ئینشائەڵڵا پەرلەمان دادەمەزرێت!

ئینشائەڵڵا پەرلەمان دادەمەزرێت!

جار بینراوە: (1)

ئازاد ئیسماعیل موستەفا

لە فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەستەواژەی “ئینشائەڵڵا جاری داهاتوو” بووەتە دروشمێکی تەنزئامێزی پڕ لە بێئومێدی کە هاوڵاتییان کاتێک بەکاریدەهێنن کە تەواو بێهیوا دەبن لە ڕوودانی گۆڕانکارییەک. ئەم دەستەواژەیە ئێستا بووەتە دروشمی فەرمیی نەنووسراوی هەموو ئەو پڕۆژە دواخراوانە، بەڵێنە جێبەجێ نەکراوانە، و ئەو دانوستانە سیاسییە بێکۆتاییانەی کە تەنیا بۆ کاتکوشتن دەکرێن. ئەمڕۆ گاڵتەجاڕییەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە هاوڵاتییان بە تەنزەوە دەڵێن: کێشەی وڵاتەکەمان تەنیا نەبوونی حکومەتێکی کارا نییە، بەڵکو کێشە گەورەکە ئەوەیە کە خودی دەزگای یاسادانان واتە “پەرلەمان” بە تەواوی ون بووە و کەس نازانێت لە کوێیە! پەرلەمانی کوردستان ئێستا وەکو دۆسیەی کەسێکی بێسەروشوێنکراوی لێهاتووە؛ هەموو خەڵک دەزانێت کە شتێک هەیە بە ناوی پەرلەمان، هەمووان دەزانن بیناکەی دەکەوێتە کام شەقامی هەولێرەوە، و هەمووان زۆر باش دەزانن ئەو کەسانە کێن کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ دراوە بۆ ئەوەی ببنە نوێنەریان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ کەسێک، تەنانەت خودی سیاسییەکانیش ناتوانن شیکردنەوەیەکی لۆژیکی بۆ ئەوە بکەن کە بۆچی ئەم دامەزراوەیە تا ئێستا ناتوانێت وەک دەزگایەکی ئاسایی کارەکانی خۆی بکات و دەرگاکانی بەڕووی یاسادانان و لێپرسینەوەدا بکاتەوە.

ئەم ونبوونەی پەرلەمان قەدەرێکی سروشتی نییە، بەڵکو ئەنجامی بڕیارێکی ئاگادارانەی ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەیە کە پێیان وایە پەرلەمان تەنیا لقێکی بچووکی مەکتبە سیاسییەکانیانە و هەرکاتێک بەرژەوەندییەکانیان خواست دەتوانن دەرگاکەی قفڵ بدەن. لە وڵاتێکدا کە دەبوو پەرلەمان سەنتەری بڕیاردان و چاودێریکردنی داهاتە نەوتییەکان و باجەکان بێت، ئێستا بووەتە قوربانیی ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانی نێوان دوو حیزب کە لەسەر دابەشکردنی کێکی دەسەڵات ناکۆکن.

کاتێک شەقام بەدەست بێمووچەیی و قەیرانەوە دەناڵێنێت، بەتاڵهێشتنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان پەیامێکی زۆر ڕوونە بۆ هاوڵاتییان کە دەنگەکانیان هیچ بەهایەکی نییە ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی دەسەڵاتدا یەک نەگرێتەوە. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا و بەم یاریی کاتکوشتنە بەردەوام بێت، زۆر دوور نییە کە هاوڵاتییان لە جیاتی پرسیارکردن لەوەی “کەی دەرگای پەرلەمان دەکرێتەوە؟”، دەست بکەن بە پرسیارکردن لەوەی کە “ئایا هەر بەڕاستی پەرلەمانێک بوونی ماوە یان بە یەکجاری ون بووە و دەبێت پرسەی بۆ دابنێین؟”

بابەتى تر

👤
Live: 91 Today: 1,120 📊 Click Here