سامانی سروشتی و نەبوونی ستراتیژی ئابووری لە هەرێمدا
مە ريوان قادر حسن
لە لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئابووری و سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، کێشەی و بنەڕەتی هەرگیز لە سروشت یان کەمیی سەرچاوەکانەوە سەرچاوە ناگرێت؛ چونکە بوونی نەوت، خاکی بەپیت، سەرچاوەی ئاوی دەوڵەمەند، و توانا کشتوکاڵییە مەزنەکان لە بنەڕەتدا لانکەی خۆشگوزەرانین، بەڵام بێ پلانڕێژیی درێژخایەن و بەڕێوەبردنی زانستی هیچ بەهایەکی نیین. فەشەلی ئابووری لە هەرێمدا فەشەلێکی جیۆلۆجی یان سروشتی نییە، بەڵکو فەشەلێکی تەواو سیاسی و کارگێڕییە. ماوەی سی ساڵ لە دەسەڵاتی خۆماڵی زیاتر لەوە بەس بوو بۆ ئەوەی مۆدێلێکی ئابووریی تۆکمە و فرەجۆر بونیاد بنرێت کە پشت بە تەنیا فرۆشتنی خاوی سامانی سروشتی نەبەستێت.
کاتێک تەواوی داهاتی وڵات لەسەر یەک سەرچاوە چڕ دەبێتەوە و لە دەرەوەی نەخشەیەکی ستراتیژیی درێژخایەن بەڕێوە دەچێت، ئابووریی نیشتمانی دەبێتە بارمتەی گۆڕانکارییە یەکان و ململانێ حیزبییەکان. لە هەناوی ئەم پشتبەستنە تاقانەیەیەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبینین: “لە هەرێمدا دەسەڵاتداران خاوەنی گەورەترین سامانی ژێر زەوی و سەروەت و سامانن، کەچی بۆ دابینکردنی مووچە و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، هەمیشە دەستەوستان و چاوەڕێی قەیرانی نوێتن!” ئەمە نیشانەی دەوڵەتی بێپلانە.
بەرەوپێشچوونی ئابووری و ڕزگاربوون لە نەحەتیی سەردەمی پشتبەستن بە تاکە سەرچاوە، پێویستی بە گۆڕانی ڕیشەیی لە بیری حوکمڕانیدا هەیە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە قایل بێت بەم بێسەروبەرییە ئابوورییە، و بە یەکدەنگی داوای داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی بوبکات کە سامانی سروشتی بگۆڕێت بۆ ژێرخانێکی پیشەسازی، کشتوکاڵی، و بازرگانیی پێشکەوتوو، تا داهاتووی نەوەکان لەسەر بنەمای سەقامگیری و فرەجۆری بونیاد بنرێت.















Post Comment