سیاسەت و جەنگ، سنووری ئەخلاق

سیاسەت و جەنگ، سنووری ئەخلاق

جار بینراوە: (19)

“تەنانەت لە جەنگیشدا، سنوور هەیە” مایکل والزەر کتێبی(کتێبی جەنگە دادپەروەر و نادادپەروەرەکان (١٩٧٧))

جەنگ یەکێکە لەو دیاردانەی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی بەردەوامە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرن دا، جەنگ تەنها فۆرمی سەربازی یان سیاسی وەرناگرێت، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقیشە.

لە کاتی جەنگدا، هەموو شتێک دەگۆڕدرێت: یاساکان، یەکان، تەنانەت ئەو پرەنسیپە ئەخلاقیانەی کە لە کاتی ئاشتیدا بە ڕاست و بنەما دەزانرێن.

جەنگ و توندوتیژی هەمیشە سەرچاوەی نەهامەتی و وێرانکاری گەورە و نەبڕاوە بوون بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و گەورەترین زەبری بە ژیان و ژینگە گەیاندووە، كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەگەرچی لە رووی تیۆری و ئەخلاقیەوە بەردەوام بێزاریی خۆی لە جەنگ و زەبر و زەنگ دەردەبڕێ و خۆی وا پیشان دەدا لە هەوڵی نەهێشتن و بنبڕكردنیدایە، بەڵام پێدەچێ لە قووڵایی خۆیدا هێندە ئالودەی جەنگ و زەبر و زەنگ بێ كە وا بەئاسانی نەتوانێ خۆی لێ رزگار بكات ، ئەوەتا لە سەدەی بیست و یەكەمدا و لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە گەورەیەی بەسەر عەقڵ و هۆش و زەینی مرۆڤدا هاتووە، هێشتا لەگەڵ بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەكاندا، مرۆڤ یەکسەر ئەو دۆستە دێرینەی واتە (جەنگ)ی بیر دەكەوێتەوە و پەنای بۆ دەباتەوە و هەم مرۆڤی بۆ دەكاتەوە قوربانی.

جەنگ بە سروشتی خۆیەوە شوێنی توندوتیژی و پێکدادانە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە هیچ ڕێسا و سنوورێکی ڕەوشتی تێدا نەبێت. مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو هەوڵی داوە تەنانەت لەناو جەنگدا چوارچێوەیەکی ئەخلاقی دیاری بکات کە ڕێگە لە چەوساندنەوەی بێسنوور و تاوانەکانی جەنگ بگرێت. سنوورەکانی ئەخلاق لە جەنگدا ئەو هێڵە سوورانەن نابێت هیچ لایەنێکی شەڕکەر بیانبەزێنێت، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، (ڕێکەوتننامەی جنێف) بەنموونە.

لە کاتێکدا دەوڵەتان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان هێز بەکاردەهێنن، لێرەشدا پرسیارێکی درووست دەبێت: ئایا هەموو شتێک لە جەنگدا ڕێگەپێدراوە؟ ململانێی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا نموونەیەکی ڕوونە لەو ئاڵۆزییەی کە تێیدا هێز و ئەخلاق لە بەریەککەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەدان.

یەکێک لەو چەمکە یانەی ناو دونیای ئێمە کە قسە و باسێکی کەمی لەسەرکراوە و لەسەردەکرێت، چەمکی ئەخلاقە، ئەگەرچی دەستەواژەی ئەخلاق و بەدئەخلاقیی بەشێکی بەرچاوی زمانی قسەکردنی ناو ژیانی رۆژانەیە.

ئەخلاق، کە لێرەدا بە مانای ئەتیک Ethics بەکاردێت، ی بە جۆر و شێوازیی ژیانەوە ھەیە، بە شێوازی ھەڵسوکەوتی تاکەکەس و گرووپەکان لەناو کۆمەڵگادا. جەوھەری ئەخلاق ئەوەیە پێمانبڵێت چی راستە بیکەین و چی ھەڵەیە لێی دووربکەوینەوە، چی دادپەروەرانەیە پەیڕەوی بکەین و چ شتێک بێدادییە لێی بەدووربین. بەڵام لە پراکتیکدا شتەکان بەوشێوەیە سادە نین کە ئەو دوو رستەیەی سەرەوە پێماندەڵێن.

ئەخلاق چۆن پێناسە دەکرێت؟

ئەخلاق لقێکە لە فەلسەفە کە پێمان دەڵێ چۆن چاکە و باشە بژین، پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی گشتگیرە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری لەسەر دەکرێت، و ڕوانگە و تێڕوانینی هزرڤانان و فەیلەسووفان جیاوازە لەبارەیەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆری داگیر کردووە لە مێژووی هزری مرۆڤ و سیستمی هزریی دا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین،

وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆ و جیایە لە لقەکانی تری فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”، ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانە بن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیاڕانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی ئەمەیان نادروستەو ئەویتریان مامەڵەیەکی دروستە.

بۆ وتوێژ لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سۆکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردوویە. یۆنانییەکان لە زۆربەی بوارەکاندا پێشەنگن بەتایبەتی لە پەرەپێدان بە توانا هزرییەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانیەتی یۆنانی کۆن دای هێناو بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتیە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە خودی تاکەکەس.

