پەیامی زیندان و خامەی سەربڕاو

پەیامی زیندان و خامەی سەربڕاو

جار بینراوە: (1)

ئەرکان تالیب غەفور

ژوورێکی تاریک کە تێیدا دزەکان خەریکی بەتاڵکردنەوەی خەزێنەکانن، بەڵام هەرکاتێک کەسێک چرایەک پێبکات بۆ ئەوەی ڕووخساریان ئاشکرا بکات، لە جیاتی گرتنی دزەکان، خاوەنی چراکە دەکوژرێت یان دیل دەکرێت. لەم دەوڵەتەدا، تاوان لەوەدا نییە کە سامانی میللەت بە تاڵان دەبەیت، بەڵکو گەورەترین تاوان ئەوەیە پەنجە بخەیتە سەر ئەو دەرگایانەی کە داهاتەکانی لێوە دەڕوات. شێروان شێروانی و کەیسەکەی، بەڕوونی ئەو پەیامە دەدەن بە گوێی هەر هاوڵاتییەکدا: ئەگەر لێکۆڵینەوە لە تاڵانچییەکان بکەیت و بەرەنگاری دەسەڵات ببیتەوە، ئازادییەکەت دەبێتە باجی ئەو بوێرییە.

کاتێک دادگای کارتۆنی ئەم هەرێمە بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی سزای ڕۆژنامەنووسێک دەدات، ئامانجیان تەنها سزادانی یەک کەس نییە، بەڵکو سەپاندنی تۆقاندنی دەروونییە بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا. دەسەڵاتی بنەماڵە دەیەوێت بە هەموو قەڵەمێک بڵێت کە نزیکبوونەوە لە نەوتی دزراو و ئابووری سێبەر، دەرەنجامەکەی ڕفاندنی سیاسی و دروستکردنی پەڕاوی هەڵبەستراوە. ئەوان لە ڕێگەی ئەم زیندانییەوه، یاسایەکی نوێی نانووسراویان ڕاگەیاندووە: ڕەخنەگرتن یەکسانە بە لەدەستدانی خێزان و کەرامەت، تاوەکو ئیتر هیچ کەسێک نەوێرێت بیر لە لێپرسینەوە بکاتەوە و بێدەنگی ببێتە تاکە ڕێگەی مانەوە.

“مەترسیدارە لەسەر حەق بیت لە بابەتێکدا کە دەسەڵاتە چەسپاوەکان تێیدا لەسەر هەڵەن” ئەمەش هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە دادگاکانی ئینکیزیسیۆنی سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکرا، کاتێک زاناکان دەسوتێنران تەنها لەبەر ئەوەی ڕاستییەکانیان دەگوت کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی کڵێسا بوو. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، لە جیاتی ئاگر، زیندانیانی بیروڕا لەناو چواردیوارییەکی سارددا دەسوتێنن، تاوەکو غەسلی پارە و سامانی ونبوو لەناو کۆمپانیا حزبییەکاندا بۆ هەمیشە لە تاریکیدا بمێننەوە و کەس پەنجەیان بۆ درێژ نەکات.

بابەتى تر

👤
Live: 72 Today: 1,366 📊 Click Here