کۆتا ئاگادارکردنەوە بۆ ئیدارەی شاری سلێمانی با نەڵێین دوای باران کەپەنک..
ئەوەی ئەم بەیانییە ڕۆژی هەینی (کاتژمێر ٥ی بەیانی) لە شاخی گۆیژە بینیمان، نە دیمەنێکی گەشتیاریی جوان بو، نە نیشانەی هۆشیاریی بو؛ بەڵکو هێمایەکی ڕونی خەمساردی و بێباکی و بێدەربەستیی بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی بو بەرامبەر بە ناسنامەی سەوزایی و جوانی ئەم شارە.
شاخی گۆیژەو زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان کراوەتە قوربانیی گەشتوگوزارێکی بێ سەروبەرو بێ چاودێری. بەسەدان گەشتیاری خوارو و ناوەڕاستی عێراق ڕویان لە شاخی گۆیژە کردوە، بەڵام لە غیابی تەواوی یاسا و چاودێریدا.
کڵپەی ئاگر لەناو پوش و پەڵاشدا…
لە دەیان شوێن ئاگر کرابوەوە بۆ خواردن ئامادەکردن و چالێنان. خەڵوزی داگیرساوی نێرگەلەکان بەجێهێڵدرابون، کە تەنیا پێویستیان بەبایەکی کەم بو بۆ ئەوەی کارەساتێکی ژینگەیی لێ بکەوێتەوە.
پاشماوە و خۆڵ و خاشاکێکی بێشومار لەلایەن گەشتیارانەوە فڕێدرابون، دیمەنی شاخەکەیان شێواندبو.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، کێ بەرپرسیارە لەم شارە؟ هاوار بۆ کێ بەرین؟!
ئەو ەوانانەی ئەم بەیانییە بە شاخی گۆیژەدا تێپەڕدەبون، چەندین ئاگریان بە گەشتیارەکان کوژاندەوە، هەندێک لە گەشتیارەکان گوێیان بە قسەکانیشیان نەدەدا.
پەیامێکی ڕون و ڕاستەوخۆ بۆ لایەنە دارەکان…
ئێمە لێرەوە، پارێزگاری سلێمانی، فەرمانگەی ژینگە، پۆلیسی دارستان و گەشتوگوزاری سلێمانی بە بەرپرسیاری یەکەم و کۆتایی دەزانین لە هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە لە شاخی گۆیژە.
ناکرێت تەنیا چاو لە داهاتی گەشتیاری ببڕن و چاوەکانتان لە ئاست وێرانکاریی ژینگەی شارەکە دابخەن! ڕێگەدان بەم بێسەروبەرییە غەدرێکی گەورەیە لە سروشتی کوردستان دەکرێت.
داواکارین…
دەستبەجێ مەفرەزەو تیمی چاودێری ٢٤ کاتژمێری لە گۆیژە جێگیر بکرێن، سزای توند بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنرێت کە ئاگر دەکەنەوە یان زبڵ فڕێ دەدەن. یاساو ڕێسا بۆ گەشتیاران دابنرێت.
تکایە بە ئاگا وەرنەوە… با نەڵێین دوای باران کەپەنک! کە گۆیژە سوتا، ئیتر پەشیمانی چاوپۆشینەکانتان ناخاتەوە گەڕ















Post Comment