حاکم لەسەر کورسی و شێروان لەناو مێژوو؛ کێیان بەڕاستی برسین؟
کارزان ئاوات عبدللە – چالاکوان
لەو کاتەی کە مێژوو بە دەستی مانگرتن و ورەی پۆڵاین دەنوسرێتەوە، لە هەرێمەکەی ئێمەدا دوو وێنەی تەواو دژبەیەک دەبینرێن: وێنەیەک لە ناو ژوورە تەسک و تاریکەکانی زیندان، کە تێیدا شێروان شێروانی ١٧ رۆژە جەستەی خۆی کردووەتە قەڵغان و نانی رەتکردووەتەوە تا ئازادی بەدەستبهێنێت.لەولاشەوە، وێنەی کورسییە نەرمەکانی دەسەڵات کە تێیدا حاکمەکان لەوپەڕی تێری و ئارامیدا، سەیری کاتژمێرەکانیان دەکەن و چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم دەنگە ناڕەزایانە دەکەن.
چەند سەیرە! لەم وڵاتەدا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە. ئەوەی لە پشت میڵەکانە، بە سکی برسییەوە باس لە کەرامەت و سەروەریی یاسا دەکات، بەڵام مەسرور بارزانی حاکم کە لەسەر کورسیە نەرمەکەی دانیشتووە، بە سکی تێر و گیرفانی پڕەوە، باس لە رێزگرتن لە دامەزراوەکان دەکات. حاکم تێرە و مەحکوم برسی، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە: برسێتییەکەی شێروان هی شکۆیە، تێرییەکەی ئەوانی تریش هی بێدەنگکردنی ویژدان.
جەنابی برا گەورە پێی وایە بە درێژکردنەوەی ماوەی زیندانی و پشتگوێخستنی مانگرتنەکان، دەتوانێت ئیرادەیەک بشکێنێت کە بە تەنیا پارووە نانێک نەبەستراوەتەوە. ئەوانەی تێرن، هەرگیز تێناگەن چۆن مرۆڤێک ئامادەیە ١٧ رۆژ (و رەنگە زیاتریش) لە بەرامبەر ستەمدا مانی خواردن بگرێت. بۆ ئەوان خواردن ئامانجە، بۆ شێروانیش ئامرازێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە مرۆڤ تەنیا بە نان ناژی، بەڵکو بە ئازادییش دەژی.
جیاوازیی نێوان کورسیی دەسەڵات و قەرەوێڵەی زیندان ئەوەیە: یەکەمیان ئەوانە تێیدا دەخەون کە مێژوو لەبیریان دەکات، دووەمیان ئەوانەی تێدا بەئاگا دێنەوە کە مێژوو دروست دەکەن.
ئەگەر جەنابی براگەورە وا دەزانێت مانگرتنی شێروان تەنیا برسێتییەکی جەستەییە، ئەوا هەڵەیەکی کوشندە دەکات. ئەمە مانگرتنە لەو سیستەمە چەقبەستووەی کە جیاوازیی نێوان رەخنەگر و تاوانبار نازانێت. با براگەورە و هەموو حاکمە بەکرێگیراوەکانی ژێر دەسەلاتی لەسەر کورسییە پڕ شەوقەکەیان دانیشن و چێژ لە تێرییەکەیان وەربگرن، بەڵام با ئەوەش بزانن: مێژوو هەرگیز باسی ئەو نان و کەبابانە ناکات کە لەسەر مێزی دەسەڵات خوران، بەڵکو باسی ئەو برسێتییە دەکات کە تەختی دەسەڵاتی هەژاند.
ئەم خۆراگرییەی شێروان پەیامێکی ڕوونە بۆ مەسرور بارزانی: دەتوانیت نانمان لێ ببڕیت، دەتوانیت ئازادیمان لێ زەوت بکەیت، بەڵام ناتوانیت ناچارمان بکەیت لە ئاستی تێریی و ستەمی تۆدا کڕنۆش بەرین. شێروان بە سکی بەتاڵەوە، لە هەموو ئەو سوپا و پاسەوانانەی دەوری کورسییەکەت گرتووە، ئازادتر و بەهێزتر دەردەکەوێت. مێژوو ناوی ئەوانە لەبیر دەکات کە لەسەر کورسییەکان زگیان تێر کرد، بەڵام کڕنۆش بۆ ئەو برسییە دەبات کە کەرامەتی میللەتێکی لە ناو ژوورێکی تاریکدا پاراست……















Post Comment