی مرۆڤەکانەوە، دەستیان پێ کردووە. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە ئەوەیە، لە گۆڕینی مرۆڤەوە دەست پێ بکات. ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی گۆڕینی فەلسەفەی پەروەردە، و دیاریکردنی ئامانجەکان، و جێگیرکردنی سیستمێکی پێشکەوتووی پەروەردە دێتە دی، کە وەڵامگۆی ئاڵنگارییەکانی ئەمڕۆ و ئایندە بێت. چارەسەر، دانانی سیستمێکی خوێندنی هاوچەرخە، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی تاک و کۆمەڵ بگونجێت. تەریب بێت لەگەڵ ئامانجە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، و هاوتا بێت لەگەڵ پێشهات و پێشکەوتنەکانی دنیای نوێدا. چارەسەر گۆڕینی سیستەم و فەلسەفەی پەروەردەیە، بە ئامانجی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کەسایەتیی تاکی کورد، لە ڕووی هزری، دەروونی، و جەستەییشەوە!

*جگە لە گۆڕینی سەرلەبەری سیستمی خوێندن و فەلسەفەی پەروەردە و جگە لە گێڕانەوەی بەها و پێگەی

بابەتى تر

👤
Live: 153 Today: 904 📊 Click Here