لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیندانیانی داعش تەواو بوو، چەندین تۆڕ و پەیوەندیی نوێی ڕێکخراوەکە ئاشکرا کران

ـ
شارەزایەکی کاروباری ستراتیژی ئاشکرای دەکات، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سوریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق کۆتایی هاتووە و بووەتە هۆی ئاشکرابوونی چەندین تۆڕ و ی نهێنیی نوێی ڕێکخراوەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلولی 2026، سەعید جیاشی، شارەزای کاروباری ستراتیژی، لە لێدوانێکی فەرمیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو چەکدارانەی ڕێکخراوی داعش کە پێشتر لە خاکی سوریاوە بۆ عێراق گواسترابوونەوە، بەتەواوی کۆتایی هاتووە.
ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم دۆسیەکان یەکلایی کراونەتەوە و ڕەوانەی دادگاکان کراون بۆ ئەوەی ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگرێتە بەر، ئەمەش دوای قۆناغێکی وردی لێکۆڵینەوە کە چەندین مانگی خایاند.
بەپێی وتەکانی ئەم شارەزایە، لێکۆڵینەوەکان دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراویان هەبووە و بوونەتە هۆی ئاشکرابوونی چەندین تۆڕ و ی نوێی سەر بە ڕێکخراوی داعش کە پێشتر نەزانرابوون.
هەروەها ئەم پرۆسەیە وایکردووە بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانبارکردنی ژمارەیەک کەس کۆبکرێتەوە کە لە ڕابردوودا بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە نەدەتوانرا تاوانەکانیان بسەلمێنرێت، بەڵام ئێستا وەک تۆمەتباری لەبەردەم دادگادان.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا، ڕوونیکردەوە، ئەم دۆسیەیە بە هەماهەنگییەکی باڵا لە نێوان دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و ناوەندی هەماهەنگی دادوەری یەکلایی کراوەتەوە.
هەنگاوی داهاتووش بریتی دەبێت لە دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و پاشان بڕیاردان لەسەر ڕادەستکردنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان.
ئەم پڕۆسەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سوری بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ژمارەیەک وڵاتی بیانی ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەیان کە لە ڕیزەکانی داعشدا بوون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، تیشک خرایە سەر لایەنی دیپلۆماسی و دادوەریی دۆسیەکە، کاتێک دادوەر فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەردانێکی فەرمیی بۆ دیمەشق ئەنجامدا.
لەو سەردانەدا زێدان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەوە و چەندین وردەکاریی هەستیار و پەیوەست بە دۆسیەی زیندانیانی داعش و هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لەو بوارەدا تاوتوێ کرد.












Post Comment