دیارترینی ئەو ڕێبازە فەلسەفییانەی لەبارەی ئەخلاقەوە ئاخفتنیان کردووە، ڕێبازی هەردوو فەیلەسووفی ئینگلتەرایی، جێرمی بێنتام (1748ز-1832ز) و جۆن ستیوارت مێڵ (1806ز-1873ز) بووە؛ ئەم دوو بیرمەندە برەویان بە چەمکی چێژ دا و زیاتر لایان لێ کردەوە، ئەو چەمکەی فەیلەسووفی یۆنانی ئێپیکۆرس (341پ. ز-270پ.

ز) لە سەرەتاوە دایڕشت و بایەخی پێ دا، ئامانجی ژیانی مرۆڤ لە دیدی ئەوەوە، خۆی لە گەیشتن بە چێژ دەبینییەوە، بەڵکو پێناسەی بەختەوەری لە ڕوانگەی ئەو، بریتی بوو لە چەشتنی زۆرترین چێژ و دوورکەوتنەوە لە کەمترین ئازار؛ ئینجا چەندین سەدە دوای ئەو، ئەم دوو فەیلەسووفە بەریتانیاییە، بە میتۆدەکەی ئێپیکۆردا چوونەوە و شتێکی نوێیان لێ بەرهەم هێنا، ناویان لێنا فەلسەفەی سوود یان پێی دەوترێت بەرژەوەندیگەرایی.

فەلسەفەی بەرژەوەندیگەرایی یان سوودگەرایی لەسەر ئەو بنەمایە ڕۆ نراوە، ئامانجی گشت مرۆڤێک تەنیا گەیشتنە بە چێژ یان سوود، هەر شتێکیش لەوە بترازێت، تەنیا کۆمەڵێک ئامرازن و لەپێناو گەیشتن بە لووتکەی چێژ و خۆشییەکاندا فەراهەم کراون؛ بۆیە سوود و بەرژەوەندی، خێر و چاکەی ڕەهایە و دەبێت لە هەر کوێ هەبوو، شوێنی بکەوین؛ ئازاریش شەڕ و خراپەی ڕەهایە و پێویستە بە گشت شێوەیەک خۆمانی لێ بە دوور بگرین.

دواتر فەیلەسووفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت، باوەڕی بە تێڕوانینێکی ئایدیاڵیی هەبوو، ڕێک پێچەوانەی تێڕوانینی ماددییگەرایی بوو، لە چێژ و سوود دوورکەوتەوە.

لە ڕووی ئەخلاقییەوە، کانت دیۆنتۆلۆجیستە؛ ئەم وشەیە لە زمانی یۆنانییەوە هاتووە و بە مانای زانستی ئەرکەکان دێت. لای کانت، ئەخلاق بە دەرەنجامی کردارەکانمان، هەستەکانمان، یان هۆکارێکی دەرەکی پێناسە ناکرێت. ئەخلاق بە ئەرکەکان پێناسە دەکرێت و کردەوەی مرۆڤ کاتێک ئەخلاقییە کە پاڵنەرەکەی ئەرک بێت.

بە بڕوای کانت، تەنها شتێک کە لە خۆیدا چاکە “ویستی چاک”ە. ویست ئەوەیە کە پاڵنەری کردارەکانمانە و بنچینەی نیەتی کردەوەکانمان دادەمەزرێنێت. کاتێک لەبەر ئەرک کارێک دەکات، چاکە. بۆ ڕوونکردنەوە، کانت پێی وایە ویستی چاک تەنها شتێکە کە بە شێوەیەکی خودی (ژاتی) بەهادارە. ئەگەر بیر لە چاکە و شتە بەهادارەکانی تر بکەینەوە، دەبینین کە ئەوانە بەبێ مەرج چاک نین. بۆ نموونە، ئێمە بەهای زانست دەزانین، بەڵام دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کاری دڕندانە لە جیهاندا بەکاربهێنرێت، کەواتە زانست هەندێک جار چاکە. هەمان شت بۆ ئازایەتیش ڕاستە. ئێمە بەهای ئازایەتی دەزانین، بەڵام بۆمبڕێژکەرێکی خۆکوژیش ئازایەتی نیشان دەدات. کەواتە ئازایەتی تەنها هەندێک جار دەتوانێت چاک بێت.

ئەرکەکان ئەو بنەمایانەن کە ڕێنمایی کردارەکانمان دەکەن. ئەرکەکان فەرمانن بەو مانایەی کە پێمان دەڵێن چی بکەین. کانت دان بەوەدا دەنێت کە جۆری جیاوازی فەرمان هەیە لە جیاوازیی نێوان فەرمانی گریمانەیی و فەرمانی پەتی. فەرمان لە بنەڕەتدا “پێویستی”یەکە؛ شتێک کە من پێویستە بیکەم. فەرمانە گریمانەییەکان ئەو “پێویستی”یانەن کە ئاڕاستەی کردارەکانم دەکەن بە مەرجێک ئامانج یان بەرژەوەندی دیاریکراوم هەبێت. لە ڕاستیدا، ئەم “پێویستی”یانە بە تەواوی پشت بە ئامانجەکان یان بەرژەوەندییەکانم دەبەستن.

