خەزێنەی سیحراوی: بۆ حیزب لافاوە و بۆ خەڵک دڵۆپە!
ئاکار قادر
لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئێمەدا هەمیشە ماڵێک هەیە کە گەورەترین “ماتۆڕی ئاو”ی بەستووە؛ هەرکە ئاوی نیشتمانی دێت، ئەو ماڵە حەوز و باخچەکانی پڕ دەکات، بەڵام دراوسێکانی تر دەبێت چاوەڕێی دڵۆپە ئاوێک بن لە بەلوعە وشکەکانیانەوە. ئەمە تەنها کێشەی گەڕەک نییە، بەڵکو ڕێک کۆپییەکی بچووککراوەی سیستەمی ئابووریی ئەم هەرێمەیە لە ژێر سایەی پارتی و یەکێتیدا!
ئەگەر چاوێک بە سۆشیاڵ میدیای کوردیدا بخشێنیت، دەبینیت خەڵک شیکاریی ئاڵۆزی ئابووری ناکەن، بەڵکو پرسیارێکی زۆر سادە دەکەن کە تەنانەت زانایانی بیرکاریش ناتوانن وەڵامەکەی بدۆزنەوە: باشە ئەم حکومەتە چۆنە کاتێک دێتە سەر باسی پەرستارێک، مامۆستایەک، فەرمانبەرێک یان خانەنشینێکی ماندوو، یەکسەر دەفتەری قەرزەکان دەردەهێنێت و دەست بە گریان دەکات؟ بەڵام هەر هەمان دەسەڵات، کاتێک دێتە سەر دروستکردنی بارەگای حیزبی، هێزە ئەمنییەکان، دەزگا سێبەرەکان، و کڕینی ئۆتۆمبێلی جامڕەش بۆ بەرپرسەکانی، خەزێنەکەی دەبێتە ئەشکەوتەکەی عەلی بابا و پارەی لێ هەڵدەقوڵێت؟
ئایا پارەی دامەزراوە حیزبییەکان لە دار دەڕوێت و ئێمە نایزانین؟ یان ئامێرێکی چاپکردنی دۆلار هەیە کە تەنها بە پەنجەمۆری ئەندام مەکتەب سیاسییەکان کار دەکات؟ ئەمە هاوکێشەیەکی سەیرە؛ هەمیشە بودجەی کراوە هەیە بۆ هەر شتێک کە بە پاراستنی قەڵای دەسەڵاتەوە هەبێت، بەڵام بۆ ئەو کەسەی لە نەخۆشخانەیەکدا برینێک دەپێچێتەوە یان لە پۆلێکدا پیتی (ئـ) فێری منداڵەکانمان دەکات، گیرفانی حکومەت کونی تێدەبێت و یەک فلس ناگرێت!
جا ئەم ڕەخنەیەی شەقام سەد لە سەد دادپەروەرانە بێت یان نا، ئەوە ناگۆڕێت کە درزێکی گەورە لە نێوان دوو جیاوازدا دروست بووە. نوخبەی سیاسی لەناو کەشتییەکی لوکسدا گەشت دەکەن و یاری بە دۆلار دەکەن، لە کاتێکدا فەرمانبەری سادە لەناو بەلەمێکی کونکراودا خەریکە نوقم دەبێت و لە سەرەوەش پێی دەڵێن: “تکایە کەمێک خۆڕاگر بە تا دەگەینە کەناری ئارامی!”















Post Comment