لە خەونی گەڕانەوە بۆ سەر کوردستان، بۆ خەونی هەڵاتن لەکوردستان!

لە خەونی گەڕانەوە بۆ سەر کوردستان، بۆ خەونی هەڵاتن لەکوردستان!

جار بینراوە: (1)

ڕەوەند سمکۆ حەمەدەمین – چالاکوان

خەونی گەورەی کورد لەدوای راپەڕینەوە ئەوە بوو، کە حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەک، کە نەک هەر دانیشتووانی ناوچە دابڕێنراوەکان، بەڵکو غەیرە کوردەکانی عێراقیش ئاواتی بۆ بخوازن…! بەڵام ئەمڕۆ واقیعەکە پێچەوانە بووەتەوە؛ ئێستا بە سەدان خێزان لە هەولێر و شارەکانی تری هەرێمەوە، کاتی زانیاریی و نیشتەجێبوونیان دەگوازنەوە بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان. ئەم کۆچە پێچەوانەیە، گەورەترین شکستی مۆدێلی حوکمڕانیی کوردیی و دەسەڵاتدارانی حزبەکانی کوردستانە.

بۆچی خەڵک ڕادەکەن؟ هۆکارەکە سادەیە: مرۆڤ بەدوای ژیانێکی شکۆمەندانەدا دەگەڕێت. لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەغدا، سوتەمەنی، کارەبا و خۆراک زۆر هەرزانتر و لەرووی کوالێتیشەوە زۆر باشترن. دامەزراندن لەوێ لەسەر بنەمای خاڵبەندی و تیروپشکە، نەک “تەزکیەی حزب” و مەحسوبییەت و تەکەتول و خزمخزمێنە. ناڵێین لەوێ نییە و ئەوێ بەهەشتە، نا.. بەڵام وەک ش نەبۆتە دۆزەخ..

ئەوەی جێگەی داخە، دەسەڵاتداران دروشمی “کوردایەتی”یان کردووەتە پەناگەیەک بۆ کۆکردنەوەی سەروەت و سامان. ئەوان لە سایەی ئەم دروشمانەدا بوونەتە مەڵتی-ملیاردێر و لە کۆشکەکاندا دەژین، لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی لە “کولەمەرگی”دا دەژی. حوکمڕانیی هەرێم ئێستا لە هیچ زانستێکی سیاسیی جیهاندا پێناسەی

نییە؛ پەرلەمان پەکخراو، حکومەت پێکنەهێنراو و دامەزراوەکانیش کراونەتە “دووکانی عەتاریی”، هەر گروپ و تەکەتول و دەسەڵاتدارێکە کاڵای خۆی دەفرۆشێ و زۆرترین قازانج لە گیرفانی هاووڵاتی بۆ زۆی دەدزێ..

دزیی و گەندەڵی،  ماددی و ئەخلاقی، سیمای دەسەڵاتدارانی کوردستانە..

١. گەندەڵی لە سێکتەری سوتەمەنی و وزە (قۆرخکاری): گەورەترین هۆکاری گرانبوونی ژیان لە هەرێم، قۆرخکاریی کۆمپانیا حزبییەکانە. لە کاتێکدا عێراق بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵاوگەکانی بۆ خزمەتی گشتی بەکاردێنێت، لە هەرێم کۆمپانیاکانی سێبەر، بەشە سوتەمەنی شەرعی هاووڵاتیان خۆیان، دەدزن و پاشان بە نرخی بەهاووڵاتیانی دەفرۆشنەوە. ئەمە وایکردووە تێچووی گواستنەوە و کارگەکان بەرزبێتەوە و هەموو شتێک گران بێت.

٢. “کۆمپانیا-حزب” و سڕینەوەی کەرتی تایبەت: لە هیچ شوێنێکی جیهاندا وەک هەرێم “حزب” ڕکابەری هاووڵاتیی ناکات لە بازاڕدا. گەندەڵی لێرەدا تەنها بردنی پارە نییە،

بەڵکو ڕێگریکردنە لەوەی هاووڵاتیی ئاسایی بتوانێت بزنسێکی بچووک بکات بەبێئەوەی “سەرانە” یان “شەریکایەتی” بداتە بەرپرسێک. ئەمە وایکردووە بازاڕ تەنها بۆ پیاوەکانی دەسەڵات بێت.

٣. گەندەڵی پەیكەری (Structural Corruption): لە بەغدا، سەرباری گەندەڵییە گەورەکان، بەڵام “دامەزراوە” هەیە؛ پەرلەمان دەتوانێت وەزیر بانگ بکات، چاودێری

دارایی تا ڕادەیەک ئیش دەکات. بەڵام لە هەرێم، گەندەڵی بووەتە “یاسا”. کاتێک سیستەمی دادوەری و چاودێری دارایی دەخرێنە ژێر ڕکێفی حزب، ئیتر گەندەڵی نابێتە

دیاردەیەکی کاتی، بەڵکو دەبێتە شێوازێکی ژیان (Lifestyle) بۆ چینێکی سیاسی و پەلوپۆکانیان.

هەر بۆیە کۆچی خەڵک بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان، “ڕیفراندۆمێکی بێدەنگە” دژی مۆدێلی حوکمڕانیی کوردی. خەڵک نیشتمانی ناوێت کە تێیدا تەنها بەرپرسەکان ئازاد و دەوڵەمەند بن، نیشتمانێکی دەوێت، کە نانی تێدا بێت. کە کەرامەتی بەدەست حزبەوە یاری پێنەکرێت و نەکرێتە بەیدەقی بازرگانی و تاقیکردنەوە و سەرچاوەی داهات بۆ حزب و گەندەڵکاران.

بابەتى تر

👤
Live: 50 Today: 2,669 📊 Click Here