بە کورتی، فەلسەفەی ئەخلاقیی کانت تیشک دەخاتە سەر دادپەروەری و بەهای تاک. شێوازەکەی پشت بە توانای ئێمە بۆ بیرکردنەوەی عەقڵانی، سەربەخۆییمان (واتە توانامان بۆ دانانی یاسای ئەخلاقی بۆ خۆمان و بەڕێوەبردنی ژیانی خۆمان)، و یەکپارچەیی لۆژیکی دەبەستێت. هەروەها هەستێکی بابەتیانەی ئەخلاق پێشکەش دەکات لە شێوەی ئەرکە ڕەهاکاندا، ئەرکەکانێک کە پابەندکەرن بەبێ گوێدانە ئارەزووەکان، ئامانجەکان، یان دەرەنجامەکانمان.

بۆیە پسپۆڕان و یاسادانەران لە یاسای نێودەوڵەتی هاوچەرخ لە دانان و پەیڕەوکردنی ڕێساكانی جەنگدا کەسەرقاڵی رێساویاساکانی دژبەجەنگ بوون، ئەوان(یاسادەنەران)دەڵێن:- بەپێی یاسا ژیانی مرۆڤ لە چركەكانی سەرەتای بوونەوە هەتا مردن پارێزراوە.

لە دەرەنجامەكانی زیاد گرنگیدان بەو مافە، دامەزراندنی لقێكی نێونەتەوەیی مافەكانی مرۆڤە، كە لە لێكۆڵینەوەی گشت مافەكانی مرۆڤ لە كاتی ئاشتیدا تایبەتمەندە و، زۆرێك لە بەڵگەنامە، ئاگاداری و رێكەوتننامە كە پێ لەسەر پاراستنی مافی ژیان بۆ هەمووان دادەگرن، دەركراون، كە گرنگترینیان مادەی سێیەمی جاڕنامەی ی مافەكانی مرۆڤی ساڵی (1948)ە كە تیایدا هاتووە: “هەموو كەس مافی ژیان، ئازادی و سەلامەتی كەسیی هەیە” هەروەها مادەی پێنجەمی هەمان جاڕنامە دەڵێت: ” نابێت هیچ كەس دووچاری ئەشكەنجە، سزا یا مامەڵەی توند یا دڕندانە و كەرامەت ڕوشێن ببێتەوە”

هەروا لە بڕگەی یەكەمی پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەكانی ساڵی (1966ز)دا ئەوە دووپات كراوەتەوە: “مافی سروشتی هەموو كەسێكە بژی یاساش ئەو مافەی بۆ بپارێزێت، نابێت بەشێوەیەكی هەڕەمەكی، هیچ تاكێك لە ژیان بێبەش بكرێت”

هەروەها دووبارە چەندان پەیماننامە و ڕێكەوتنی ناوچەیی و هەرێمیی مافەكانی مرۆڤ هەن كە پاراستنی مافی ژیان بەتوندی دەسەپێنن، لەوانە.

بەندی سێیەمی پەیماننامەی عەرەبیی مافەكانی مرۆڤی ساڵی (1945ز)،

مادەی چوارەمی پەیماننامەی ئەفریقایی بۆ مافەكانی مرۆڤ و گەلان ساڵی (1979ز)،

[ بەشی یەكەمی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی ڕێكەوتنی ئەوروپایی مافەكانی مرۆڤ ساڵی (1950ز)،

جاڕنامەی ئەمەریكایی ماف و ئەركەكانی مرۆڤی دەرچوو لەلایەن ڕێكخراوی وڵاتانی ئەمەریكیایی بە بڕیاری ژمارە (30) لە مادەی یەكەمی كۆنگرەی نۆیەمی وڵاتانی ئەمەریكایی ساڵی (1948ز)،

تێكڕا هەموو ئەو مادانەش دووپاتی بێبەش نەكردنی هیچ مرۆڤێك لە ژیان بەشێوەیەكی بێسەرو بەرەیی دەكەنەوە، هەروا جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە، نابێت هیچ كەس دووچاری ئەشكەنجە، سزا یا مامەڵەی توند یا دڕندانە و كەرامەت ڕوشێن ببێتەوە، بەتایبەتی لەکاتی جەنگی نێوان دەوڵەتاندا.

دەبێت جەنگ تەنیا بەرامبەر بە سەربازان و ئامانجە سەربازییەکان بێت، نەک ئاراستەی مەدەنی و قوتابخانە و نەخۆشخانە و پەرستگاکان و شوێنە گشتییەکان بکرێت، هەروەها بەکارهێنانی هێز دەبێت لەگەڵ ئامانجەکەدا بگونجێت و زیاد لە پێویست نەبێت چونکه لەناوبردنی گشتی یان کوشتنی خەڵکی سڤیل و بەکۆمەڵ قەدەغەیە و دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. چونکە کەسانی بێتاوان و خەڵکی سڤیل دەبێت پارێزراو بن، لەهەمان کاتدا مامەڵەکردن لەگەڵ دیلەکانی جەنگ پێویستە مرۆڤانە بێت، نابێت بریندار بکرێن یان بکوژرێن. ئەم سنوورانە لە یاساکانی جەنگدا بە تایبەتی لە ڕێککەوتنەکانی جنێف و ڕۆما جەختیان لەسەر کراوەتەوە.

