دەرگای داخراوی پەرلەمان و حکومەتی بەسەرچوو!
نەبەز نامیق مەجید
ئەو وڵاتەی دەرگای پەرلەمانەکەی داخراو بێت، دەرگای گۆڕانکاریش تێیدا داخراوە. ئەو حکومەتەی تەمەنە سیاسییەکەی بەسەرچووە و هێشتا بە ناوی “چارەسەر” دەژی، لە ڕاستیدا خۆی بووەتە ترین کێشەی هەرێم.
هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە دۆخێکی مەسخەراویدایە؛ پەرلەمان هەیە، بەڵام ناکرێتەوە. هەڵبژاردن هەیە، بەڵام ئەنجامی سیاسیی نییە. دەنگی خەڵک هەیە، بەڵام لە پشت دەرگا داخراوەکاندا ون دەبێت. ئەگەر پەرلەمان نوێنەری گەلە، بۆچی گەل ناتوانێت دەرگاکانی بکاتەوە؟
کێشەکە تەنها ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی نییە. کێشەکە ئەوەیە هەردووکیان پەرلەمانیان کردووەتە کارتێکی فشار بۆ دانوستان لەسەر پۆست، دەسەڵات، و بەرژەوەندییە تایبەتەکان. کاتێک ڕێکنەکەون، دامودەزگا دادەخرێت. کاتێک قازانجەکانیان لە مەترسیدا بێت، یاسا و پەرلەمان و حکومەت هەمووی دەبنە قوربانی. باشە ئەگەر دامەزراوەی حکومی بەو شێوەیە لەکاربخەیت، ئیتر جیاوازیی نێوان حوکمڕانی و قۆرخکاری چییە؟
ئەم حکومەتەی ئێستا، لە هەستی زۆرێک لە هاوڵاتییاندا، حکومەتێکی وەستاو و بەسەرچووە. نە توانای دروستکردنی چارەسەری هەیە، نە متمانەی نوێی هەیە، نە هیوایەکی سیاسی بۆ داهاتوو دروست دەکات. تەنها شتێک کە ماوە، درێژکردنەوەی تەمەنی قەیرانەکەیە. واتە لەبری ئەوەی حکومەت چارەسەری قەیران بێت، خۆی بووەتە فۆڕمێکی بەردەوامیی قەیران.
ئەوە سامناکە کە خەڵک هەست بکات هیچ شانسی گۆڕانکاری نییە. چونکە کاتێک هاوڵاتی بگاتە ئەو باوەڕەی دەنگی ناگۆڕێت، پەرلەمان ناکارکات، و حکومەتیش هەر هەمان چهرەی کۆنە، ئەوا دیموکراسی لە ناوەڕۆک چۆڵ دەبێت و تەنها ناوەکەی دەمێنێت. ئەی بۆچی خەڵک دەنگ بدات، ئەگەر دواتر هەموو شتێک بگەڕێتەوە بۆ هەمان بازاڕی دابەشکردنی دەسەڵات؟
لەم نێوەندەدا، زۆر جار ئەوەی ون دەبێت خودی مافی هاوڵاتییە. فەرمانبەر مووچەی نییە، گەنج کار نییە، مامۆستا ئاسۆی نییە، نەخۆشخانە و خزمەتگوزاری و پەروەردەش لە دۆخی خراپدایە. بەڵام لە سەرەوە، شەڕ لەسەر ئەوەیە کێ دەرگا بکاتەوە و کێ قفڵەکە لە گیرفانی خۆیدا بهێڵێتەوە. واتە ئەوان لەسەر کلیلی پەرلەمان ملمـلانێ دەکەن، لە کاتێکدا خەڵک لە دەرەوەی دەرگا بەسەر کلیلی گوزەراندا دەگەڕێن.
ئانتۆنیۆ گرامشی دەڵێت: “قەیران ئەو کاتە دروست دەبێت کە کۆنە دەمرێت، بەڵام نوێ ناتوانێت لەدایک ببێت.” هەرێمی کوردستان ڕێک لەو قۆناغەدایە. حکومەتێکی کۆن هێشتا خۆی بەسەر هەموو شتدا دەسەپێنێت، بەڵام هیچ شتێکی نوێ لە دڵی دامودەزگاکان لەدایک نابێت، چونکە دەرگاکان داخراون و ئیرادەی سیاسی بۆ گۆڕانکاری نییە.
ئەو ڕۆژە هیوای خەڵک بە ڕاستی تێکدەشکێت، کە پەرلەمان لە شوێنی نوێنەرایەتیکردنی گەل، ببێتە بارمتەی دوو حیزب. تا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی هەرێم وەک موڵکی نێوان خۆیان سەیر بکەن، نە دەرگای پەرلەمان بە مانای ڕاستی دەکرێتەوە، نە حکومەتێکی نوێ دروست دەبێت، نە گۆڕانکارییەک دێت. ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها کۆمیدیایەکی ڕەشە: دامودەزگایەکی هەیە، بەڵام ڕۆحی نییە؛ حکومەتێک هەیە، بەڵام تەمەنە سیاسییەکەی تەواو بووە.















Post Comment