با سەوزی گۆیژە بپارێزین پێش ئەوەی ببێتەخۆڵەمێش

با سەوزی گۆیژە بپارێزین پێش ئەوەی ببێتەخۆڵەمێش

جار بینراوە: (107)

هەر لەگەڵ یەکەم چەپکی تیشکی بەتینی هاویندا، دڵی سلێمانی دەکەوێتە لەرزین، چونکە شاکاری سروشتیی شار، شاخی گۆیژە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە کە ئەویش تارمایی ڕەشی ئاگرە.

ئەمساڵ، بەهۆی دڵسۆزیی ئاسمان و بارانی بەخوڕەوە، گۆیژە کراسێکی سەوزی چڕ و بێوێنەی پۆشیوە. بەڵام کاتێک تەمەنی بەهار ووردە ووردە کۆتایی دێت، گەرما باڵ دەکێشێت بەسەر شاردا، ئەم سەرپۆشە سەوزو گەشاوەیە دەگۆڕێت بۆ گژوگیایەکی وشک و زەرد، کە وەک بارووتێک وایە و بە تەنها پریشکێکی بچووکی ئاگر پێدەچێت کارەساتێکی گەورە بخوڵقێنێت.

گۆیژە تەنها چیا نییە، ئەو سییەکانی سلێمانییە. بەڵام خەسڵەتێکی سەرکێشی هەیە، زۆربەی کات هاوڕێی ڕەشەبایە. ئەم کزەبا و ڕەشەبایە وا دەکات تەنانەت پشکۆیەکی بچووکی ئاگر، یان سەرەجگەرەیەکی فڕێدراوی بێباکانە، لە چەند چرکەیەکدا ببێتە دۆزەخێک و هەزاران دار و درەختی چەندین ساڵە، کە بە چاوەڕوانی و ڕەنجی دڵسۆزان ڕوێنراون، بکاتە قوربانی.

بەڕاستی، کاتێک سروشتی شار بسووتێت، دڵ و ئارامیی خەڵکیش لەگەڵیدا دەبێتە خەڵووز.

ئێستا گۆیژە تەنها هی ئێمە نییە، بەڵکو بووەتە باوەشێکی ئاوەڵا بۆ گەشتیارانی خوارووی عێراق، کە شەوان بۆ فێنکی و حەوانەوە ڕووی تێدەکەن. بەڵام داگیرساندنی ئاگر و کێشانی نێرگەلە لەسەر ئەو چیایە، وەک یارییکردنە بە ئاگر لە کۆگایەکی بارووتد،

جێگەی شانازییە کە زۆرجار کارانی پیادەڕەو و خەڵکی دڵسۆزی شار، خۆیان دەبنە کوژێنەرەوەی ئەو ئاگرانە، بەڵام ئەم دڵسۆزییە نابێتە چارەسەری بنەڕەتی. لێرەدا پێویستمان بەلایەنە دارەکان هەیە کە لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچییەک بکەن، نەک تەنها چاوەڕوانی لە هۆشیاریی تاکەکانبین.

بۆ ئەوەی گۆیژە لە ئاگر ڕزگار بکەین، تەنها ڕێنمایی و هۆشیارکردنەوە بەس نییە؛ پێویستمان بە هەنگاوی کرداری و دەستی پۆڵایینی یاسایە. لێرەوە هاوار دەکەینە گوێی ئیدارەی شاری سلێمانی و سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەکان کە ئەم خاڵانە بکەنە بڕیاری بەپەلە:

– داگیرساندنی ئاگر بە هەموو شێوەیەک لەسەر شاخی گۆیژە قەدەغە بکرێت.

– جێگیرکردنی مەفرەزەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری تا کۆتایی وەرزی گەرما

– بەکارهێنانی کامێرا و چاودێریی وردی ئەو شوێنانەی زۆرترین لێشاوی گەشتیارییان لەسەرە.

- جێبەجێکردنی سزای یاسایی و دارایی قورس بەسەر هەر کەسێکدا کە سەرپێچی دەکات یان دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ژینگە.

گاندی مەزن دەڵێت:

“زەوی توانای هەیە پێداویستیی هەموو مرۆڤەکان دابین بکات، بەڵام ناتوانێت چاوچنۆکی و تەماعی مرۆڤ تێر بکات”

ئەگەر ئەم هاوینە بە خەمساردی لە ئازارەکانی گۆیژە بڕوانین، پاییز هیچ شتێکمان پێشکەش ناکات جگە لە دیمەنێکی ڕەش و دڵێکی پڕ لە داخ و خۆڵەمێش. پاراستنی سروشت ئەرکێکی ئەخلاقیی گشتییە، بەڵام ئەرکی مێژوویی و یاسایی لەسەر شانی ئەو دەسەڵاتەیە کە کەرەستەی چاودێری و جێبەجێکردنی یاسای لەبەردەستدایە.

با پێش ئەوەی درەنگ بێت، هەموو دەنگەکان یەکبخەین و هاوار بکەین (باگۆیژە بپارێزین… پێش ئەوەی ببێتە خۆڵەمێش)

بابەتى تر

👤
Live: 53 Today: 179 📊 Click Here