سنوورەکانی ئەخلاق لە جەنگدا بابەتێکی گرنگە لە فەلسەفەی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتی، چونکە جەنگ بە شێوە بنەڕەتەکەی فۆڕمێکی توندوتیژانەی هەیە،

بۆیە لەڕێگەی یاسا و رێسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام هەوڵ دەدرێت کە ئەم توندوتیژییە سنووردار بکرێت.

گرنگیی ئەخلاق بۆ سیاسەت

لە ئێستادا لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر ئەخلاق لە سیاسەتدا پێویستە، ئامانجەكە هەوڵدان نییە بۆ گەیشتن بە میسالییەت، بەڵكو گەیشتنە بە پیادەكردنی سیاسەتێك كە دەرئەنجامی خوازراوی لێبكەوێتەوە. ئەخلاق بەهایەكی یەكلاكەرەوە بۆ سیاسەت زیاد دەكات، ئەویش بە دەستەبەركردنی مامەڵەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ سەرجەم كاراكتەرە سیاسییەكاندا.

ئەخلاق دەكەوێتە نێو جەرگەی بارگرژییەكی بنیادنەرانە لە نێوان بەها و بەرژەوەندییەكاندا، واتە بەها و بەرژەوەندییەكان لە نێو بەرنامەی كاردا جێگیر دەكات، نەك هەڵبستێت بە دوورخستنەوەی یەكێكیان لە سەر حیسابی ئەوی دیكەیان. ڕێككەوتنە درێژخایەنەكان ئەو كاتە دێنەدی كە بەها هاوبەشەكان و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكرێنە بناغە.

ئاشكرایە دروست كردن و بنیاتنانی دەوڵەت بۆ چەند مەبەست و ئامانجێكە كە مۆركی ئەخلاقییان هەیە و، مومارەسەكردنی سیاسەتیش لەو چوارچێوەیەدا مومارەسەیەكی ئەخلاقیانە دەبێت ، بەڵام هەندێ جار ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع دەبینرێ پێچەوانەكەی دەسەلمێنێ ، چ لە ئاست دەوڵەتێک چ لە ئاست نێوان چەند دەوڵەتێك ، دەبینین ئەوەی پەیڕەو دەكرێ زمانی هێزو فێڵكردن و خەڵەتاندن و گەوجاندن و خواردنی مافی تاكەكانە ، وەك ئەوە وایە سیاسەت سەركەوتن بەدەست نەهێنێ تا لە بەها ئەخلاقییەكانی نەکەوێ !!

لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا بەڕاستی هونەری سیاسەت ئەوەیە ئەخلاقی تێدا نەبێ ؟!

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو :

سەرنجی یەكەم: هەندێك لە بیرمەندەكان دەڵێن: هیچ یەك لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا نیە و، دەبێ سەرجەم بەها ئەخلاقییەكان بەیەكجاری لەكاری سیاسیی دووربخرێنەوە ، كە ئەمەش ڕاوبۆچوونی بیرمەندی ئیتاڵیی (میكیاڤیلی : 1527ز) یە كە لە كتێبی ( میر- the prince ) دا باسی كردووە ، میكیاڤیلی پێی وایە بنەمای كاری سیاسیی بریتیە لە (مەبەست و ئامانج جۆری ئامڕاز دیاری دەكات) واتە : سەركەوتنی سیاسەت ئەوەیە چ ئەنجام و دەستكەوتێك بەدەستدەهێنێ ، ئیتر ئایا ڕێگاكان و ئامڕازەكانی بەدیهێنانی ئەم دەستكەوتانە هەر جۆرە ئامڕازو ڕێگایەك بن ئەگەرچی هەندێجار نائەخلاقیش بن! هەروەها ( فریدریش نیچە :1900 ز) فەیلەسوفێكی ئەڵمانیە هەمان بیرۆكە دووپات ئەكاتەوە و دەڵێ : زۆرجار ئەخلاق زەرەر بە سیاسەت دەگەیەنێ و دەوڵەت بەرەو داڕووخان دەبات و، ئەو دەسەڵاتدارەی كە پەیڕەوی ئەخلاق دەكات لێهاتوو نیە.

بەڵگە بۆ ئەم بۆچوونە ئەوەیە، ئەوانە دەڵێن: مرۆڤ شەڕانگێزە و بەسروشتی خۆی ئارەزووی خۆسەپاندن و سەركەشی یاسا دەكات و، ئەگەر وازی لێ بهێنرێ كۆمەڵگە دەگەڕێتەوە بارە سروشتیەكەی خۆی ، ئەوكاتیش فەوزاو بێ سەروبەریی و ستەم باڵ دەكێشێ ، ئەمەش دەخوازێ هێزو توندوتیژی و هەموو جۆرە ئامڕازێكی تر بەكاربهێنرێ بۆ پاراستنی دەوڵەت و مانەوەی ، هەروەها پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیش بە لەبەرچاوگرتنی بەها ئەخلاقیەكان دەوڵەت ڕووبەڕووی لاوازیی و هەرەسهێنان دەكاتەوە !!

