گۆشەنیگایەکی کوردستانی بۆ ململانێکانی ناوچەکە: چیتر نابینە قوربانی قوماری زلهێزان
دانا محمد احمەد – چالاکوان
لە سایەی ئەو ئاڵۆزی و جەنگەی ئێستا لە نێوان (ئیسرائیل و ئەمریکا) لەلایەک و (ئێران) لەلایەکی ترەوە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، پێویستە ئێمەی کورد و خاوەن ڕوانگەیەکی سەربەخۆ و هۆشیارانە بین. هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر ئەم جەنگە نابێت لەژێر کاریگەریی عاتیفە یان دروشمی بێ ناوەرۆکدا بێت، بەڵکو دەبێت “بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی” تاقە قیبلەنما و بنەمای لێکدانەوەکانمان بێت.
وانەکانی مێژوو: سەدەیەک لە نکۆڵیکردن
ئێمە دەبێت پەندمان لە مێژووی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو وەرگرتبێت. لە “سایکس-پیکۆ”وە تا نسکۆی ٧٥ و لەسێدارەدانی کۆماری مەهاباد، مێژوو پێمان دەڵێت کە چۆن زلهێزە نێودەوڵەتییەکان کێشەی کوردیان کردۆتە قوربانی سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندییەکانی خۆیان. ئێمە سەدەیەکە لەلایەن ئەو چوار دەوڵەتەی کوردستانمان بەسەردا دابەشکراوە، ڕووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵیکردن دەبینەوە.
تێپەڕاندنی داوی “برایەتی ئایینی” و “فریادڕەسی بیانی”
لە ڕابردوودا، زۆرێک لە شۆڕشەکانی کورد بەناوی “برایەتی ئایینی” یان “جەنگی کوفر و ئیمان” خەڵەتێنراون. عوسمانییەکان و دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوچەکە، ئاینیان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی مافەکانمان بەکارهێناوە. لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتانەی خۆیان بە موسڵمان دەزانن (چ شیعە و چ سوننە)، گەورەترین جینۆساید و قەسابخانەیان بۆ گەلی کورد دروست کردووە و خاکیان داگیرکردووین.
لە لایەکی تریشەوە، زلهێزە نێودەوڵەتییەکان (ئەمریکا، ئەوروپا و ئەوانی تر) بۆ ماوەی سەدەیەک چاویان لە ئاست کارەساتەکانی سەر گەلی ئێمە نوقاندووە و تەنها کاتێک یادیان کردووینەتەوە کە پێویستیان بە ئێمە بووە وەک ئامرازێک لە ململانێکاندا.
ڕوانگەی ئێمە بۆ جەنگی ئێستا
ئێمە لەم جەنگەدا هیچ لایەک بە فریادڕەس نازانین. تێڕوانینی ئێمە دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە بێت:
• تا چەند ئەم جەنگە دەرفەت بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانمان دەڕەخسێنێت؟
• ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزان ئامادەن دان بەو مافانەدا بنێن کە ١٠٠ ساڵە زەوتکراون؟
کۆتا پەیام:
سەردەمی خەڵەتان بە ناوی “ئیستعمار” یان “ئاوەدانکردنەوە” و “براینی دینی” بەسەرچوو. ئێمە نە دەبینە سووتەمەنی جەنگی کەس و نە بەڵێنی بێ بنەما دەمانخەڵەتێنێت. هەڵوێستی یانەی ئێمە ئەوەیە: ئێمە لەوێین کە بەرژەوەندیی خاک و نەتەوەکەمانی لێیە.















Post Comment