ئۆپۆزسیۆنی شەرمن و دەستەمۆی دەسەڵات.
زانیار سیروان حەمەصاڵح
لەکوێی دونیا هەیە حیزبی ئۆپۆزسیون بەسەدان بیناو باڵەخانەی هەبێت و لە حکومەتەوە پۆلیسیان بۆ داەزرێنرێت.
لەکوێی دونیا هەیە حیزبی ئۆپۆزسیۆن بیت و نەسریە و موچەی مانگانەی حیزبت هەبێت.
بۆیە کاتێک باس لە ئۆپۆزسیۆن دەکەین لە کوردستان و عێراق تەنها ناوێکی بێ کاریگەرە ، بەڵکو کاریگەریەکی خراپیان دەبێت لەسەر دەنگی ڕاستەقینەی ناڕازی و ئەو کەسایەتی و نوسەر و ڕۆژنامەنوسە بوێر و ئۆپۆزسیۆنە بوێرانەی کە جار جار لەپەنایەکەوە هەرچۆن بێت قەڵەمەکانیان دەکەوێتە کار و ڕەخنەی جدی دەگرن، ئەگەرچی دواجار دەستگیر دەکرێن یان سەرنگوم دەکرێن یان دەکوژرێن.
ئەو شەرمەی لە کار و جوڵەی ئۆپۆزسیونی کوردستان و عێراقدا هەیە لەمێژودا بونی نیە.
کاتێک حیزبی یەکێتی و پارتی پێک نایەن و لەسەر پێکهێنانی حکومەت ناجۆر دەبن تەواوی حیزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان لە هەوڵی بێ وچاندان تا سازیان بکەن و حکومەتیان بۆ پێک بهێنن..!
بۆیە ئۆپۆزسیۆنیزە کردنی کۆمەڵگای عێراقی و کارێکی ئەستەمە و ئاسان نیە بتوانی کۆمەڵگایەکی هێندە بوێر و ئازا و هۆشیار دروست بکەیت ، هۆکارەکەی ئەوە نیە کە میلەت بۆخۆی ترسنۆکە بەڵکو کارەکتەر و پێشەنگەکانی کۆمەڵگا ترسنۆک و دەستەمۆی دەسەڵات و پارەن ، بۆیە کۆمەڵگا بەو شێوەیە ئاڕاستە وەر ەگرێت.
ئەی چی بکەین..؟
گرنگە ئێمەی ڕێکخراوەکانی تاراوگە بەتایبەت ڕێکخراوە هاوئامانجەکان بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەی یاری لەناو مەیدانی سیاسیدا دەکەن ەکانیان بەهێز بێت و ببنە پێشەنگی ڕاستەقینەی دەنگی ناڕازی کۆمەڵگای و عێراقی، تا نەوەیەک دروست ببێت کە لە بنەڕەتدا بزانن ئۆپۆزسیۆن چیە و چۆنە و کای چیە.
تا نەوەیەک دروست ببن شەرم لە بیر و ڕامان و فکری خۆیان نەکەن، پێویستە تابۆی ئەو شەرمە سیاسیە بشکێنرێت کە لە عێراق و کوردستان دروست بوە.
هێزی گەنجان و ئازادیخوازانی تاراوگە کاریگەریەکی قوڵی دەبێت لە زیاتر ئاشنا کردنی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان و عێراق ، تەنانەت کاریگەریەکی گەورەیان دەبێت لە ئاڕاستە کردنی ڕێڕەوی ساسی .
بەمەرجێک تێکۆشانەکانی ڕەوەندی کوردی و عێراقی جدی و ڕێکخراو و بەپلان بێت.
هێز لە یەکگرتوویی و یەک ڕیزی دایە و پێوویستە جیاوازیە لاوەکی و ئایای و ئایدۆلۆژییەکان وەڵا بنێین و بەیەک دەست ببینە هۆکاری گۆڕانکاری و سەرخستنی پڕۆژە دیموکراتیەکان و میلەت لە دەست ستەمی سیاسیە چاو چنۆکەکان ڕزگار بکەین و دادگا ببێتە ماڵی یەکلا کردنەوەی حەق و ناحەق و ستەمکاران بە لەدادگادا باجی زوڵم و خیانەتەکانیان بدەن.















Post Comment