سەرنجی دووەم : (ئەرەستۆ)ی فەیلەسوفی یۆنانی و (كانت)ی فەیلەسوفی ئەڵمانیی و هەندێك لە فەیلەسوفە هاوچەرخەكانیش پێیان وایە : ئەخلاق بەشێكە لە سیاسەت و، لە مومارەسەكردنی سیاسەتدا پێویستە بەها ئەخلاقییەكان لەسەرجەم ئاستەكاندا لەبەرچاو بگیرێن ، واتە دەبێ سیاسییەكان هەموو ئامڕازێكی نائەخلاقی و نەشیاو لە سیاسەت دووربخەنەوە و، هەوڵی بەدیهێنانی دادگەریی و ئاسایش و دەستەبەركردنی مافە سروشتیە گشتییە كۆمەڵایەتیەكان بدەن ، ئەم فەیلەسوفانە دەڵێن : دەبێ مرۆڤ لەخودی خۆیدا وەك ئامانج و مەبەست مامەڵەی لەگەڵدا بكرێ نەك تەنها وەك ئامڕاز تەماشا بكرێ ، هەروەها پێویستە سیستمێكی نێودەوڵەتیی بهێنرێتە كایەوە كە لەسەر بناغەی دیموكراسییەت و لێبوردەیی و دادپەروەریی و یەكسانی نێوان گەل و نەتەوەكان بنیاتنرابێ.

هەروەها بەڵگەی ئەم بۆچوونەش بریتییە لەوەی ئەم فەیلەسووفانە دەڵێن: دەوڵەت بەتایبەتی و سیاسەت بەگشتی لەپێناو بەدیهینانی ئەو مەبەست و ئامانجە ئەخلاقیانەدا هاتوونەتە كایەوە كە لە كۆمەڵگەدا لەدەست دراون ، بۆیە ئەخلاقی بوونی ئامانج ئەخلاقی بوونی ئامڕازیش فەرز دەكات و، گرێدانی سیاسەت بە ئەخلاقەوە دەبێتە مایەی پێشكەوتن و گەشەكردن و دڵسۆزی نواندن لە كارو ئەركەكاندا ، نەبوونی ئەخلاقیش لە سیاسەتدا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕش دژی دەسەڵاتەكان و بەرپابوونی جەنگ لەنێوان دەوڵەتاندا!

سەرنجی سێهەم : لەڕاستیدا ناكرێ جیاكاریی لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا بكرێ ، دەبێ مەبەست لە مومارەسەكردنی سیاسەت بەرجەستەكردنی بەها ئەخلاقیەكان و هۆشیاركردنەوە و بەرزكردنەوەی مرۆڤ و هاووڵاتی و پاراستنی مافە بنەڕەتییەكان بێت ، بەبێ پشت گوێخستنی بەرژەوەندیە گشتیە ستراتیژیەكان ، كە سەرجەم ئەمانەش فاكتەری سەرەكی و بنەڕەتی مانەوە و گەشەكردن و پێشكەوتنی وڵات و كۆمەڵگەن.

ئایدیۆلۆژیەت نابێتە بنەما بۆ ئەخلاقی سیاسی، ماكس ڤیبەر دەڵێت: ناتوانرێت بە تەنها بیروباوەڕ بكرێتە بناغەی ئەخلاقە سیاسییەكان، بەڵكو دەبێت دەرئەنجامی بڕیارەكانیش لەبەرچاو بگیرێن، كە مەبەست لە بەرپرسیارێتییە. ئەو دوای دیراسەتكردنێكی چڕوپڕی سەركردە سیاسییە كارێزماکان لە سەرجەم كۆمەڵگە و كەلتوورەكانی جیهاندا، بەو دەرئەنجامە گەیشت كە بیروباوەڕ و پاڵنەر بە تەنها بەس نین، بەتایبەتی لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا پێویستە سەركردە سیاسییەكان نەك تەنها بەرپرسیارێتی بڕیارەكانیان لە بەرچاو بگرن، بەڵكو دەبێت بەرپرسیارێتی دەرئەنجامەكانیش لە ئەستۆ بگرن، تەنانەت ئەگەر ئەمە ناكۆك و ناتەبا، یاخود ببێتەهۆی لەباربردنی ئەو مەبەستەی لە سەرەتادا هەوڵی بەدیهێنانی درا. ڤێبەر ئەو ڕاستییەمان بیر دەخاتەوە كە لە سیاسەتدا، بەرپرسیارێتی پێوەندیەكی كەمی بە بیرو باوەڕەكانەوە هەیە و پتر پەیوەستە بە دەرئەنجامەكانەوە. كەواتە پێویستە ئەخلاق لە سیاسەتدا بیر و باوەڕ و بەرپرسیارێتی پێكەوە گرێ بداتەوە. بەرپرسیارێتی وەك زەقترین ڕواڵەتی ئەخلاق لە سیاسەتدا دەردەكەوێت.

ڕەهەندەکانی سیاسەت و ئەخلاقی سیاسی:-

دەكرێت وەك پێكهاتەیەكی فرەڕەهەندی لە سیاسەت بڕوانین.

