مەرزی گیرفان؟  !

مەرزی گیرفان؟  !

جار بینراوە: (6.3K)

مارف خدر نوری

لە هەرێمی کوردستاندا، خەڵک لە نێوان قەیرانی مووچە و نەبوونی خزمەتگوزاریدا دەناڵێنێت، بەڵام لەودیو پەردەکانەوە، لەسەر مەرزەکان، بازرگانییەکی ڕەش و مافیایی ڕۆژانە بەڕێوە دەچێت کە قازانجەکەی بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و ڕاستەوخۆ دەڕژێتە گیرفانی حیزب و بەرپرسەکانیەوە. مەرزەکانی سنووری سلێمانی وەک باشماخ و پەروێزخان بوونەتە دەروازەی بۆ سیستمێکی ڕێکخراوی قاچاخچێتی و گەندەڵی کە لەژێر سایەی هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کار دەکات. ئەمە تەنها دەنگۆ نییە؛ بەڵکو توێژینەوەکان ئاشکرای دەکەن کە بەهۆی ئەم تاوانە “یەخەسپییانە” و کۆمپانیا قۆرخکارەکانی سەر بە حیزبەوە، مانگانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی گشتی بەفیڕۆ دەچێت و دەچێتە گیرفانی تایبەتەوە !

بافڵ تاڵەبانی، کە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ڕێگەی کودەتایەکی ناوخۆییەوە دەسەڵاتی حیزبی گرتە دەست، یەکێک لە بیانووەکانی ئەوە بوو کە گوایە دەیەوێت کۆتایی بە “قاچاخچێتی، سەرانەسەندن و بەکارهێنانی دامەزراوەکان بۆ قازانجی شەخسی” بهێنێت. بەڵام واقیعەکە پێچەوانەکەی سەلماندووە. لە جیاتی نەهێشتنی قاچاخچێتی، تەنها دەستەکان گۆڕاون و کۆنترۆڵی مەرزەکان کەوتووەتە ژێر دەستی هێزە چەکدارەکانی وەک “کۆماندۆ” و دژەتیرۆر، کە بوونەتە پاسەوانی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی. قوباد تاڵەبانییش پێشتر دانی بەوەدا نابوو کە تەنانەت وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش فشاری خستووەتە سەریان بۆ ڕاگرتنی ئەم کارە نایاساییانە ، بەڵام پرۆسەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە. کاتێک پەرلەمانتاران و چاودێران دەپرسن کوا ئەوانەی لەسەر قاچاخچێتییەکانی باشماخ دەستگیرکراون؟ وەڵامەکە هەمیشە بێدەنگییەکی کوشندەیە.

ئایا دەکرێت حیزبێک بانگەشەی خزمەتگوزاری و خەبات بکات، کەچی زەوییە ستراتیژییەکانی شارەکانی داگیر کردبێت، داهاتی مەرزەکان بخاتە خزمەتی کۆمپانیاکانی خۆیەوە، و ڕێگە نەدات داهاتەکان بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی تا مووچەی پێ بدرێت؟ ئەمە حوکمڕانی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی ناوچەیەکە بە سیستەمی مافیایی! تا ئەو کاتەی خەڵکی کوردستان ئەم ڕاستییە تاڵە قبوڵ بکەن کە مەرزەکان بوونەتە موڵکی تایبەتی چەند کەسێک و هێزە ئەمنییەکانیش تەنها پاسەوانی کۆمپانیا حیزبییەکانن، نابێت چاوەڕێی هیچ باشبوونێک لە بژێوی ژیان و کەرامەتی تاکدا بکەین. ماف بە پاڕانەوە وەرناگیرێت، بەڵکو دەبێت لە دەستی ئەو قۆرخکارانە دەربهێنرێت!

بابەتى تر

👤
Live: 82 Today: 1,301 📊 Click Here