دورگەی خارک بەردەبازی دامەزراندنی سیستمێکی نووێی جیهانی

دورگەی خارک بەردەبازی دامەزراندنی سیستمێکی نووێی جیهانی

جار بینراوە: (13)

ئا لەم مەنزیل و کەتوارەدا، شەڕ هەموو سنورێکی بۆ ویژدان مەردی نەهێشتوەتەوە، ئادەمیزاد لە بەهاکانی دادەماڵدرێت و کراوەتە کاڵایەکی بی نرخ و کەم سەنگ. بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهان لەم رۆژەرا وەک هەباشە مرۆڤدۆستی لووش دەدات. ئا لەم وەختەدا لە سونگی هۆش و ئەقڵ و دنیابینی خۆمەوە هەرچەند لە گێژەوەی دەدەم، هەرچی ئەیکێشم و ئەیپێوم، لە هەرلایەکەوە لێی ورد دەبمەوە، هەڵیدەگوشم و تێیدەفکرم، هەرچی شێلە و بێلەی دەکەم، وێدەچێت ئەم شەڕە، بە هامان سیناریۆی مرخ خۆشکردنی ترامپ بێت لە دورگەی گریلاند، لێرەیشدا شەڕ لە سەر گەروی هورمز و دورگەی خارک بێت.

لێدوان و قسە فرێدانەکانی ترامپ، لە مەڕ ئایندەی گەروی هورمز و دورگەی خارک، سەرنجکێشە. تاوێک دەڵێت؛ ئەم دورگەیە خەڵاتی ئێرانیەکان دەبێت بۆ من، لە لێدوانێکیشدا بە مەبەست لە بری ناوی خارک دەڵێت؛ دورگەی ترامپ. پێدەچێت خەیاڵی داگیرکردنی ئەم گەروو و دورگەیە لای ترامپ زۆر کۆن بێت، وێدەچێت دەمێکی دوور بێت ترامپ مرخی لەم دورگەیە خۆش کردبێت، یان خەونی بە داگیرکردنەوە بینیبێت. ئەوەتا لە ساڵی ١٩٨٨ پێش نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گاردیان دەڵێت؛ من دورگەی خارک وێران دەکەم و دواتریش داگیری دەکەم.

گرنگی ئەم دورگەیە بۆ ئەمریکا و پرۆژە ستراتیجیەکەی ئەورۆی، ئەو ئەگەرە دەسەلمێنێت، کە بۆچی ئەمەریکیەکان و ترامپ ئەوەندە سورن لە سەر داگیرکردنی و ئامادەیی هەموو قوربانیدانێکن بۆ داگیرکردنی.

لە ١٣ ی مارسدا هێزەکانی ئەمەریکا زۆر بە توندی هێرشیان کردە سەر ئەم دوورگەیە، لە لێدوانێکی ترامپ دا بە راشکاوی دەڵێت؛ هەموو بنکە سەربازیەکانی ناو ئەم دورگەیەم وێران کردوە.

لە هەڵسوکەوتی سیاسی نوێی ئەمەریکادا زۆر جەخت لە سەر داگیرکردنی چەند دورگەیەک دەکەنەوە، لەوانە جگە لە دورگەی خارک، باس لە داگیرکردن بە خۆشی بێت یان بە شەڕ لە هەردوو دورگەی گریلاند و پەنەمایش دەکات. داگیرکردنی ئەم دوورگانە لە وێنە گشتیەکەیدا پێدەچێت، وەک بەردەبازێک بێت لە سیاسەتی نویی ئەمەریکادا، ئامرازێک بێت بۆ سەپاندنی هەژمونی نوێی ئەمەریکا و کێشانی نەخشەی سیستمی نوێی و سەلماندنی پێگە و سەنگی ئەمەریکا لەم سیستمە نوێیە.

دورگەی خارک جگە لەوەی پێگە و جێگەیەکی ستراتیجی سەربازی زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکا وەک زلهێزێکی ، هاوکات لە رووی ئابووریشەوە زۆر گرنگ و ئامانج پێکە. لەم دورگیەوە نەک هەر دەتوانێت قورگی ئێران بگرێت، بەڵکو گوشار و گەمارۆی بەشێک لە پرۆژە ستراتیجی و هەستیارەکانی چین و روسیاش دەدات.

بە هەر دەردێک ئەم شەڕە رۆژ بە رۆژ فەرەوانتر و تووندتر دەبێتەوە، هاوهۆکار بەوەی ئێمە دەکەوینە ناو چەقی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا زۆر ئەستەمە بتوانیین بە بێ ئارەق لێی دەرچین.

ئاخۆ لەم کەتوارە پڕ لە ئاشوب و شەڕ و نەهامەتیەدا، جارێکیتر گەردون مێخی خۆی لە سەر ئێمەی بێ کەپر و سابات دادەکوتێت؟، لەم کەین و بەینەدا، لەم رۆژگارە گرژ و مۆنەدا، کاروانی ئێمەی کوردی خێر لە خۆ نەدیو بە کوێ دەگات؟. لەم مەنزڵە پڕ لە تەم و ترس و دڵەراوکێیەدا، ئەقڵ و هۆش و درونی کورد دەکوڵێت، نازانین سەرمان بە چ فەتارەتێکەوە دەنێت؟.

لە نێو ئەم با ڕەشە شومەدا تۆ بڵێیت گەردوون لە ژێر کاکەڵەیدا ئەمجارە خەڵاتی ئازادی بە کورد رەوا ببینێ، تۆ بڵێیت کورەکەی مەلکشا جانتا لە شان کات و لە ترمیناڵی سنەوە، سەفەر بۆ سلێمانی بکات، یان خەون بە پێچەوانەوە کەتوار دەبێت و کوردستان جارێکیتر دەبێتەوە قوربانی دەستی داگیرکەری دڵ پڕ لە قین و جەلادی مرۆڤدۆستی.

لەم مەنزیلەدا شتێک وەشک لە هۆشەوە هەڵدەقوڵیت و وە دڵ و درونەوە دەنوسێت، ئەقڵ بۆ لای گومان وەردەچەرخێنیت، کڵوکۆی دڵەرەوکێ گەرم دەکات، کە ئەم دەورو دەمە رۆژی نەهامەتی نەیارانی کورد بێت و ئاقیبەتیان بەفەتارەتچوون بچێت.

👤
Live: 106 Today: 1,500 📊 Click Here