ڕەهەندی یەکەم، ڕەهەندی ڕەمزییە، كە پەیوەستە بەو وێنایەی بۆ دەسەڵات دەكرێت، هەروەها بە خەسڵەتی حوكمڕانەكان لە ڕووی تەمەن و ڕەگەزەوە، بە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاڵا و سروودی نیشتیمانییەوە، هەروەها پەیوەستە بە شێوازی وێناكردنی ناكۆكی و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانەوە، بە بیانی و كۆچبەرانەوە. كەلتووری سیاسیش بەشێكە لەم ڕەهەندە، بەڵام لەم ڕەهەندەدا كورت نابێتەوە.

ڕەهەندی دووەم، بریتییە لەو چوارچێوەیەی تێیدا پرۆسە سیاسییەكان ڕێكدەخرێن، پێكهاتووە لە چوارچێوەیەكی سەرەكی، یان دەستووری، كە پێكدێت لە یاسا و ڕێساكان. هەموو ئەم توخمانە سیاسەت دادەڕێژن، بەڵام هەندێ جار تەنها ڕواڵەتێكی هەڵخەڵەتێنەرن، یا ڕێوڕەسمێكی سیاسین و زۆر دوورن لەوەی پرۆسەیەكی كۆنكرێتی بن.

ڕەهەندی سێیەم، پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی رۆژانەی كاروبارەكانەوە، هەروەها بە دانانی ئەولەوییاتەكان و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان و بە دانوستاندنەكان و ئامادەكردن و جێبەجێكردنی سیاسەت و بڕیارەكانەوە، بە دەستەبەركردن و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، بە خستنەگەڕی سەرچاوەكان و بە مامەڵەكردن لەگەڵ كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتییەكانەوە.

بە زۆری شكستی سیاسییەكانیش گرێ دەدرێتەوە بە بایەخدانی زیاد لە پێویست، یاخود بە كەم بینینی ، یان فەرامۆشكردنی یەكێك لەم سێ ڕەهەندەوە. ئەخلاقی سیاسی ئەوە دەخوازێت كە هەر سێ ئەم ڕەهەندە لەبەرچاو بگیرێن و ڕەچاو بكرێن، بە هەمان شێوە پێویستە دان بە سنوورداری ئەم ڕەهەندانەدا بنرێت و تێكەڵ نەكرێن. پشتگوێخستنی هەر یەكێك لەم ڕەهەندانە، یاخود بە كەمگرتنی هەر یەكێكیان دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە، لهڕوانگهی فهلسهفهی سیاسهت و ئهخلاقهوه.

گرنگترین بۆچوونهكانی پێكهوهنهگونجانی ئهخلاق و سیاسهت:

1.

سیاسەت لە بنەڕەتدا كردهیهكی نائەخلاقیە: ههندێک لەفەیلەسوفەکانی بواری سیاسهت رایان وایه كهچالاكی سیاسی لەبنەڕەتدا نائهخلاقییە لهبهرئهوه رەچاوکردنی پێویستی ئەخلاقی لەسیاسەتدا شوێنێكی نییە. بۆ نموونه، وەک ئاماژەم پێدا (ماکیاڤێلی، Machiavelli) له كتێبی «میر»دا دەڵێت كهفەرمانڕەوا دهبێت هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنی دەسەڵات بیکات، تەنانەت ئەگەر رەفتارکردنیش بێت بەشێوەیەکی نائەخلاقیانه. هەروەها (هۆبز، Hobbes) باس لەوە دەکات کە ئەخلاق لەسیاسەتدا جێگەی نییە، بەو پێیەی ئامانجی دەوڵەت بریتیه لهپاراستنی ڕێکوپێکی فهرماندارێتی و سەقامگیریی جا بهههر نرخێك بێت.

2. سیاسەت و ئەخلاق ئامانجی جیاوازیان هەیە: سیاسەت لەخەمی بهدهستهێنانی دەسەڵات و دابەشکردنی سەرچاوەکاندایە، لەکاتێکدا ئەخلاق لهخەمی هەستی تاکهكهسدایه بۆ زانینی راست و هەڵە. بەپێی ئەم بۆچوونە، ئامانجهكانی سیاسهت زۆرجار پێویستی بەکردارگەلێک هەیە کە لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەکان ناگونجێت. ئەم بۆچوونه لەلایەن (مایکل والزەر، Michael Walzer)ـەوە لەکتێبی «کایەکانی دادپەروەری»دا خراوەتەڕوو. تێیدا گریمانهی ئەوە دەکات کایە جیاوازەکانی ژیان ئامانجی جیاوازیان هەیەو پێویستیان بە بنەمای ئەخلاقی جیاواز هەیە.

