لەسایەی دەسەڵاتێکی بێباکدا… ​تەمەنێک خزمەت و شەش مانگ بێ مووچەیی،

لەسایەی دەسەڵاتێکی بێباکدا… ​تەمەنێک خزمەت و شەش مانگ بێ مووچەیی،

جار بینراوە: (10)

لە هەموو جیهاندا، ڕۆژی خانەنشینبوون سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئارامی و حەوانەوەیە، کاتێک مرۆڤ دوای دەیان ساڵ لە بەخشینی تەمەن و وزەی بە وڵاتەکەی، دەگەڕێتەوە ماڵەوە تا بە شکۆمەندییەوە بەرهەمی ڕەنجەکەی بچنێتەوە. بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا، خانەنشینبوون سزایە، دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو تونێلێکی تاریک لە نەهامەتی، قەرزاری و بێڕێزی پێکردن.

ئەو فەرمانبەرانەی کە لە مانگەکانی (6 ،7 ،8 ،9)ی ساڵی ٢٠٢٥ خانەنشین کراون. بەپێی یاسا و عورفی کارگێڕی، لەو ڕۆژەوەی فەرمانبەر دەست لەکار هەڵدەگرێت، مووچەی فەرمانگەکەی دەبڕدرێت و مامەڵەی خانەنشینییەکەی دەستپێدەکات. پرۆسەیەک کە لە نێوان 3 بۆ 4 مانگ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا فەرمانبەر، هیچ داهاتێکی نییە، تا ئەو کاتەی پێناسی خانەنشینی پێدەدرێت و بانکێکی بۆ دیاری دەکرێت، کە مووچەکەی لێوەربگرێت.

بەو هیوایە ئەو ٤ مانگەی بێ مووچەییان تێپەڕاند کە لە مانگی ١١ و ١٢ی ساڵی ڕابردوودا، کۆی مووچە کەڵەکەبووەکانیان پێبدرێت و قەرزەکانی پێ سارێژ بکەن. بەڵام چی ڕوویدا؟ وەک نەریتی هەمیشەیی ئەم دەسەڵاتە، مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ی کۆتایی ساڵ بوون بە قوربانیی سیاسەتی تاڵانکاری و دژەمیللەتی.

مەینەتییەکە لێرەوە دەست پێدەکات، ئێستا نەک هەر ئەو دوو مانگەی کۆتایی ساڵیان فەوتاوە، بەڵکو مووچەی چوار مانگی پێشووتریشیان کە مافی یاسایی و فەرمی خۆیانە لەکاتی ڕاییکردنی مامەڵەکانیاندا، چارەنووسی نادیارە! تائێستا هیچ کەس و لایەنێک نییە وەڵامێکی ڕوون بداتەوە، کە ئایا ئەم چوار مانگەش هاوشێوەی مووچەکانی تر خورا و قوتدرا؟ یان ویژدانێک هەیە بەدواداچوونی بۆ بکات؟.

کاتێک بەرپرسان لەناو کۆشکە شاهانەییەکانیاندا دەژین و کەیف و سەفای خۆیان و ماڵ و منداڵیان دەکەن، ئایا یەک چرکە بیریان لەوە کردۆتەوە کە مرۆڤێک شەش مانگ بەبێ یەک دینار داهات چۆن دەژی؟ بۆ دابینکردنی نان و بژێوی ماڵ و منداڵیان، ئەی نازانن پەنایان بردووە بۆ بارگرانی کەمەرشکێنی قەرزاری و منەت باربوونی لای ئەم و ئەو.

فرۆشتنی زێڕی هاوسەرەکانیان کە بە دەمگووشین و سکگووشین کڕاوون.

فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و سەرخان و ژێرخانی ژیانیان تەنها بۆ ئەوەی لە برسا نەمرن.

ئەمە لوتکەی بێباکی و بێویژدانی دەسەڵات و بەرپرسانە بەرامبەر بە توێژێک کە تەنها چاوی لەو مووچە کەمەیە کە پێی بژی. ئێوە چ بوونەوەرێکن کە تەنانەت وەڵامێکی ڕوونیشتان نییە بۆ ئەم خەڵکە بێدەرامەتە؟

گلەیی مەکەن ئەگەر بەردەوام چاوەڕێی سەرەوژێربوونی لوتکەی دەسەڵات و کورسییەکانتانبین. دڵنیا بن، ئاهی ئەو خانەنشینە ماندووانەی کە تەمەنیان لە خزمەتی ئەم خاکەدا بەڕێکرد و ئێستا لە لێواری بێهیواییدا جێهێڵدراون، یەخەتان دەگرێت و ئەم ڕۆژگارە بێدەربەستییە بۆ هەمیشە بەردوام نابێت!

بابەتى تر

👤
Live: 126 Today: 1,361 📊 Click Here