کوردستان هەموو سەرچاوەکانى هەیە—کەچی هێشتا تاریکی حوکمی دەکات!
شوان عبدالرحمن حارس
کوردستان خاوەنی یەدەکێکی زەبەلاحی نەوت و گازە، ڕووبارەکانی ژمارەیەک بەنداوی گرنگیان لەسەر بونیاد نراوە، و جوغرافیاکەشی خاوەن ئەوەندە تیشکی خۆرە کە دەکرێت ببێتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە. لەسەر کاغەز و لە ناو نەخشەی سەرمایەی سروشتیدا، هەرێمی کوردستان تەواوی توخمە بنەڕەتییەکانی سەربەخۆیی و گەشەپێدانی وزەی تێدایە. بەڵام کاتێک شەو دادێت، تەواوی ئەم زانیارییە جوغرافی و ژینگەییانە پووچ دەبنەوە؛ شار و گەڕەکەکان جارێکی تر بەرەو تاریکی یان ژاوەژاوی تاقەتپڕوێنی مۆلیدەکان دەگەڕێنەوە.
ئەم وێنە ئاوەژووە وا دەکات پرسیاری چیتر لەسەر «چۆنیەتی بەرهەمهێنانی کارەبا» نەبێت، بەڵکو لەسەر بنەمای بوونی ئەم قەیرانە بێت لە بنەڕەتدا: بۆچی دەبێت خزمەتگوزارییەکی بەرهەمهێنراوی سەرەتایی وەک کارەبا، دوای زیاتر لە سێ دەیە لە حوکمڕانیی خۆجێیی، هێشتا وەک کارتێکی سیاسی و تەنگژەیەکی بەردەوام بمێنێتەوە؟ لە نەتەوە و وڵاتانی تردا کە نیوەی ئەم سەرچاوە سروشتییانەیان نییە، دابینکردنی وزەی ٢٤ کاتژمێری بووەتە بابەتێکی باو و کۆن کە تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشیاندا باسی ناکرێت. بەڵام لە کوردستان، تەواوی کابینەکان دەکڕوزێنەوە لە وەی کارەبا بکەنە بێوێنەترین دەستکەوتی مێژوویی خۆیان.
ئەم ناکۆکییە تۆخە حەقیقەتێکی ڕووتکراوە دەسەلمێنێت کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ساڵانێکە هەوڵ دەدەن لە پشتی پەردەی «کێشەی تەکنیکی»، «کەمیی بودجە» یان «گوشارەکانی بەغدا» بیپارێزن. کێشەکە چیتر لە نەبوونی سەرچاوەی سروشتی و توانای بنەڕەتیدا نییە؛ کێشەی و بڕیاردهەر تەنها و تەنها لە شێوازی بەڕێوەبردن، نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چاکسازی، و هەژموونی بەرژەوەندییە حزبی و بازرگانییەکاندا کۆبووەتەوە. کاتێک کەرتی وزە لە جیاتی خزمەتگوزاریی گشتی، ببێتە ئامرازێک بۆ قۆرخکاری و کەڵەکەکردنی سەرمایەی سیاسی و دارایی، ئەوا تەنانەت ئەگەر هەموو ڕووبارەکانیش ببنە بەنداو و ئاسمانیش تەنها خۆر بێت، سیستمەکە هەر لە تاریکیدا دەمێنێتەوە.
ئەم هاوکێشە شێواوەی ژیان لەسەر دەریایەک لە وزە و بەسەربردنی شەوەکان لە تاریکیدا، گەورەترین شکستی مۆدێلی حوکمڕانیی ئێستایە. کۆتایی ئەم حەقیقەتە تاڵە بە ڕوونی دەڵێت: هەرێمێک کە خۆی دەوڵەمەند و سەرشار بێت لە سەرچاوەکانی وزە، بە هیچ جۆرێک شایستەی ئەوە نییە کە لە دابینکردنی کارەبادا هەژار و دەستکورت بێت.















Post Comment