3. رهنگه بنەما ئەخلاقییەکان لەسیاسەتدا “كردهیی” نهبن: زۆرجار بڕیارە سیاسییەکان پێویستیان بەسازان و دانوستان هەیە، بهڵام رەنگە گروپە جیاوازەکان بیروباوەڕی ئەخلاقی جیاوازیان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی و دژیهكی. جگە لەوەش، بڕیارە سیاسییەکان دەبێت کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ژینگەیی لەبەرچاو بگرن، ئهمهش دەكرێت رەفتارکردن بەپێی بنەما ئەخلاقییەکان قورس بکات. ئەم بۆچوونه لەلایەن (بێرنارد ویلیامز، Bernard Williams)ـەوە لەکتێبەکەیدا بەناوی «ئەخلاق و سنوورەکانی فەلسەفە» خراوەتەڕوو. تیایدا باس لەوە دەکات مهرج نییه بنەما ئەخلاقییەکان لە دۆخە کردارییەکاندا هەمیشە کاریان پێبکرێت.

4. ههوڵدان بۆ بهدهستهێنانی دەسەڵات رهنگه ببێتە هۆی سازشی ئەخلاقی: ئەگەر گریمانهی ئهوهش بكهین سیاسەتمەداران نیازێکی باشیان هەبێت و پێیانوابێت بەئەخلاقی مامەڵە دەکەن، ههوڵدان بۆ دەسەڵات دهكرێت ببێتە هۆی سازشی ئەخلاقی. بۆ نموونە، رەنگە سیاسەتمەداران سازش لەسەر بنەما ئەخلاقییەکانیان بکەن بۆ ئەوەی دەنگ بەدەست بهێنن و هەڵبژاردنەکان ببەنەوە، یان پشتیوانی گروپە بەرژەوەندیخوازه بەهێزەکان زامن بكهن. ئەمەش دهگونجێت ببێتە هۆی داڕشتنی سیاسەتگەلێک کە زیانبەخش بێت بۆ هەندێک لهگروپهكان، تەنانەت ئەگەر بهبیانووی ئەوەش خرابێتهڕوو كهمهبهستیان بهدیهێنانی چاکەی گەورەتره.

6. چوارچێوەی ئەخلاقی جیاواز, رهنگه ببێتە هۆی سیاسەتی دژبەیەک: تەنانەت ئەگەر سیاسەتمەداران لەسەر گرنگی ئەخلاق کۆک بن، لەوانەیە چوارچێوەی ئەخلاقی جیاوازیان هەبێت کە ببێتە هۆی سیاسەتی ناکۆکی. بۆ نموونە رەنگە سیاسەتمەدارێک پێی وابێت کە ئازادی تاک گرنگترین بنەمای ئەخلاقییە (وەك لای لیبراڵهكان)، لەکاتێکدا سیاسەتمەدارێکی دیکە لەوانەیە دادپەروەری کۆمەڵایەتی (لەلای سۆشیال دیمۆكراتهكان یان ئاراسته ئایینیهكان) لەپێشینەی کارەکانیدا دابنێت. ئەم چوارچێوە ئەخلاقییە ناکۆکانە دهكرێت ببنەهۆی ناکۆکی سەبارەت بەوهی كام بهرنامهكاری سیاسی لهپێشتر بێت، ئهم دۆخهش رهنگه ببێتە هۆی قورسکردنی کۆدەنگی لەسەر پرسە گرنگەکان.

7. دژیهكی ئهخلاق و سیاسهت لهئاستی نێودهوڵهتیدا ئاشكرایه: بۆ نموونه تیۆری سیاسی ریالیزم پێی وایە کە سیاسەتی نێودەوڵەتی بەهۆی بەرژەوەندی و هێزهوه دەجووڵێت. ههروهها ئەو پێوهره ئەخلاقییانەی کەڕێنمایی رەفتاری تاکەکان دەکەن، دەوڵەتەکان ناگرێتەوە، کە لەبنەڕەتدا كار بۆ مانەوە و ئاسایش خۆیان دهكهن. بۆ نموونه (هانز مۆرگنتاو، Hans Morgenthau) رای وایه كه سیاسەتمەداران هەندێکجار دهبێت بڕیاری قورس بدەن کەڕەنگە وەک نائەخلاقی دهربكهوێت ئهمهش لهپێناو ئهوهی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان بپارێزن.

جەنگ و دادپەروەری

لە وانەێکدا، فەیلەسوفی فەرەنسی “ژان لۆك نانسی” ی (دادپەروەری) دەدوێت، گەنجێك لێی دەپرسێت “ئایا جەنگی دادپەروەرانە بوونی هەیە؟” نانسی لە بڕگەیەكدا بەم جۆرە وەڵام دەداتەوە: “هەر جەنگێك كە كرابێت، نادادپەروەرانە بووە، چونکە مەینەتییەکەی بۆ خەڵكانێكیش بووە، كە هیچ هەڵەیەكیان نەكردووە و شایەنی ئەوە نەبوون بكەونە دۆخی جەنگەوە. بۆ سادەكردنەوەی پرسەكە دەمەوێت بڵێم ئەو خەڵكانە خراونەتە ناو لۆژیكی ئەو دەوڵەتانەوە كە دژی یەكتر جەنگ بەرپا دەكەن”.

لە بڕگەیەكی تردا دەڵێت: “لەمڕۆدا دەبێت مرۆڤایەتی جارێكی دی لەخۆی بپرسێتەوە كە ئاخۆ دەبێت بە چ شێوەیەك ئایدیایەكی ئەوتۆی دادپەروەری گەشە پێبدات كە چیتر هەمان ئەو دادپەروەرییە نەبێت كە بە گوێرەی ئەوە، دەوڵەتان مافی هەڵگیرساندنی جەنگ دژی یەكتری، بەخۆیان دەدەن”.

