ئەزانیت بۆ باوەڕم بە بانگێشە و نمایشەکانتان نییە بۆ ژینگە؟

ئەزانیت بۆ باوەڕم بە بانگێشە و نمایشەکانتان نییە بۆ ژینگە؟

جار بینراوە: (17)

هەرچییەک بکەیت، تۆ نوێنەری حیزبێکیت.. ئەو شاخەی ڕۆژێک لە ڕۆژان سەنگەری جەنگاوەرانی حیزبەکەت بوو، ئێستا دوژمنکارانە سەنگەرەکانی دەڕووخێنیت و خاپووری دەکەیت. ئەو ئاوەی کە دوای بڕینی ڕێگایەکی دوور، تینوێتیی دەشکاندیت، ئێستا وشکی دەکەیت. ئەو باڵندانەی بەیانیان خەبەریان دەکردیتەوە، ئێستا لانەکانیان وێران دەکەیت و دەیانکەیتە کۆچبەر. خاکی ئەو نەعنایە دەخەیتە ژێر شۆفڵ کە دەتدەکردە تێشووی نانەکەت و برسێتیت پێ دەشکاند. ئەو دارانە دەبڕیتەوە کە لەژێر سێبەرەکەیدا سەرخەوێکت دەشکاند. ئەو شارانە دەفرۆشیت کە شەهوەتی ئازادیت تێدا دەباراند. ئازادیت کردە سەفتەیەک پارە و لە قاسەیەکدا داتناوە، نازانیت کلیلەکەی لەدەستی چ دوژمنێکدایە. بانگەشەی کۆکردنەوەی کیسەی زبڵ دەکەن، کەچی شارەکانتان کردووەتە زبڵخانەی بیر و هۆش.

هەرچییەک بکەیت، تۆ نوێنەری کۆمپانیایەکیت کە سەوزایی بە لاستیکی پارە دەپێوێت، شارەکەت پڕ کردوە لە وێنەی سەوزایی لە سەر فلێکلس و پلاستیک، سەدان کتێبی لەسەر هەوا چاپ دەکەیت بەڵام دوکەلکێشی کارگەکانی بە پەڕەی ئەو کتێبانە جۆش دەکەیت. هەواکەی پڕ دەکەیت لە ژەهر و بازاڕت پڕ کردووە لە ئامێری فێنکەرەوە. کۆڕبەندی شیعریی بۆ سروشت و شاخەکان ساز دەکەیت، بەڵام بەردی چیاکانی دەکەیتە تۆز و دەیکەیتە قورقوراگەی خەلکەوە، دارستانەکان دەکەیتە بینا و کارگە بۆ گەشتن بە خەوی رەنگاوڕەنگ بۆ زیادکردنی سەرمایە. ئاژەڵەکانی دەکەیتە قەفەزەوە و هێلانەکانیان دەکەیتە کۆنکرێت. ئاو دەکەیتە لۆگۆی خۆت، کەچی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەویت قرتەبڕ دەکەیت.

هەرچییەک بکەیت تۆ نوێنەری باوەڕێکیت، کە زەوی بۆ خۆشی پیاوێک دروستبووەو هیچ شتێک لە کردنەوەی بەنەخوێنەکەی پیرۆز تر نییە، ئەو دار مێوە هەڵدەکێشیت کە ترێکەی خەونی ئەبەدی تۆیە بۆ گەشتن بە شەرابێکی پاکژ. باوەڕت وایە شارستانیە لە تەلاقدانی سروشتەو و تێکدانی ژینگەوە دەستپێدەکات، گاڵتە بەو جلە شاڵانە دەکەیت کە لە گیاندارانەوە خواستووتە و شانازی بەو جلە نایلۆنانەوە دەکەیت کە قوتت دەکاتەوە تا شەڕانگێزیی و کەموکورتیت بشارێتەوە.

هەرچییەک بکەیت، تۆ نوێنەری دەزگایەکی میدیای دەسماڵکێشیت، نمایشی کۆمپانیا و حیزب و پیڕوباوەڕەکان دەڕازێیتەوە و دوکانێکی بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان، بۆ ئەو وێڕانە ژینگەییە کە بەجێیان هێشتووە و هەلهەلەی شادیان بۆ دەکێشیت. دارچاندن دەکەیتە مانشێت و وێرانکردنی ژینگەش بە هەزارەها پێچی پڕ پاساو پەردەپۆش دەکەیت.

ژینگەکەت کردۆتە ڕوکارێک بۆ ئەوەی پێت بڵێن ئەها چەند میدیایەکی مۆدێرن و خەمخۆریت!

بابەتى تر

👤
Live: 128 Today: 1,550 📊 Click Here