برسی کردن بە شێوەی نەریتی نوێ

برسی کردن بە شێوەی نەریتی نوێ

جار بینراوە: (18.1K)

بەناوی ئەو دەسەڵاتەی کە هەمیشە لە پێشەوە دەڵێت “ئێمە خەمی خەڵک دەخۆین”، بەڵام لە پشت پەردەدا هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە دەبێت کە خەڵک لە خەمی خۆی بمێنێتەوە. ئەمەش نەک لەبەر کەمبونی دارایی یان نەبوونی سەرچاوە، نا… بەڵکو لەبەر ئەوە کە دەزانن گەر خەڵک لەسەر خەمی خۆی نەبێت، کاتێک دەگاتە دەستی، دەست دەکات بە پرسیارکردن. دەست دەکات بە خوێندنەوە، دەست دەکات بە تێگەیشتن. ئەو کاتە دیارە کە ئەوەی لەسەر کورسی دانیشتووە ناتوانێت بە ئارامى بمێنێتەوە.

ئێستا، سیاسەتی نوێیان داهێناوە: “برسی کردن بە شێوەیەکی مۆدێرن”. موچە دابنێن، بەڵام نە بە کاتی خۆی. قسە لەسەر گەشەسەندن دەکەن، بەڵام بە بازاڕێک کە تەنها ئەوانی تێدایە. قسە لە دادگا دەکەن، بەڵام تەنها بۆ ئەوەی بڵێن “ئێمە یاسا دەناسین”.

لە کاتێکدا ملیارەها دەبەنە دەرەوە، خەڵکێک هەن موچەیان ٢ مانگ وون دەبێت، بەڵام دەڵێن “چاوەڕێ بن هێشتا بەغداد پارەى نەناردووە”. ئەمەش وەک فیلمێکە کە هەمیشە دەستی پێدەکەن، بەڵام کۆتایی نایەت. قسە لە نیشتیمان دەکەن، بەڵام نیشتیمان تەنها لە ناوی ئەواندا ماوەتەوە. قسە لە دادپەروەری دەکەن، بەڵام دادگا تەنها بۆ ئەوەیە کە بڵێن “ئێمە دادپەروەریمان فەراهەم کردووە”.

ئێوە کە هەموو شتێک بە ناوی خەڵک دەکەن، بەڵام هیچ شتێک بۆ خەڵک ناکەن. دەزانن ئە گەر خەڵک بپرسێت، دەبێت بڕوان. بۆیە هەوڵ دەدەن خەڵک بەردەوام لە ژێر فشاری ژیان بمێنێتەوە، کە تەنها بیری لە نان و مەعیشەت بکاتەوە، نەک بیری لە داهاتوو.

ئەمەش سیاسەتی نوێیە: “برسی کردن بە شێوەیی نەریتی نوێ”.

بابەتى تر

👤
Live: 105 Today: 696 📊 Click Here