بەم پێیە هیچ جەنگێكی دەوڵەتان لەگەڵ یەكتریدا، پاساوەكەی هەرچییەك بێت، ڕەوا نییە و ناشتوانێت دادپەروەری بەدی بهێنێت. چونكە جەنگ ماڵوێرانییە بۆ خەڵكانێك كە “شایەنی ئەوە نەبوون بكەونە دۆخی جەنگەوە”. ئەم خەڵكانە كێن كە لە دۆخی جەنگدا دەردەكەون؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای فەیلەسوفی ئەخلاق ئیمانوێل لێڤیناسە.

گەر لە لێڤیناسەوە بڕوانین، دەبینین سوپاكان لە پێناوی دادپەروەریدا ناجەنگن؛ بۆمبەكان،درۆزنەکان، ڕۆكێتەكان، فڕۆكە جەنگییەكان تەنانەت ئەگەر بە ناوی “دوورخستنەوەی هەڕەشەی وجودی و هەنووکەیی یان بەرگریی لەخۆكردن یان بەرەی مقاوەمە دژ بە زایۆنیزم”ـیش بچنە جەنگەوە، هەر ناتوانن دادپەروەیی بەدیی بهێنن، بەڵكو دەبنە هۆی نەهامەتیی زیاتر. لە دۆخی جەنگدا، ڕووبەرێكی فراوان بۆ ئەنجامدانی ناعەدالەتی، بەربەریەت و پێشێلكاریی بەرامبەر كەرامەتی مرۆڤ دەكرێتەوە، بەڵام هەر بەم هۆیە، بە وتەی لێڤیناس، ئیمكانی دادپەروەریش دەڕەخسێت؛ ئیمكانی دادپەروەری بەرامبەر ئەو خەڵكانەی كە سەرباز و بكوژ نین و دەخرێنە لۆژیكی جەنگەوە، ئەوانەی كە لە دووكەڵی جەنگدا دەمرن یان بە تۆقیوی لێی دێنە دەرەوە. كەواتە ئەم خەڵكانەی نانسی باسیان دەكات، لای لێڤیناس ئەمانەن: دیلی جەنگ، بریندار، هەڵهاتوو، دەربەدەر، برسی، پەنابەر، ئاوارە، دایكانی جگەرسووتاو، منداڵ، كەسانی لانەواز و ئەوانەش كە دیمەنە سامناکەکانی جەنگ بۆیان دەبێت بە تراومای سەخت. بەرپرسیارێتیی ئاكاریی لەسەر كۆی ئەوانەیە كە ئەم ڕووخسارانە دەبینن، دواجار لەسەر هەموو “دازاین”ـێك. بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا تەكنۆلۆژیای جەنگ مەودایەكی ڕەخساندبێت، كە بكوژەكان ڕووخسارەكان نەبینن، بەو پێیەی جەنگی سەردەم “ڕوو بە ڕوو” نییە كە ئەم مەرجە بۆ بینینی ڕووخسار، واتە بۆ ئەخلاق، زەروورییە.

ڕۆكێت و درۆن و فڕۆكە و ڕۆبۆتەكان تەكنۆلۆژیای دوورەجەنگن: كوشتن لە دوورەوە. لێرەدا ئەو سەرباز و ئەفسەرانەی لە ژووری داخراوی ژێرزەمینەكانەوە ڕۆكێتەكان دەهاوێژن، ڕووخساری ئەویترەكان نابینن، بۆیە بەرپرسیارێتیی ئاكاریش بەرامبەریان هەڵناگرن، مەرگ دەبێتە جێی گاڵتەجاڕیی. لەمڕۆدا دەوڵەتان و ئەكتەرە سیاسییەكان بكوژەكانن، ئەو بكوژانەن كە نە ڕووخسار دەبینن و نە فەرمانی “مەكوژە” دەبیستن، بۆیە ئەستەمە جەنگەكانی ئەم سەردەمە ئاشتی بەدیی بهێنن، ئەستەمە كۆتاییشیان بێت.

بەهیچ شێوەیەك ناكرێ بەها ئەخلاقیەكان لە مومارەسەكردنی سیاسەت دوور بخرێنەوە ، ئەگەرچی بەرجەستە كردنیشیان لە واقیعدا ئەندازەیەك سەخت و ناڕەحەت و گران بێت ، ئەمە لەلایەك ، لەلایەكی ترەوە ئەخلاق لە سیاسەتدا بەبێ بوونی هێز لاوازیە ، هێزیش بەبێ بوونی ئەخلاق بیانوێكە بۆ زوڵم و ستەم و تاوان، بۆیە سیاسەتمەداری سەركەوتوو ئەو سیاسییەیە كە هێز و دەسەڵات دەكاتە ئامڕازێك بۆ چەسپاندنی بەها ئەخلاقیەكان و مومارەسەكردنی ئەخلاقیانەی سیاسەت.

بابەتى تر

👤
Live: 128 Today: 1,550 📊 Click Here