بارودۆخی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەست حکومەتەوە!
نەهرۆ سەباح – چالاکوان
حکومەت داوا دەکات خەڵک قەرزی کارەبای خۆیان بدەنەوە، و بە هەڕەشە و فشار دەیەوێت ئەو پارەیە لە خەڵک وەربگرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەمان ئەو خەڵکە کە دەبێت قەرزی کارەبا بداتەوە، چاوەڕێی مووچە و مافە داراییەکانی خۆیەتی.
ئەگەر خەڵک پابەندە بە پارەدان، حکومەتیش دەبێت پابەند بێت بە پارەدان، چۆن لە هاووڵاتییەک داوا دەکرێت قەرزی خۆی بداتەوە، کاتێک مووچەکەی بە کاتی خۆی و بە تەواوی ناداتێت؟ چۆن لە خەڵک داوای پابەندی دەکرێت، بەڵام پابەندی بەرامبەر بە مافەکانی خۆی بە هەمان شێوە نابینێت؟
خەڵکی کوردستان داواکار نییە بەڵکو خاوەنی مافە، مووچە و داهاتی خەڵک میهرەبانیی حکومەت نییە، بەڵکو مافەکانیانە، ئەگەر حکومەت دەڵێت «قەرزەکانتان بدەنەوە»، خەڵکیش مافی ئەوەی هەیە بپرسێت:
مووچەکانی ئێمە کەی دەدرێن؟
مافە داراییەکانی ئێمە کەی دەدرێن؟
بۆچی یاسا و پابەندی تەنها بۆ هاووڵاتییە و بۆ حکومەت نییە؟
ئەم شێوەیەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک نابێت ببێتە شتێکی ئاسایی، خەڵک دەبێت مافی خۆی وەربگرێت، پێش ئەوەی داوای قەرزی لێ بکرێت…!















Post Comment